سەلاحەدین دەمیرتاش داوای کرد چاوی بە ئۆجالان بکەوێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە نزیکەی شەش ساڵە لە زینداندایە، ئاماژەی بەوەکرد کە دەیەوێت، چاوی بە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە بکەوێت و هەوڵی چارەسەری کێشەکانی تورکیا لە رێگەی ئاشتیەوە بدات.

دەمیرتاش لە رێگەی پارێزەرانیەوە داواکاریەکەی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە و پێشنیازی کردووەتە کە چاوپێکەوتنەکەی ئەو و ئۆجالان لە رێگەی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بێت. دەمیرتاش لە داواکاریەکەدا دەڵێت، تورکیا لە دۆخێکی خراپی، هەژاری، ئابوری، ململانێدایە، سیاسەتی حکومەت لە ناوخۆ و دەرەوەدا، دۆخێکی خراپی شەڕی خولقاندووە. رای گشتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئەم کەشە ئاڵۆزە کۆتایی پێبهێندرێت.

وتیشی، " لە بەرژەوەندی تورکیادایە کە وەزارەتی دادی تورکیا، دەست لەم گۆشەگیریەی سەر ئۆجالان بێنێت. هەروەها نابێت، ئەو کەسانەی ئاشتی و دیموکراسیان دەوێت، سەیری دۆخەکە بکەن و لەبەرامبەر کوشتنی ڕۆڵەکانی تورکیا بێدەنگ بن." سەلاحەدین دەمیرتاش دەشلێت، هیوای وایە ئەم داواکاریەی قبوڵ بکرێت کە خزمەت بە ئاشتی و دیموکراسی دەکات. دوێنێ ٢٩ی تشرینی دووەم، نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە کۆمەڵێک پارێزەر پێکدێت و ئەرک و بەرپرسیاری کاروباری یاسایی و بەرگریکردنیان لە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەستۆدایە، وڵامی راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) دایەوە کە وتبووی، لە زیندانی ئیمڕالی چاویان بە ئۆجالان کەوتووە.

لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی یاسایی سەدەدا هابوو: "بەڕێز ئۆجالان و بەڕێزان عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم کە موەکیلی ئێمەن، لەنێو زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمڕالیدا لەدۆخێکی سەخت و گۆشەگیریدان و لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەین، بەڵام داواکاریەکانمان قبوڵ نەکراون."

نوسینگە یاساییەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە راگەیەندراوێکی کۆمیتەی رێگرێکردن لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) کرد کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە. سی پی تی رایگەیاندبوو کە ئەندامانی شاندێکیان چاویان بە ئۆجالان کەوتووە و لە دۆخی زیندانی ئیمڕالیان کۆڵیەوەتەوە. بەڵام نوسینگەی یاسایی سەدە ئەو راگەیەندراوەی بە درۆ خستەوە و وتی، " سی پی تی راستە سەردانی ئیمڕالی کردووە، بەڵام ئۆجالان ئامادە نەبووە، چاوی بە ئەندامانی شاندەکە بکەوێت و هیچ چاوپێکەوتن و دانوستانێک لەنێوان ئۆجالان و سی پی تیدا ئەنجام نەدراوە."

عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە کە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە نایروبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و بۆ تورکیا گەڕێندرایەوە ٢٣ ساڵە لە زیندانی ئیمڕالیدا بەندکراوە.٣ ساڵە پارێزەرانی ناتوانن مافی یاسایی خۆیان بۆ بینینی موەکیلەکەیان بەکاربهێنێت. دوایین چاوپێکەوتنی ئۆجالان و پارێزەرانی لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ ئەنجامدرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار