مۆندیال؛ هەموو جیهان یەكدەخات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وڵاتی قەتەر لەنێوان 20ی تشرینی دووەم تاوەكو 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، میوانداری لەجامی جیهانی دەكات و ٣٢ هەڵبژاردەی وڵاتان پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو جامە دەكەن كە هەر چوار ساڵ جارێك پاڵەوانێتییەكی جیهانی بۆ سازدەدرێت و تیپە گەورەكانی دنیا لەتۆپی پێدا ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەكەن.

ئەوەی وادەكات جامی جیهانی ئەمجارە جیاوازبێت ئەوەیە یەكەم مۆندیالە لەوڵاتێكی عەرەبی و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدەدرێت، هەروەها بەهۆی بەرزی پلەی گەرماشەوە پێچەوانەی خولەكانی پێشووتر كە لەهاویندا دەكرا، لەئێستادا لەوەرزی پایزدا ئەنجامدەدرێت، هاوكات دوایین خولیشە كە بەبەشداری ٣٢ تیپ ئەنجامدەدرێت، چونكە لەخولی ٢٠٢٦ ژمارەی تیپەكان دەبن بە ٤٨ تیپ، هەروەها بانكی ناوەندیی قەتەر بۆ یەكەمجار دراوی یادگاری بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر دروستكرد كە بەوتەی بەرپرسان بۆ سەدان ساڵ دەمێنێـتەوە.

وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تێچووی میواندارییكردنەكە لەلایەن قەتەرەوە نزیكەی ٢٢٠ ملیار دۆلاری تێچووە كەئەمەش ٦٠ هێندەی تێچووی ئەو پارەیە كە باشووری ئەفریقا لەجامی جیهانی ٢٠١٠ خەرجی كردووە.

كۆی پارەی خەڵاتی تیپە بەشداربووەكانیش دەگاتە ٤٤٠ ملیۆن دۆلار كە تیپی یەكەم ٤٢ ملیۆن و تیپی دووەم ٣٠ ملیۆن و تیپی سێیەم ٢٧ ملیۆن دۆلار وەردەگرن، تیپە بەشداربووەكانی تریش هەریەكەو بڕە پارەیەك وەردەگرێت.

وەنەبێت ئەم مۆندیالە بەبێ رەخنەش تێپەڕبووبێت، بەڵكو  وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەیان لەشێوازی مامەڵەی قەتەر لەگەڵ كرێكارانی كۆچبەر، هاوڕەگەزخوازان و ژنان و ئازادی خواردنەوەو پێشێلكردنی مافەكانی مرۆف لەلایەن ئەو وڵاتەوە گرت، بەرپرسانی قەتەریش لەوەڵامدا دەڵێن، وڵاتەكەیان لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی رۆژئاواوە كراوەتە ئامانجی نەژادپەرستی و دووڕوویی.

بەڵام ئەوەی گرنگە تاكە رووداوێك تەواوی میللەتانی دنیا پێكەوە كۆبكاتەوەو چێژی لێ ببینن مۆندیالە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار