زێلێنسکی: "لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی بەدیلگیراوی ئۆکراینا رزگار کراون"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند لە دەستپێکی جەنگی وڵاتەکەی لە ٢٤ی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی ئۆکراینی کە وەک دیل کەوتبوونە دەست رووسیا، ئازاد کراون.
زێلێنسکی شەوی رابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەووە و تیایدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا بەردەوامە.
دەربارەی رەوشی دیلەکانی، زێلێنسکی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆتا جار رۆژی یەکی کانوونی یەکەم واتە دوێنێ، لە رێی ئاڵوگۆڕی دیل لەگەڵ رووسیا، ٥٠ سەربازی ئۆکراینیان ئازاد کردووە و بەم شێوەیەش تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی ئۆکراینی لە دیلێتی رووسیا رزگار کراون، گوتیشی: "با هەموو دیلەکان بگەڕێنینەوە. تا ئۆکراینا ئازاد بێت و هەمووان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی نهێنی رووسیا لە دامەزراوە ئایینییەکانی ئۆکراینادا، کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ئەنجامداوە و رایگەیاند: "پێویستە هەموو دەزگاکانی بەرپرسیار لە دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی رێوشوێنەکانیان بۆ ئاشکراکردنی کردەوە تێکدەرانەکانی دەزگا تایبەتەکانی رووسیا لە ناوەندی ئایینی ئۆکراینادا و بەرپەرچدانەوەی ئەم کردانە بەهێزتر بکرێن. بەشێوەی تاکەکەس رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێن".