بایدن: "ئامادەم لەگەڵ پوتین گفتوگۆ بکەم ئەگەر بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بەشەڕی ئۆکراینا هەنگاو بنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند ئەگەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا هەنگاو بنێت، ئەوە ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات.

بایدن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.

هەردوو سەرۆک، ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە تەورە سەرەکییەکانی بەرنامەی کۆبوونەوەکەیان جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بووە و هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ژیرترین رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەوەیە کە پوتین سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و گوتی: "پوتین بە هەڵنەبژاردنی ئەم رێگایە باجی زۆر قورس دەدات. لە هەمان کاتدا رێگە بۆ وێرانکارییەکی زۆر گەورە لە ئۆکراینا دەکاتەوە".

جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە نیازێکی نییە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ پوتین و گوتی: "ئەگەر پوتین نیازی هەبێت بڕیارێک بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربکات، ئەوە ئامادەم قسەی لەگەڵ بکەم. بەڵام هێشتا بە ئاراستەی ئەو رێگایەدا نییە. ئەگەر شتێکی وا رووبدات ئەوە لەگەڵ فەڕەنسا و دۆستەکانم لە ناتۆ لە پەیوەندیدا دەبین و لەگەڵ پوتین دادەنیشین و دەبینم چی بە مێشکیدا تێدەپەڕێت".

- "داوا لە ئۆکراینا ناکەین سازش بکات"

لەلایەکی دیکەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی بڕیاری شەڕی ئۆکراینا لەدەست ئۆکراینا خۆیەتی و گوتی: "ئێمە هیچ کات داوا لە ئۆکراینا ناکەین کە سازش لەسەر ئەو شتانە بکات کە خۆیان قبوڵیان نییە".

ماکرۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاشتییەکی لەو شێوەیە هەرگیز بەردەوام نابێت، گوتی "ئێمە رێز لە بڕیارەکانی ئۆکراینییەکان دەگرین بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی دانوستان لەسەر خاکەکەیان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار