نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک تا 40 ساڵی دیکە دادەڕێژێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە شاری پونتا دێل ئێستێی ئۆرۆگوای بە بەشداریی نزیکەی 2000 شارەزا و چالاکڤانی ژینگە لە 160 وڵاتی جیاوازەوە کۆنفرانسی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهان بەڕێوەدەچێت.
ئیگنەر ئاندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە بەرهەمێکی نوێ دروستبکەین کە بتوانێت تەواوی کێشەی پلاستیکمان بۆ چارەسەر بکات و دڵنیاش بینەوە لەوەی هەموو وڵاتێک هاوئاهەنگە لەگەڵمان. کاری زۆر ماوە بیکەین. پێویستە هەموو ئەو بەرهەمە پلاستیکیانەی پێویست نین وەلایان بنێین."
یەکێک لەو مژارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، زیادکردنی گوژمەی ریسایکلکردنەوەی پلاستیک بوو کە ئێستا تەنیا 9%ی تەواوی پلاستیکی جیهان ریسایکل دەکرێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2060 ئەو رێژەیە بۆ 17% بەرزبکاتەوە. 40%ی ئەو پلاستیکەی بەرهەمدەهێندرێت پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراوە کە بە قەبارەی مایکرۆپلاستیک بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە.
زانایانیش کە توێژینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە، زانیاری شۆکهێنەر دەخەنەڕوو.
لوسی ووداڵ، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "توێژینەوەکەمان ئەوەی پیشاندا کە لە هەر جێگەیەک بە شوێن مایکرۆپلاستیکدا گەڕابین، دۆزیومانەتەوە. مایکرۆپلاستیکمان لە جەمسەری باکوور دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی ژیانی ئێمەوە دوورە. بەڕاستی ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ هەموومان کە دەبێت بەیەکەوە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاشماوەیە بکەین."
بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ساڵانە 460 ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێندرێت. ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت، لە 2060دا ئەو بڕە دەگاتە 1.2 ملیۆن تۆن، واتە سێ بەرامبەر دەبێت.
ساڵانە 44 ملیۆن تۆن پلاستیک بە قەبارەی مایکرۆ دەچێتە نێو زەوییەوە و 14 ملیۆن تۆن دەچێتە نێو دەریا و زەریاکانەوە؛ 22%ی تەواوی گازی زیانبەخشی جیهانیش بەهۆی سووتاندنی پلاستیکەوە دەچێتە بەرگەهەوا.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە 38 وڵاتی گەورە بەرهەمهێنی پلاستیک کردووە، تاوەکو 2060، 20%ی بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە کەمبکەنەوە، بەو جۆرەش پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بە رێژەی 33% لە جیهاندا کەمدەبێتەوە و تێکەڵبوونیشی لەگەڵ سرووشتدا لە سفر نزیکدەبێتەوە.