راوێژکاری ئەڵمانیا: ''پوتین رووسیای خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار''
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رەخنەی لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گرت کە وڵاتەکەی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار.
ئۆلاف شۆلتز لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ماریۆن دۆنهۆف بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی بە رێکخراوی "میمۆریاڵ" تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رووسیا پێشکەشی کرد گوتی: ''پوتین فەرمانی خراپترین تاوان دەدات دەرهەق بە ئۆکراینا. لە هەمان کاتدا وڵاتەکەی خۆی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار''.
راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا لە جەنگی دژبە ئۆکراینا بێئومێدانە رێگای بزرکردووە و رایگەیاند: ''مووشەکبارانکردنی خەڵکی مەدەنی بێ چەک، منداڵان، ژنان و کەسانی بەتەمەن تەنیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی هەڵدێرێکی نائەخلاقی کە ناچێتە عەقڵەوە''.
ئۆلاف شۆلتز بەپێویستی زانی ئۆکراینا جەنگەکە نەدۆڕێنێت و باسی لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی کیێڤ تا ئەو کاتەی رووسیا سەربازانی دەکشێنێتەوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز ئاماژەی بەوە کرد کە پچڕانی تەواوی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەڵەیەکی گەورە دەبێت، لەبەرئەوە سەرلەنوێ بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانی گفتوگۆ و گوتی: ''گرنگ نییە گفتوگۆکان چەندە درێژە بکێشن، هەر بەردەوامی پێ دەدەم''.