ڤیدیۆ.. تەقەکردنی ڕاستەوخۆی پۆلیسی سەر سنوری بولگاریا لە پەنابەرێک
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی ڕاپۆرتێکی سکای نیوز لەسەر ڕوداوەکە ساتی تەقەکردن لە پەنابەرێکی سوری بڵاوکردەوە کە دەیەوێت لە سنوری بولگاریا بپەڕێتەوەو بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەربازانی سەر سنور تەقەی لێدەکرێت و بریندار دەکرێت.
وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت ئەو پەنابەرە لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیدا لەسەر سنوری تورکیا و بولگاریان و دەیانەوێت بپەڕنەوە بەڵام لەلایەن پۆلیسی سەر سنور تەقە لەیەکێکیان دەکرێت .
لە ڕاپۆرتەکەی سکای نیوزدا هاتووە کە ناتوانرێت بە دڵنیای بوترێت تەقەکە لەلایەن پۆلیسی سنوری بولگاریا کراوە یان نا بەڵام بە پێی ئەو بڵگانەی بەردەستە، وتەی پەنابەرەکە تەقەکە لەلایەن پۆلیسێکی بولگاریاوە کراوە.
هاوکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە ڕۆژی دووشەممە بڵاو کرایەوە کە لە لایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی هۆڵەندی ڕاپۆرتەکانی لایت هاوس، لی مۆند تایمز، بێژەری گشتی ئەڵمانی ئاڕ دی بڵاوکرایەوە تیایدا هاتووە،پسپۆڕێکی بواری دادوەری دەڵێت شەپۆلە دەنگییەکانی ڤیدیۆکە ئەوە نیشان دەدات کە گولەکە ڕاستەوخۆ بەرەو پەناخوازەکان تەقێندراوەو لە ئاڕاستەی بولگاریاوە هاتووە.
ئەو گەنجەی کە تەقەی لێکرا ناوی عەبدوڵڵایە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوس وتی: "بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تەقەم لێکرا،ئامانج لێی کوشتنم بوو."
وتیشی "بە شێوەیەکی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ پەنابەران دەکرێت پارە و کەلوپەلەکانمان لێدەسێنرێت".
هەروەها ئەو گروپە گەنجانە باسیان لەوەشکرد ئەو ژنانەی لە گروپەکەدا بوون بەشێوەیەکی نەشیاو پشکنینیان بۆ کراوە.
لە وڵامدا پۆلیسی بولگاریا ژمارەیەک وێنەیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند کە ئەو پەنابەرانە گێرەشێوێن بوون و بە بەرد بەشێکی کەلوپەلەکانیان شکاندووە هەروەها ئەفسەرێکیان بریندار بووە،ئەوەشیان ڕەتکردەوە کە ئەو فیشەکەی بەر پەنابەرەکە کەوتووە لە لایەن ئەوانەوە تەقێندرابێت.
جێگەیباسە لەو ڕێگەیەوە تەنها لەمساڵدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس دەسگیرکراون کە ویستویانە لەو سنورە بپەڕنەوە.