سعوودیە و چین ٣٤ گرێبەستی وەبەرهێنانیان واژوو کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
٣٤ گرێبەستی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان لەنێوان کۆمپانیاکانی سعوودیە و چیندا، واژوو کران.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، ئەو گرێبەستانەی کە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکی چین، شی جین پینگ بۆ سعوودیە رێککەوتنیان لەسەر کرا، بە ئامادەبوونی وەزیری وەبەرهێنانی سعوودیە، خالد بن عەبدولعەزیز ئەل فالح، سکرتێرەکان و نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا واژوویان لەسەر کراوە.
ئاماژە بەوە دراوە کە گرێبەستەکان بوارە جیاوازەکانی وەک وزەی سەوز، هایدرۆجینی سەوز، وزەی خۆر، زانیاری تەکنەلۆجیا، خزمەتگوزارییەکانی گەور، گواستنەوە و گەیاندن، لۆجیستیک، پیشەسازی تەندروستی، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە لەخۆ دەگرن.
خالد بن عەبدولعەزیز ئەل فالح ئاماژەی بەوە دا کە واژووکردنی ئەو گرێبەستانە دەرخەری ویستی هەردوو وڵاتە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارێکدا و گوتی: "سەردانی سەرۆکی چین بۆ سعوودیە دەرخەری بەرەوپێشترچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە هەموو بوارێکدا".