ئاستەنگ و ئالنگارییەكانی بەردەم كابینەكەی سوودانی

2 ساڵ لەمەوپێش



محەمەد عەلی

بە خوێندنەوەی پێشهاتە نوێیەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە گێمی یەكەمی یارییەكە بە سەركەوتنی ئێران و هێزە نزیكەكانی لە عێراق كۆتایی هاتووە، بەڵام یارییەكە لێرەوە كۆتایی نەهاتووە، چونكە سەدر وەك ڕاهێنەرێكی دۆڕاو، هێشتا بێدەنگە و هەنگاوەكانی داهاتووی پێشبینینەكراون.

 

ئەوەی پێویستە لەسەر سوودانی و سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەیە كە ئامادەكاری بكەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە ئەمەش پێویستی بە كاركردنی جیددی هەیە لەسەر دوو ئاست، یەكەمیان شەقامی شیعە و ئەوی تریان ڕازیكردنی كورد و سوننەیە، كەوابێ ئەگەر سەرۆكوەزیران (محەمەد شیاع سوودانی) نیەتی بەردەوامیی هەبێت، ئەوا دەبێت داواكارییەكانی كورد لە پرسی ناوچە كوردستانییەكان و مەلەفی نەوت و غاز چارەسەر بكات، ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە داواكاریی سوننەكانیش، دەبێ پرسی كشانەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی لەنێو شارەكانیان و هەمواركردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتی لە ماوەی داهاتوودا بەدیبێنێت، خۆ ئەگەر هەمان ڕێچكەی سەرۆكوەزیرانەكانی پێش خۆی بگرێت، ئەوا عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم لە شەڕی مەزهەبی و، ناكۆكییەكانی كورد و حكومەتی عێراقیش بەرەو گرژیی زیاتر دەڕۆن، ئیدی ئەمجارە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە تایبەتی حیزبی دەعوە، میسداقیەتی خۆیان لە نێو جەماوەری شیعەدا لە دەست دەدەن و لەلایەكی ترەوە كورد و سوننەش جارێكی تر مامەڵەیان لەگەڵ ناكەن، كە لە ماوەی ڕابردوودا لە ژێر سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) جۆرێك لە یەكدەنگی لە نێوان سوننە و كورددا هەبوو، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جێبەجێكردنی داواكاریی هەردوو لایەن هەبوو.

 

ئەوەی دەبێت سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان چەندین جار بیری لێبكەنەوە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك بهاوێژن لە داهاتوودا، ڕازیكردنی سەدر و لە بەرامبەردا پێشبینیكردنی كاردانەوەكانییەتی، كە هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن، حكومەتەكەی سوودانی ئەگەر هەمان چارەنووسی كابینەكەی (عادل عەبدولمەهدی) هەبێ و، ئەگەر نەتوانن بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا بكەن، كە لە ڕێگەی جوڵاندنی شەقامەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ كێشە بۆ حكومەت دروست بكات و هاوكات  كۆتایی پێ بهێنێت، بە دڵنیاییشەوە سەدر لەلایەن خۆیەوە بە وردی چاودێریی هەنگاوەكانی ئەم حكومەتە دەكات و دەیەوێت كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی وەك دەستكەوتێك سوودی لێوەربگرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەر خەمساردییەكیش بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنەكان، وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی ناسەقامگیری و دەرگا واڵا دەكات بۆ دووبارە گەڕانەوەی عێراق بۆ ململانێی مەزهەبی و سیاسیی قوڵی نێوان هێزە سیاسییەكان، كە هەر لە ئێستاوە سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا  ئاماژە بۆ نییەتی كوتلەكەیان دەكەن، كە ئەم كابینەیە بۆ تەواوی خولی ئەم جارەی پەرلەمان بەردەوام دەبێت.

 

ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا ئێرانیش زۆر سەرقاڵە بە كێشەكانی ناوخۆیەوە، كە دەكرێ وەك هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی ناوخۆیی، زیاتر هەوڵ بدات كێشەكانی عێراق قوڵتر بكاتەوە و چاوەكان بۆ شەڕەكەی عێراق بگوازێتەوە، بە تایبەتی شەڕی شیعە و شیعە، كە وەك كارتێك مامەڵەی پێوە بكات لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا، بێدەنگیی سەدریش دەكرێت بۆ نەگەیشتنی ئێران بێت بەم ئامانجە، بە هۆكاری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەدر چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە كە هەندێك هێز دەیانەوێت پەلكێشی بكەن بۆ شەڕ، بە تایبەتی لە خۆپیشاندانەكانی بەردەم پەرلەمان و هێرشەكانی بۆ سەر گروپەكانی (سەرایا سەلام) لە بەسرە، كە كشانەوە بوو لە پەرلەمان و داخستنی بارەگای هێزە چەكدارەكانی بوو لە بەسرە، مووشەكبارانی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن ئێرانەوە، دەكرێ بە هۆشدارییەك هەژمار بكرێت بۆ وڵاتانی هەرێمی و رۆژئاوا كە لە هەر كاتێكدا بیەوێت دەتوانێت رەوشی عێراق ناسەقامگیر بكات، بۆیە پاراستنی سەروەریی عێراق و دەرچوون لە خزمەتكردن بە ئەجێندای وڵاتانی هەرێمی، گەرەنتیی مانەوەی ئەم كابینەیە دەكات.

 

كێشەی هەرە سەرەكی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر لە ماوەی ڕابردوودا، پرسی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بوو لە نێوان زۆرینە یاخود حكومەتی پشكپشكێنە كە بە دڵنیاییەوە بنەمای سەرەكیی پێكهێنانی كابینەكەی سوودانی، پشكپشكێنەی حیزبییە كە لە ماوەی نزیكەی 20 ساڵ لە حكومڕانی لە عێراقدا سەركەوتوو نەبووە، هۆكاری سەرەكیش بۆ فرەیی ناوەندی بڕیار لەم جۆرە حكومەتانەدا دەگەڕێتەوە كە دەبێتە فاكتەری گەشە و زۆربوونی گەندەڵی و حكومڕانیی میلیشیا جیاوازەكان، بۆیە پێویستە لەسەر سەرۆكوەزیران میلیشیاكان لە شارەكان پاشەكشە پێ بكات و لە هەمان كاتدا لە ڕۆڵی پۆلیسی ناوخۆیی زیاد بكات، لە دەروازەكانیش ڕۆڵی حكومەت زیاد بكات و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بەرز بكاتەوە، هەروەها بودجەی پێشبینیكراوی ساڵی 2023 بۆ خزمەتی خەڵك بەكاربهێنێت و ئاستی گەندەڵی لە دامودەزگا حكومییەكان كەم بكاتەوە، ئەمە جگە لە كۆكردنەوەی ناوەندی بڕیار لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و دووركەوتنەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەستێوەردان لە بڕیارەكانی حكوومەت.

 

ئەمەش لە كاتێكدایە، پارسەنگیی هێز لە عێراق تەواو گۆڕاوە بە هۆكاری بەهێزبوونی توركیا و وڵاتانی سوننەمەزهەب لەلایەك و لاوازبوونی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو، كە بێگومان ئەمەش وای كردووە ئێران پێگەكەی لاواز بێت لە بەرامبەر بەهێزبوونی ڕكابەرەكانی لە عێراقدا، بە شێوەیەك كۆماری ئیسلامیی ئێران وەكو جاران ناتوانێت یارمەتیدەری هێزە نزیكەكانی بێت لە عێراقدا، ئەمەش پێگەی ئەم هێزانەی تەواو لاواز كردووە، بە جۆرێك هێزە شیعە نزیكەكانی كە پێشتر حاكمی ڕەهای عێراق بوون، ئەمجارە دوای ساڵێك لە هەڵبژاردن و پاش كشانەوەی ڕەوتی سەدر و بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك داواكاریی كورد و سوننە، كە پێشتر ئەو داواكارییانەیان بە خەیاڵ هەژمار دەكرد، ئینجا توانییان كابینەكەی سوودانی تێپەڕێنن، ئەمە جگە لەوەی ئەم حكومەتە هەمان ڕەوشی (گیسكەكەی هەیاس)ی هەیە، كە ئەگەر هەر كەمێك لە هێڵەكە لابدات، سەدر وەك گورگەكە دێتە گیانی و دەیهێنێتەوە باری پێشووی خۆی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار