ناکۆکیە بنەڕەتیەکانی خەڵک و دەسەڵات چیە؟
2 ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
لە مێژودا دوو جۆردەسەڵات و بەڕێوبردن هەیە. یەکێکیان دیموکراسی کە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵک دەکات، زۆر لە داوا و وویستەکانیانی جیەجێکردوە. دووەمیشیان دیکتاتۆروستەمکار کە لە زۆربەدا دژ بە داوا و ئارەزوی خەڵکە و تەنها نوێنەرایەتی توێژێک دەکات و کۆمەڵێک بۆ خۆیان بەکاری دەهێنن و زۆربەی گەلی ئەو شوێنەیان لا گرنگ نیە ،کە وڵات تاڵان و کاول دەکەن وسەرئەنجام خۆشیان خاپور دەبن. ئەوانە جگە لە دەسەڵاتی داگیرکەر کە هەموو یان بەشێکی ئەو وڵاتەی بە زەبر گرتوە و مامەلەی داگیرکەرانە لە گەڵ خەڵکدا دەکات.
لە عیراق وهەرێمی کوردستان داواو ناکۆکی خەڵک لە گەڵ دەسەڵات چیە؟ جێەجێ کردن و لابەلاکردنیان قورسن، گەر دەسەڵات بیەوێت وئارەزوی چارەسەرکردنیانی هەبێت؟
گەر لوتکەی لایەنەکانی دەسەڵات بیانەوێت، ئەوە زۆر ئاسانە و لە پێش هەموشەوە لە بەرژەوەندی خۆیانە. دەتوانن نارەزایی ورقی خەڵک و ترس لە تەقینەوەی فشاری کەڵەکەبووبگۆڕن بۆ نزدیکبوونەوەو رازیبوونی زۆربە ، هیچ وڵاتێکیش نیە بەشێکی نارازی نەبن ، بەڵام ئەو کات نارەزایی دەبێتە کەمینە.
لەو باوەڕەم (بە قسە،گفتوگۆ نوسین و دەربڕین، دواندنی خۆم بۆ خەڵك، هەڵوێست نواندن،تەنانەت لێدوانی بەشێکی زۆرلە بەرپرس و لوتکەی خودی لایەنەکان) رێژەی ٨٠ – ٨٥٪ی خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر نارازین لە لایەنەکان و دەسەڵات و ئیداو کاریان . تا گەیشتوەتە ئەوەی تەنانەت بەشێک لە نائومێدیدا ئاوات بە کاتی بەعس یان هاتنەوەی دەسەڵاتی بەغدا یاخود تەنانەت دوو ئیدارەیی بخوازن. بەشێکیش لە دەسەڵات نارەزایەکان دەگێڕێتەوە بۆ دەستی دەرەکی یان تەخوین کردنی ئەوانە( کە ئەمە لاوازترین و خرابترین کاردانەوەیە کە زیاتر دیکتاتۆرەکان بەکاری دەهێنن، لە بەری نەهێلانی هۆکانی). تەنانەت ئەوانەی وا پیشان دەدەن کە رازین یان داکۆکی دەکەن بە رەواڵەتی ، نە لە گەل خەڵک، نە لە گەڵ دەسەڵات راستگۆ نین و زۆر دوڕوو، هەلپەرستن و لە مەجلیسی تایبەتیەکانیان بە پێچەوانەوە قسە دەکەن. دژی دەسەڵاتیشن، بەوەی درۆیان لە گەڵ دەکەن و راستیەکانیان لێ دەشارنەوە وتەنها بە دڵێ ئەوان قسە دەکەن لە ترس یان بۆ مەرام و بەرژەوەندی کاتی خۆیان و لە کەمترین دەرفەتدا لە هەموو کەس خرابتر هەڵدەگەڕینەوە .
دەوڵەمەندە نامەشروعەکان گیرفان، قاسەو گەنجینەکانیان پڕ بوە، دەیان ڤیلاو شوێنی خۆشگوزەرانی و پرۆژەیان لە ناو دەرەوەش هەیە . هەموو خەڵکیش ئەوە دەزانێت ولای ڕوونە، لە ١٩٩١ و تەنانەت تا کاتی روخانی بەعسیش ، لایەن و کەسایەتیەکان و زۆربەی سەرمایەدارە هەڵتۆبزاوەکانیش هیچیان لە بەر دەست نەبوو، لە کوێیان هێنا؟ ئەو هەموو ئیمکانیاتە بۆ کوێ رۆیشت و وەک هەڵم دیار نەما؟ با ئیتر تێربن و بەس بێت و ئیمکانیاتی وڵات بۆ خەڵک و خزمەتگوزاری خەرج بکرێت.ئەگینا کە هەمووی بە سەریەکدا داڕۆخا ، ئیتر چارە نامێنێت و تەڕ و ووشک پێکەوە دەسوتێت.
دیموکراسی زیانەخش نیە، گەر زۆری داواکانی خەڵک جێەجی بکرێت وئیدای حوکمڕانی دروست بێت. ئازادی بیرورا و تەنانەت پڕوپاگەندەو جنیویش زیان لە حوکمڕانی نادات و کاری تێناکات لە بەر ئەوەی زۆرینە ئەو کاتە گوێ لێناگرێت.
داوای خەڵک زۆر سادەیە، ئیمکانیاتیش هەیە و بە ئاسانی توانای جێەجێکردنی هەیە، گەر ئیتر واز لە تاڵانی و بەفیڕۆدان بهێندرێت و ئەقڵی دروستی بەڕیوەردن هەبێت : دامەزراندن و مووچە ( گەر دەیان پرۆژەی دابینکردنی پێداویستی کشتوکاڵی ، بە پیشەسازیکردنی خۆراکی ، کەرەسەی بیناسازی و سەکتەرەکانی تر بە سەرمایەی حکومی یان هاوبەش دامەزرێت ، کێشەی دامەزراندن زۆر کەم دەبێتەوە، بازار دەجولێت و پشت بە خۆ دەبەسترێت)، مافەکانی فەرمانەرانیش لە کاتی خۆی بدرێت، ئیتر نارەزایی نامێنێت. دامەزراندی ئەو هەموو زانکۆیە ،بێ بوونی پێداویستی و مەودای دامەزراندن، زۆر بێ مانایە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر لە خوێنکارەکان فێری کار دەبن ، بەڵام مەودای ئەوەیان بۆ فراوانە. خوێنکارانی کەمدەرامەت داوای دەرماڵەیەکی کەم دەکەن، کە ئەوە زۆر ڕەوا و ئاسانە، بەوەش نارەزایی بەرفراوانترین، رێکخرواترین و چالاکترین توێژ نامێنێت، کە ئەوانە داهاتووی هەموو سەکتەرەکانی وڵاتن، گەر بیریان بمێنێت و نەگۆڕین. با وزارەتی کارەبا خۆی چەندین ویزگەی وەبەرهێنانی کارەبا دامەزرێنێت بە هاوکاری لایەنە شارەزا جیهانیەکان، کە ئەو پەڕی ٣٠٠ – ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کێشەی کارەبا ناهێلێت. بۆ سەرمایەدارێک داینێت ، ئەوەش زۆری بە ئیمکانیاتی حکومەت، بۆچ حکومەت خۆی نەتوانێت داینێت؟ دروستکردنی بەنداو، بەربەست و چاڵاو کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات. با فەرمابگەی رێگاوان پێداویستیان بۆ دابین بکرێت و ئەوان رێگاکان دروست بکەن ، بۆ تونێلیش ئامیری تایبەت و شارەزا بهێنن. هێزی ئەمنی وسەربازیش یەکبخرێت خەرجی کەم دەبێت و کاریگەری زیاتر دەبێت. بۆ سەکتەرەکانی تریش هەر وا. ئەوە باشە کە جێگیری سیاسی هەبێت و خەڵکیش رازی بێت و لایەنەکان لە سەر خزمەتکردنی زیاتر پێشڕکی بکەن، یان هەمیشە دەسەڵات لە خەڵک بترسێت و ئیمکانیاتی زۆریش بۆ پاراستنی خۆ لە خەڵک خەرج بکات و هەمیشە لە دڵە راوکێدا بژیت؟لەم کاتە ناسکەی کە هەرێم دەیان مەترسی و فشاری دەرەوەی لە سەرە. گەر بزانرێت بە راستی نیەت هەیە و ئامادەی ئەوەن، دەیانی وەک من ئامادەن بە شارەزایی خۆیان هاوکاری بکەن،لە بەر ئەوەی قەبارەی مەترسی و گەمارۆکانی سەر هەرێممان لا روونە. بەڵام ئایا ناوەندەکانی بڕیاری دەسەڵات ئەوە دەبینین و گوێبیستی خەڵک دەبن؟