فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان: لە ساڵی 2022دا 67 رۆژنامەنوس و کارمەندی میدیا لە جیهاندا کوژراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەنوس کوژراون.
رۆژی هەینی 9ـی کانوونی یەکەمی 2022،فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەنوس کوژراون،بەوەش ، کوژرانی رۆژنامەنوسان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40٪ زیادیکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئۆکراینا "مەترسیدارترین" وڵات بووە بۆ رۆژنامەنوسان، بەجۆرێک 12 رۆژنامەوان تێیدا کوژراون. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد.
بنکەی سەرەکی فێدراسیۆنەکە، لە برۆکسلی بەلجیکایە و نوێنەرایەتیی 600 هەزار رۆژنامەوان لە سەندیکا و دامەزراوەکانی 140 وڵات دەکات ڕاشیگەیاند، ئێستا 375 رۆژنامەنوس لە جیهاندا بەهۆی کارەکەیانەوە لە زینداندان و بەرزترین ژمارە لە تورکیا، چین و میانمارن. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو 365 رۆژنامەنوس لە زینداندا بوون.