حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەی دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە ئەڵمانیاوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند ، وەرگرتنی پەنابەری زیاتر و کارئاسانی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازان،دەتوانێت وڵاتەکەی لە قەیرانی کەمیی دەستی کار دەرباز بکات.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندیی سیتیزن لە شاری پۆستدام رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە کرێکار و دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە وڵاتەکە "تاوەکو بتوانن ئابووریی وڵاتەکە بە سەقامگیری بهێڵنەوە."
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زیاتری کۆچبەران، ئەوەش بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی وڵاتەکە و راکێشانی زیاتری کرێکاری بیانی بەتواناتر؛ هەروەها لابردنی هەندێک لەو گوشارانەی کە لەسەر سیستمی خانەنشینانی ئەڵمانیا هەیە کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵگەیەکی بەتەمەن ناسراوە.
هاوکات مانگی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا هەمواری لە یاسای وەرگرتنی پەناخوازان کرد، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی ئەڵمانیا و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ نێو ئەو وڵاتە.