گاردیان: چوار بەرپرسی باڵای یەکێتی ئەوروپا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە قەتەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدەکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە پێی هەواڵێکی گاردیان داواکاری گشتی بەلجیکی لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکات کە گوایە قەتەر هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بکات بە بەرتیلدان بە بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوروپا، چوار کەسی تۆمەتبار کردووە بە پارە شوشتن و گەندەڵی .
٩/١٢/٢٠٢٢ ئەم مانگە، پۆلیسی برۆکسل دەستی بە لێکۆڵینەوەی دۆسیەیەکی گوماناوی گەندەڵی لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا کرد. پۆلیس 16 جێگەی جیاوازی لەو شارە پشکنی و 600 هەزار یۆرۆ دۆزرایەوە، گوایە قەتەر پێشکێشی ٤ بەرپرس و ئەندامی پەرلەمانی کردووە کە یەکێکیان ئێڤا کایڵییە.
هەرچەندە نوسینگەی داواکاری گشتی ناوی ئەو چوار کەسەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام سەرچاوەیەکی دادوەری بە ئاگینس فرانس پرێسی ڕاگەیاند ئیڤا کایلی کە وەک یەکێک لە 14 جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاردەکات یەکێکە لەو کەسانەی لیکۆڵینەوەی لەگەڵدەکرێت.
بە گوتەی پۆلیس، قەتەر ویستوویەتی لەو رێگەیەوە دەست بخاتە نێو کاروبار و بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بن؛ هەروەها هەوڵیداوە ئەو رەخنانە دابپۆشێت کە باس لە پێشێلکاریی قەتەر بەرامبەر مافی کرێکارە بیانییەکان دەکات.
ئەمەشدوای ئەوەدێت، ژمارەیەک سەرچاوە بڵاویانکردۆتەوە کە ئەو کرێکارانەی لە ئامادەکارییەکانی جامی جیهانیی قەتەردا مردوون شەش هەزار و 500 کرێکارن، بەڵام قەتەر دەڵێت، ژمارەکە زۆرە و ئەو کەسانەی مردوون لەنێوان 400 بۆ 500 کرێکاردا بوون.
هاوکات کاترین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "دادگە کاری خۆی دەکات. لێکۆڵینەوە کردن هەمیشە کارێکی باشە بۆئەوەی شتەکان روون بکرێنەوە."