ئایا دەکرێت لەڕێگەی گۆڕینی وردە زیندەوەرەکانی ناو رێخۆڵەوە، تواناکانی مێشک بەهێزتربکەین؟
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەشی مرڤ تەنها لەخانەکانی پێکنەهاتووە، بەڵکوو لە مایکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەشی پێکهاتووە بەجۆرێک نزیکەی ٢کگم کێشی لەش پێکدەهێنن لەشی مرڤ لە بلیۆنان خانە پێکهاتووە، لەگەل ئەوەشدا تاکە پێکهێنەری لەشی مرۆڤ نین بەڵکوو چەندان وردە زیندەوەری جیاواز کە لەناو و لەسەر ڕووی لەش دەژین کە بەشێکی زۆریان لەڕیخۆڵەکاندا دەژین نزیکەی ٢کگم لە کێشی لەش پێک دەهێنن وبەشدارن لە تەندرووستی مرۆڤدا.
بەپێی توێژینەوەکان وبەڵگە زانستیەکان لەسەر کاریگەری ئەو وردە زیندەوارانە دەرکەوتووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بە هەوکردنەکانی پەیوەست بە ڕیخۆڵە، سیستەمی بەرگری، توانای هەرسکردن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە نوێترین تویژینەوەکاندا باس لە کاریگەری ئەو وردە زیندەوەرانەی ناو ڕیخۆڵەکان دەکرێت لەسەر توانای مەعریفی و مێشک، زانین و توانای مێشک بۆ مامەمەڵەکردن لەگەڵ سترێس و خەمۆکی.
جۆن کرایان پڕۆفیسۆر لە زانستی ئەناتۆمی ودەمار لە زانکۆی کۆلێژی کۆرک کە پسپۆڕە لە پەیوەندی نێوان مێشک و ڕیخۆڵە، لەیەکێک لە تاقیکردنەوەکانیدا دەریخست کە لەسەر مشک ئەنجامی دابوو ئەو مشکانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەمۆکی و سترێسدان ڕێژەی وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لەمەشەوە هانی دا کەبەدواداچوونی زیاتر بۆ پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە ومێشک بکات.
کرایان لەبارەی گرنگی وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەوە باس لەوە دەکات کە ئەگەر خۆراکێکی تەندرووست بخۆیت ئەوا ڕێژەیەکی تەواو وتەندرووست لە وردەزیندەوەرەکانی ناو ڕیخۆڵەت دەبێت وبەتەندرووستی دەمێننەوە، هەربەوهۆیەوەش کە وردە زیندەوەرە سودبەخشەکان کاریگەریان لەسەر تەندرووستی مێشک هەیە ئەوا یارمەتی گەشەی ئاسایی مێشک دەدات وبەپێچەوانەوە کێشە لە وردە زیندەوەرەکانتدا دەبێتە هۆی کێشە لە ڕەفتار و زانین وسیستەمی بەرگریشدا.
هەر لەمبارەیەوە لە توێژینەوەیەکی ژاپۆنیدا کە لەسەر کاریگەری وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە لەسەر توانای زیرەکی مرۆڤ و مێشک ئەنجام درا، ئەوەی پشت ڕاست دەکردەوە کە ئەو مشکانەی بەبێ بوونی وردە زیندەوەرەکان گەورەدەبن وەڵامدانەوەیان زیدەڕەوی تێدابووە بۆ فشار و سترێس بەبەراورد بەومشکانەی کە ڕێژەی تەواو لە وردە زیندەوەرەکانیان هەبووە.
توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکە تەندرووستەکانیش ئەنجام دا وبەکتریای ناسراو بە " لاکتۆبەسیڵەس" بۆ ڕیخۆڵەی مشکە تەندرووستەکان دانا، بەمەش دەرکەوت کە ڕادەی سترێس و دڵيراوکێ تێیاندا کەمتر بووەتەوە. توێژەر وپسپۆڕانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن ڕەنگە بکرێت لەڕێگەی باشترکردنی خۆراکەکانمەوە وردەزیندەوەرەکان تەندرووست بهێڵینەوە وایان لێبکەین تواناکانی مێشکمان باشتر بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کەهیشتا زووە بۆباسکردن لەوەی کە هەوڵ بدرێت لەڕێگەی گۆڕانکاریکردن وزیادکردنی وردەزنیدەوەرەکانی ڕێخۆڵە توانای زیرەکی مرۆڤ بەرزبکرێتەوە، بەڵام تاقیکردنەکان بەردەوامن وبەڵگەکانیش بەهێزن وبوارەکەش زۆربەخێرایی پەرەدەسەنێت.