ئاشکرابوونی گەندەڵیەک پەرلەمانی ئەوروپا دەخاتە ژێر پرسیارەوەو پەرلەمانتارێک بەدەرکردن دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای دەستگیركردنی چوار کەس لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە بەتۆمەتی پارە سپیکردنەوە کە لەنێویاندا ئیڤا کایلی" جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا" هەبوو، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورپا هۆشداریدا کە دیموکراسی ئەوروپا لەژێر هەڕەشەدایە، هاوکات داوای دروستکردنی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکانداڵە کرد، هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ئەندامێتی ئەو پەرلەمانتارەی هەڵوەشاندەوەو لەپەرلەمان دەریکرد.

پۆلیسی بەلجیکا لە برۆکسل ڕۆژی هەینی دەستی بەسەر ٦۰۰،۰۰۰ هەزار یۆرۆی کاش گرت لەئەنجامی ١٦ بەدواداچوونی جیاوازدا، هەروەها بەوهۆیەوە چوار کەسیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی تێوەگلان کە لەنێویاندا ئیڤا کایلیش هەبوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارەکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگیری و کاریگەری نوێنەری ئەو وڵاتە دراوە بەئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا.

ئیڤا کایلی بۆماوەی ٨ ساڵە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، بەهۆی تۆمەتی تێوەگلانی لە سکانداڵاکە لە ئەرکەکانی وەک یەکێک لە ۱٦ جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دورخرایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە گروپی سۆسیالیست و لەپارتی پاسۆکیچەپی ناوەڕاستی یۆنان و دیموکراتەکانی پەرلەمان دورخرایەوە، هەرەها سەرجەم سەروەت و سامانەکەیان سڕکرد.

بەپێی زانیاریەکانی داواکاری گشتی سەرەڕای سڕکردنی سەروەت و سامانی ئیڤا کایلی، لەڕۆژی هەینیەوە بۆ ڕێگریکردن لە ونبوونی هەر بەڵگەیەکی پەیوەست بە گەندەڵیەکە سەرجەم ئایتی و ئەکاونتەکانی ۱۰ ئەندامی فەرمانبەری ئەورپایان سڕکردووە.

لە کاردانەوەی ئاشکرابوونی سکانداڵەکە، چاودێران و پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە بەرتیلدان بە پەرلەمانی ئەوروپا دەبێتە یەکێک لەگەورەترین سکانداڵەکانی مێژووی پەرلەمان؛ بەشێکیش لەپەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن کە توشی شۆک بوون لەو بەرتیل و سکانداڵە ئاشکرایە.

هەر پەیوەست بە کاردانەوەکانی سکانداڵەکە، ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گاڵتەی بە یەکێتی ئەوروپا کرد هەرچەندە وڵاتی هەنگاریاش ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە؛ بەڵام چەندین جار توشی ناکۆکی بووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار