وڵاتانی G7 بەڵێنی پشتیوانیکردنی ئۆکراینایان نوێ کردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وڵاتانی G7 کە لە هەر یەک لە ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دڵنیایییان دا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا.

لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی سەرکردەی وڵاتانی G7دا پەسەند کرا کە ئەڵمانیا سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی دەکات، هاتووە؛ ''جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لە پشتیوانی نەبڕاوەمان بۆ ئۆکراینا و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کیێڤ لە بەرامبەر شەڕی بەردەوامی رووسیا دەردەبڕین''.

لە بەیاننامەکەدا سەرکۆنەی هێرشە 'نامرۆڤانە و بێ بەزەییەکانی' رووسیا کراوە بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکراینا و باس لەوە کراوە کە کردەی دژبە مەدەنی تاوانی جەنگە.

لە بەیاننامەکەدا، هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی ئامانجیان ئەوەیە لە کۆتاییدا تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانە گرنگانە بدەن کە بەهۆی هێرشی بێ بەزەیی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون و هاتووە؛ ''نابێت تاوانەکانی جەنگ و ستەمەکانی دیکە بێ سزا بمێننەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان (سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر) پوتین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە بە بەرپرسیار دەزانین. لێدوانە نابەرپرسیارەکانی رووسیا لەبارەی ئەتۆم جێگەی قبوڵ نییە و جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی، بایۆلۆجی یان ئەتۆمی دەرەنجامی جیددی دەبێت''.

هاوکات وڵاتانی G7 داوایان لە رووسیا کرد، دەستبەجێ جەنگی سەر ئۆکراینا رابگرێت و بەتەواوی و بەبێ مەرج لە خاکی ئەو وڵاتە بکشێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وڵاتەکان خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە لەبارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێلە لە دەریای رەش.

وڵاتانی G7 ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە یانەیەکی ئاووهەوایان پێکهێناوە و ئامانجی سەرەکی لەو کارەش سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتەیەکی پیشەسازییە کە دۆستی ژینگە بێت.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە رێکخراوی هاریکاری ئابووریی و گەشەپێدان (OECD) کراوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) میوانداری سکرتاریەتی کاتی یانەی ئاووهەوا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار