بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی بەریتانیا نقوومبوو

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دونگنێسی بەریتانیا ژێر ئاو کەوت و جگە لە رزگارکردنی 43 کۆچبەر، تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەشیان بێسەروشوێنن. گوتیشی، هێشتا ناسنامەی کۆچبەرەکان نەزانراوە.

بەگوتەی ئاری جەلال، بەلەمەکە، بەلەمێکی ماسیگرتن بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە و، لە ئاوەکانی بەریتانیا نقوومبووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 43 سەرنشینی بەلەمەکە رزگارکراون و تەرمی سێ کۆچبەریش دۆزراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێنن.

ئاری جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەڵمەتی گەورەی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی دیکە لە ئاوەکانی نێوان کێنت و فەرەنسا دەستیپێکردووە. 

هاوکات، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کۆچبەر دوای نوقمبوونی بەلەمێکی بچووک لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە  گیانیان لەدەستدا.

هەروەها، بە گوێره‌ی راپۆرتەکان، بەلەمەکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری کێنت ژێرئاو کەوتووە.

حکومەتی بەریتانیا ڕاشیگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، ‌هێزەکانی دەریایی و پۆلیس و پاسەوانانی سنووری بەریتانیا و فەرەنسا، توانیان 43 کۆچبەر رزگاربکەن. 

جێگەیباسە، بۆ رێگری لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە، بڕیارە ساڵی داهاتوو ریشی سوناك سەرۆکوەزیرانی به‌ریتانیا،  یاسایەک ده‌ردبكات، به‌ گوێره‌ی یاساكه‌ هەر كۆچبه‌رێك بەشێوەیەکی نایاسایی بچێته‌ بەریتانیا، یان دەستبەجێ ره‌وانه‌ی وڵاتەکەی ده‌كرێته‌وه‌، یاخود ده‌گوێزرێته‌وه‌ وڵاتێکی دیکە

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار