ئاردۆگان بۆی تەخت بوو!

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

لەکاتێکدا شەش مانگ کەمتری ماوە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا، دادگای باڵای تاوانەکان لەتورکیا فەرمانی زیندانیکردن و قەدەخەکردنی کاری سیاسیی بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو دەکرد. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی مێترۆپۆل 44%ی خەڵک لەتورکیادا پێیان وایە دادگایی کردنی سەرۆکی گشتی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و سزادانی بە دووساڵ و حەوت مانگ زیندانیکردن، سزادانێکی سیاسیی تەمام عەیار زیاتر شتێکی دیکە نییە. ئاردۆگان لە ئێستادا و لە حاڵەتی زیندانیبوونی سەڵاحەدین دەمیرتاشدا تەنها و تەنها ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو وەک ڕەقیبی سیاسی خۆی دەبینێت و ترسی ئەوەی هەیە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بکرێت بەربژێری هاوبەشی پارتەکانی دەرەوەی کوالیسۆنی ئاکەپە-مەهەپە و هەمان سیناریۆی دڕۆاندنی لەئیستانبوڵ بە ئیمام ئۆغڵو دووبارە ببێتەوە.

ئیمام ئۆغڵو توانی شارەوانی ئیستانبوڵ دوای بیست ساڵ لەژێر دەستی ئاردۆگان و هاوڕێ مودەلەلەکانی دەربهێنێت، هەرچەندە هەڵبژاردنەکەی دوبارە کردەوە لە سەرکەوتنی یەکەمی ئیمامئۆغڵودا، بەڵام بۆ جاری دووەم ئیمامئۆغڵۆ بەدەنگی زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگدەر پێشکەوت و بواری بۆ مقۆمقۆی ئاردۆگان نەهێشتەوە و بوو بەسەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ. ئەم ڕووداوە بە ئازارترین ڕووداوی چارەکە سەدەی کۆتایی ژیانی سیاسی ئاردۆگان بوو.

بەڵام ئەوەی سەیرە ئەمڕۆ ئاردۆگان لەڕێی دادگاو یاساوە لێی هەڵپێچاوە و بەئەگەری زۆر پێدەچێت داهاتووی سیاسی ئیمامئۆغڵو بسووتێنێت. لە پاش دەمیرتاش ئیمامئۆغڵو بەهێزترین کاندیدی بەرەی دژە ئاردۆگانە، ئاردۆگان زیرەکانە وا لە یارییەکە دەیکاتە دەرەوە و لەڕێگای یاساوە ئیدی بوارێک بۆ کارکردنی سیاسیشی ناهێڵێتەوە. بەبڕوای من دۆخی ئەمڕۆی ئاردۆگان لە تەسفییەی نەیارەکاندا هەمان دۆخی عێراق و سەدامی ساڵانی حەفتایە، کەس نابێت دەنگی لە دەنگی ئاردۆکان بەگوڕتر بێت. یاسا و سوپا و پەرلەمان و حکومەت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەموویان لەلایەن خودی ئاردۆکانەوە ئاڕاستە دەکرێن. دەمیرتاش لە تویتێکدا بۆ پشتگیرکدن لە ئیمام ئۆغڵو دەنووسێت: بۆجاری چەندەمە دەبینین کودەتای "یاسایی" بەسەر ئیزادەی خەک و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا دەکرێت. هەر وابووە و واش دەمێنتەوە ڕۆژێک ئەم زللەیەی ئیرادەیەی خەڵک بەرخۆتان دەکەوێتەوە، پێی بڵێن خێرا ئیمام ئۆغڵو بکاتە زیندانەوە تا عاقیبەتی سبەینێی خۆشی هەر ئەوە بێت"

نەسرین ناس پارلەمانتار و سەرۆکی پێشووتری پارتی دایکی وڵات لە تویتێکدا نووسیویتی: " خۆزگە ئەو دەمەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەروین بوڵدان و میهات سەنجەر کە بەبێ سوچ و تاوان دەخرانە زیندانەکانەوە دەنگمان بەرز کردایەتەوە بۆئەوەی ئەوە نەبینین کە ئەمڕۆ بەسەر ئیمامئۆغڵودا دێت، گەر ئەو دەمە ڕازی نەبووینایە بەوەی قەیوم بخرێتە جێگای ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە هەدەپە بردبوونییەوە ئە دڵنیاییەوە ئەوەمان نەدەدی کە ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ بەسەر ئەکرەم ئیمام ئۆغڵودا دێت"

ساڵی 2014 لەکۆی بردنەوەی 104 سەۆکشارەوانی لەلایەن BDP ی ئەو کاتەوە ئاردۆکان دەستی گرت بەسەر 98 شارەوانیدا و بە زۆرەملێ داگیری کردن و لەجێگەیان کادرانی ئاکەپەی دانا و 886 ساڵ زیندانی بۆ سەرۆکی ئەو شارەوانیانە بڕییەوە کە دووری خستبوونەوە، دواترو لەساڵی لە کۆی 65 سەرۆکشارەوانی کە هەدەپە لەهەڵبژاردندا بردبوونیەوە دیسان بە زۆرەملی دەستی گرت بەسەر 59 شارەوانیدا و 140 ساڵ زیندانی بڕییەوە بۆ ئەو سەرۆکشارەوانیانەی کە دووریخستبوونەوە.

بەرە ئۆپۆزسیۆن لەم هەلومەرجەی کەبەسەر هەدەپە و بەدەپەی 2014 دا هات بێدەنگ بوون دەیانوت ئاگرە سوورە لێمان دوورە تا ئەوەی ئەمڕۆ ئاگرە سوورە ماڵە جاڵجاڵۆکەییەکەی خۆشیانی سوتاند.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەمڕۆ لەپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت:

هیچ کەسێک ئیسلام تاوانبار ناکات، بەڵام کەسانێک هەن بەردەوام ئەوە زەق دەکەنەوە کە گوایە ئیسلام لە مەترسیدایە، لە ڕێگای ئەم کارەیانەوە دەیانەوێت هەموو خەڵک لە ڕیزەکانی خۆیاندا سەف ببەستن و بەم بانکەشە دینییە دوای خۆیانیان بخەن.

ئەم کارە ڕیسوایی وبێحەیاییەکی تەمام عەیار شتێکی زیاتر نییە. ئەوانەی ئەمڕۆ دژی دەسترێژی و دەستدرێژکارانن دژە دین و دژە ئیسلام نین.

کێشەکە ئەوەیە کەسانێکی نەفس نزمی چروک بێن ئیسلام بکەنە بەردەباز و پاساو بۆ دەستدرێژی و زوڵم و دزییەکانیان و لە ڕێگەی ئیسلامە بیانشارنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار