بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی

2 ساڵ لەمەوپێش



سێ وڵاتی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی.

وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند بەهۆی ئەو پێشلکاریانەی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی و یاسای 2231ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیکات، ئێران لە هەمو کاتێک زیاتر پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستداوە.

ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا داوایان کردوە ئێران هاوکاریی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا نەکات و چەک رادەستی گروپە چەکدارە شیعەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەکات.

ئەو سێ وڵاتە کە هاوکات بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان و ئێران و وڵاتانی 5+1ن جەختیان لەوە کردوەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە ئێستادا مایەی نیگەرانییە لە جیهان بە تایبەت کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرز کردوەتەوە.

بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە کۆتایی بەیاننامەکدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی بێت و هاوکات ئەو سێ وڵاتەش رێگە نادەن تاران بە هێچ شێوەیەک بۆمب و چەکی ئەتۆمیی دروست بکات.

بەیاننامەکەی ئەو سێ وڵاتە لە کاتێکدایە دوێنێ دوشەممە کەمال خەرڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێیەم لوتکەی تاران رایگەیاند وڵاتەکە توانای ئەتۆمیی بەهێزی هەیە بەڵام ئامانجی دروستکردنی بۆمبی نییە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار