بۆچی تاڵیبان دژی خوێندنی ژنانە؟
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
محەمەد عابید ئەلجابیری "1935-2010" بیرمەندێکی گەورەی دونیای ئیسلامە، لە کتێبی "بنية العقل العربي_نقد العقل العربي"دا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەنووسێت و دەڵێت: "لەدوای سوتاندی کتێبخانەکەی ئیبن خەلدوونەوە عەقڵی عەرەبی ئیدی بیری نەکردۆتەوە، ژیان لە جوگرافیای عەرەبی و ئیسلامیدا ژیانێکی ناعەقڵانی بووە". ئەم ڕستەیەی ئەلجابیری کتومت وەسفی ئەو دۆخەمان بۆ دەکات کە ئەمڕۆ دونیای ئیسلامی تێکەوتووە."هەرچەندەمن باوەڕم بە بەکارهێنانی وشەی دونیای ئیسلام نییە، ئەوەی هەیە جوگرافیایەکە کە موسوڵمانان لێی دەژین و لە هەندێکیدا زۆرینەن".
ئەم ڕۆژانە هەواڵەکان بە چڕی باس لە هەوڵانەی بزوتنەوەی چەکدارانی تاڵیبان دەکەن کە ناهێڵن لە ئەمارەتەکەیاندا ژنان بخوێنن، بەگشتی هەواڵەکە وەک یەک ویژدان زیندووەکان بە موسوڵمان و ناموسوڵمان دڵگران دەکات. کە بەدوای ئەم پرسەدا ڕۆیشتم، قسەکەی ئەلجابیریم بیرکەوتەوە و تەماشای ئامارەکانی دونیای موسوڵمانانم کرد، بۆم دەرکەوت دۆخی موسوڵمانانی جیهان، سیستمی بەڕێوەبردنەکانیان،ئابوورییە بەرخۆرەکەیان، پترۆدۆلارەکەیان، جوگرافیا و و دۆخەسیاسییەکەیان زۆر لەوەی ئەمارەتەکەی تاڵیبان باشتر نییە. دەقیق هەمان ئەوەی تاڵیبانە بەکەمێک ماکیاژ و ئیسراف و تاوەری بەرزە و کەمێک باڕ و دیسکۆ و شەوی سوورەوە. ئەو زیهنیەتەی ئیستانبوڵ و دوبەی و ریاز و قاهیرە و ئیسلامابادی خاوەن چەکی ناوەکی بەڕێوەدەبات هەمان ئەو زیهنیەتەیە کە کابوڵ بەڕێوە دەبات، بەڵام بەکەمێ ماکیاژ و لەگژرییەوە، بە فێراری و بوگاتیییەوە، بە کارتەر و ڕیچارد میڵ و لوی ڤیتۆ و پاتەک فیلیپی دەسەڵاتداری موسریفەوە. بەداخەوە ئەفغانستانی ئەمڕۆ هاوێنەیەکە بۆ ڕوانین لە کۆی ژیان و ژیاری جوگرافیای موسوڵمانان.
تەماشا ئەمڕۆ موسوڵمانان بە ژمارە 1.8 میلیارد کەسن، واتە زیاتر لە 24%ی ڕێژەی دانیشتوانی سەر هەسارەکەن، بەڵام لە غەریبترین و لاوازترین و زەبوونترین کۆمەڵگاکانی جیهانن. ئەو وڵاتانەی کە زۆرینە موسوڵمانن، یان لەسەر دونیای ئیسلام هەژمار دەکرێن ژمارەیان 57 وڵاتە، ساڵانەی تاکیی هەموو ئەم وڵاتانە GDP دوو ترلیۆن دۆلار تێناپەڕێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە پیشەسازی و هەنارەدەی ئامریکا تەنها لە یەک ساڵدا و لەساڵی2018 دا 12 ترلیۆن دۆلار و ساڵانەی هەناردەی چین لە تەنها یەک ساڵدا 6 ترلیۆن دۆلار و هی ژاپۆن 3.5 و و لە ئاڵمانیاش 2.1 ترلیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە.
هەرسێ وڵاتی پڕ لەنەوتی وەک سعودیە و ئیمارات و کوەیت کە داهاتی سەرەکییان لەڕێگای نەوت فرۆشتنەوە دەستدەکەوێت بەهەرسێکیانەوە لەساڵی 2013 دا 430 میلیارد دۆلاریان لە داهاتی نەوت دەستکەوتووە، وڵاتێکی نانەوتی وەک تایلەند تەنها لەو ساڵەدا 429 میلیارد دۆلاری لە ڕێگاکانی دیکەوە دەستکەوتووە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی کە ساڵی 2021 ماڵپەری The spectator index بڵاوی کردوونەتەوە کۆی سامان و سەرمایەی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی "ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، ئەمازۆن، فەیسبووک، تویتەر، گووکڵ،ئالفابێت و سناپچات"ی ئەمریکیی $4000,000,000,000 چوار ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، پاندێمیکی کۆرۆنا کارێکی کرد ئەو کۆمپانیانە یەک ترلیۆن دۆلاری دیکە تەنها قازانج کەڵەکە بکەن. ئەم کۆمپانیایانە کۆمپانیای ئێلیکترۆنین و سەرچاوەی داهاتیان تەنها عەقڵ و بیرکردنەوەی کەسانی یەکەمی کۆمپانیاکان و ڕاوێژکارەکانیانە. گەر ئەو پارەیە بکەیت بە نەوت و بەرمیلێک نەوتیش بە تێکڕای 70 دۆلار بخەمڵێنیت ئەوا 60,000,000,000 شەست میلیارد بەرمیل نەوت دەکات!!!
بەشێوەیەکی گشتی موسوڵمانان 24% زیاتری دانیشتوانی سەرزەوی پێکدەهێنن، بەڵام سەرباری ئەو هەموو نەوت و جەوتەی لە وڵاتەکانیاندا هەیە کەمتر لە 5%ی داهاتی سەرزەوی لەلایەن ئەمانەوە وەدەست دەهێندرێت.
بە گوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمتر لەنیوەی ژنانی عەرەبزمان توانای نوسین و خوێندنەوەیان هەیە،تەنها 2%ی ئەمانە لاپتۆپی شەخسی خۆیان هەیە، ژمارەی زانکۆکانی ئەم 57 وڵاتە کەمترە لە ژمارەی زانکۆکانی وڵاتێکی وەک هیندستان کە تەنها لەساڵی 2013 دا 8407 زانکۆ بوون و لە ئامریکا 5758 زانکۆ بووە. تەنها دوو موسوڵمان لەم جوگرافیا بەرینەدا بوونەتە خاوەنی نۆبڵ بۆ زانستەکانی کیمیا و فیزیا، ئەوانیش دانیشتووی ئیتاڵیا و بەریتانیا بوون.
بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2015 نزیکەی 750ملیۆن موسوڵمانی نەخوێندەوار هەیە، واتە لەهەر 10 موسوڵمان بەنزیکەیی نیوەیان نەخوێندەوارن.
موسوڵمانان ئەمڕۆ بەم شپرزەیی و لەشیرازە دەرچوون و بیرنەکردنەوە و دەستبەتاڵییەوە ئیدیعای گەورەشیان هەیە، گوایە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکەن. دەشێت دەیان دەستی دەرەکی و بیانی هەبن لە گەیاندنی موسوڵمانان بەم دەیجور و تاریکەسەڵاتەی شارستانێتیدا، بەڵام ئەمە هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە نێزەی ڕەخنەکە ڕووی لە خۆ و لە عەقڵ و جوڵەکانی خۆیان نەبێت، گەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەخۆ و لە مێژووی خۆ و دەرهێنانی ئەو مێژووە لە وەهمی موقەدەس بوون نەبێتە یەکەمین سەرەتای جوڵە، هەستانەوەی هێندەی مەحاڵ نەکردە دەبێت و بۆ ئەبەد ئەمجارە لە بێسوودی و بێهوودەییدا خۆبەخۆ دەپوکێینەوە تا بچوکترین ئاسارمان نامێنێت.
تا عەقڵ ماڵی نەکەینەوە عەقڵانییەت بزەمان بۆ ناکات.