مردن و شەرمەزاری لێرە باری کردوە!
2 ساڵ لەمەوپێش
جوتیار ڕەشید
بۆئەوەی هەموومان شەرمەزار بین و ئەگەر مردن مابێ ئاوات بەمردن بخوازین لە شەرمەزاری،سەرەتای نوسینەکە بە بڕگەیەک لە وتەکانی (شەبنەم فەنجانە )دەستپێدەکەم کە لە هۆڵی دادگا کردونی:-
(لەبەرئەوەی من چالاکی مافەکانی مرۆڤم،ئەو بەرپرسیاریەتەم دەکەوێتە سەرشان بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن هاوڵاتیانەوە بکەم)
پڕۆفیسۆر شەبنەم فەنجانەی تەمەن 63 ساڵ ،سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیایە و چالاکێکی دیاری مافەکانی مرۆڤیشە لە تورکیا.
لە ڕۆژی 26مانگی 10ی ئەمساڵ لە لێدوانێکیدا داوای کرد ڕێگە بە سەندیکاکەیان بدرێ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایەن سوپای تورکیاوە بکرێت لە دژی گەریلاکانی P.K.K,لەسەر ئەو داواکاریەی حکومەتەکەی A.K.P وەک خوی هەمیشەییان تۆمەتی پشتگیری تیرۆریان دایە پاڵ و دەستگیریان کرد.
لە دانیشتنی دوێنی دادگادا،فەنجانە داواکەی دوبارە کردەوە و گوتی(بڕۆن تەرمی گەریلاکانی P.K.K توێکاری بکەن،ئەگەر بەدوا ڕاستیدا دەگەڕێن).
شەبنەم چالاکێکی ئەکتیڤی بواری مافەکانی مرۆڤە لە تورکیا و لە لێدوانەکانیدا بەئاشکرا دەڵێ،ئەگەر هەتا چەندساڵی داهاتو دەسەڵات بەدەست ئەردۆغانەوە بمێنێ،کەسێک نامێنێ لە تورکیا بەلایەنی کەمەوە جارێک نەگیرابێ و زیندانی نەکرابێ،ئەو پێی وایە تورکیای ئەردۆگانی ئێستا لە خراپترین وڵاتەکانی دونیایە لە لایەنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسیەوە،گرتنی سەرۆک شارەوانیەکانی H.D.P و داگیرکردنی شارەوانیەکانیان لە لایەن قەیومەکانی دەسەڵاتەوە بە کودەتا بەسەر هەڵبژاردنەکان پێناسە دەکا.
ئێستا با بپرسین لە هەرێمی باشوری کوردستان،سەندیکای پزیشکان،داواکاری گشتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ،سەندیکای دادوەران،سەندیکای پارێزەران،دەیان و سەدان سەندیکا و ڕێکخراو و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەکوێن؟
بەڕاست ئەگەر بە فەنجانە بەراوردیان بکەین هەستی زیندوبونیان تێدا ماوە؟
ئەگەر بابەتەکە ترس و سزایە لە دەسەڵات!
خۆ فەنجانەش باش ئەردۆغان و حیزبەکەی و دەسەڵاتە تاک ڕەوەکەی ناسیبوو و چەندین ساڵە سەدان لێدوان و داتای لەسەر بڵاو کردونەتەوە.
دوێنێش و لەدوای دوو مانگ لە زیندانی زیاتر لەسەر داواکەی سور بو،لەوەش زیاتر گوتی،زیندان و گرتن لە سەر مافەکانی خەڵک دەرگای فێربون،سوربون و بەهێز بونی زیاتریان بۆ واڵا کردووە،کە هەرگیز لەدەرەوەی زیندان پەیم پێ نەبردبون.
فەنجانە زیندوە،چونکە بیر و هزری زیندوە،ئێمەش لە باشور (هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ناوم هێنان)مردوی ڕاستەقینەی ناو ئۆفیسە گەرم و گوڕ و ڕازاوەکانمانین کە بۆیان کردوینە گۆڕی شەرمەزاری و مردنی ژیان.
شەرمەزاری و مردن ئەگەر مابێ،دەبێ ئەو لێدوانانەی پڕۆفیسۆر فەنجانە ڕامانچڵەکێنێ،یان لە شەرمەزاریدا جەڵتەی دڵ لێماندا و فیزیکییش بمرین وەک هزری مردوین.
فەنجانە پەروەردەی هزرێکە ئەردۆگان و .A.K.P و تەواوی سیستمە دڵڕەقەکەی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری زەندەقیان لێیچوە،بۆیە تەنها وشەیەک کە بۆنی ئەو هزرەی لێبێ سزاکەی گرتن و زیندانیە،گرنگ نیە ئەو کەسە کورد بێ یان تورک،ئاینیی بێ یان علمانی،ڕەش بێ یان سپی.
فەنجانە خۆشی ئەوە باش دەزانێ،ئەوەی زیندانی کراوە لاشەی فەنجانە نیە بەڵکو هزرەکەیەتی،بۆیەشە دەڵێ زیندانی واڵاکردنی دەرگای نوێیە بۆ فراوانکردنی هزری.
ئێوە لە باشور مەترسن هەتا فیزیکیی دەمرن لە ناو پێخەفە گەرم و نەرمەکانتان،یان لە ئۆفیسە ڕازاوەکانتاندا ڕۆژێک زیندانی ناکرێن،چونکە هزرێکتان نیە شایستەی زیندانی کردن بێ لە دیدی داگیرکەرانی کوردستانەوە.