سلێمانی چۆن ئاشت بكەینەوە ؟

2 ساڵ لەمەوپێش



 

عەبدولڕەزاق شەریف 

ناونیشانی ئەم وتارە، پرسیارێكی جەوهەری مام جەلال بو .! دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆی دوهەزار و نۆ، لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بیستوپێنج كادری (ی ن ك)دا، كەتایبەت بەمەبەستی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ قەڵاچوالان و ماڵەكەی داوەتی كردبوین .
ـ پرسیارێك ئەكەم و ئیتر پێچەوانەی هەمو كۆبونەوەكانم من قسە ناكەم! گوێ لەوەڵامی ئێوە دەگرم و ئەنوسم، بەئازادی وەڵامم بدەنەوە، دوو رۆژ كاتم بۆ وەڵام و قسەكانتان هەیە .!
مام جەلال ئەم قسەیەی كرد و قەڵەمەكەی خستە سەر ئەو لاپەڕە سپیانەی كەبەشێوەیەكی ناڕێك لەسەر مێزێكی بچوك لە هۆڵێكی گەورەدا لەبەر دەستیا دانرابو . 
وەك ئیمامی تەزبیحێك لەسەرەوە و ئێمەش دەنكە وردەكانی بازنەیەكمان بۆ دروستكردبو، هەر خۆشی وتی بەسەرە و بەریز دەست پێبكەن .
پێچەوانەی خوڵقی خۆی لە هیچ وەڵامێك توڕە و دڕدۆنگ نەئەبو، بۆیە هەتا نۆرە ئەچوە سەر ئەویتر، قسەكانمان توندتر و ئازا و ئازادانەتر ئەبو، من دواكەس دوام، پێش منیش هاوڕێ سوارە پێی وت (مام جەلال ئەم ئیشەی تۆ لەبەغدا ئەیكەیت بۆ كورد بێسودە و هیچت نەكردوە و هیچیشت پێ ناكرێت، وەك ئەوە وایە پوش لە كا ببژێریت).
ـ كارێك هەیە بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵكی سلێمانی تەنیا بەتۆ دەكرێت، ئەتوانی ئێستا بڕیار بدەیت هەرچی زەوی و بینای موڵكی گشتی خەڵكی ئەم شارە كەلەلایەن (ی ن ك) ەوە براوە و لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ كراوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەكانیان ...
من ئەو قسەیەمكرد و چەندین نمونەشم خستە روو كەهەندێكیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی چەند بەرپرسێكی یەكێتی بەكار دەهێنران .
 لەسەرسوڕمان و بێدەنگی ئەویشا خوێندمەوە كەپێی وایە ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی یەكێتی و مەسولەكانی هەیەتی كەسیتر وردەكاریەكانی نازانێت .!
چەند رۆژێكە و باڤڵی كوڕە گەورەی جێنشینی مام، وەك باوكی باسی ئاشتبونەوەی یەكێتی و خەڵكی پارێزگای سلێمانی دەكات . بە كاركردن بۆ گەڕانەوەی دۆخی سەرچنار بۆ ساڵانی پێشوتری، بەدروشمی پارێزگاری لە بەها ئاینی و كۆمەڵایەتیەكان هەڵمەتێكی دەستپێكردوە و بەڵێنی بەردەوامی ئەدات .
هەواری سەرچنار، لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، شوێنی سەیران و كەیف و سەفا و مەیخواردنەوە بوە، لە سەدان تێكستی ئەدەبی و هونەری پیاوە ناودارەكانیدا، وەسفی جوانی و گەورەیی كراوە، هەڵەیەكی گەورە لە مێژوی پیشەسازی عێراقدا كرا كە زیاتر لە تۆڵە كردنەوە لە شارەكە ئەچو نەك ئاوەدانكردنەوە ! كارگەی چیمەنتۆیان لەوێ دروستكرد، كارێكی باشكرا درەنگ وەخت راستكرایەوە و گواسترایەوە .
ئەو نمونانەی پێش سیانزە ساڵ بۆ سكرتێری گشتیم باسكرد تەنیا موڵكە داگیركراوەكانی شەقامی سالم بوو، لە (ئوتێل سلێمانی) یەوە وەك رێوڕۆیشتن پیایدا هاتم و نەگەیشتمە( یانەی شەوانەی سەناعە ) كە دواتر نەما و درا بە ئیدارەی گشتی و سەرمایەدارێك، ئیتر كیفایەتی پێهێنام . 
ئەمەی ئێستاش ئەینوسم ئەوانەی سەرچنارن و بۆ سەرۆكی ئەنێرم، بۆ ئەوەی وەك (یانەی شەوانەی سەناعە) دوای داخستنیان نەكرێن بە ئوتێل و پرۆژەی بازرگانی هاوبەش، بەڵكو رێگە دروستەكە بگرێت و تاپۆكانیان بگەڕێنێتەوە بۆ موڵكی گشتی و فەرمانگە رەسمیەكانی خۆیان، ئەو بڕیارەش تەنیا بەسەرۆكایەتی ئەو لە یەكێتیدا ئەدرێت و كەسیتر .
دەستخستنی زانیاریەكان بۆ سەرۆك هیچ گران نین، وەك دەستخستنی (ئیزبارە و سجلی ئەساس)ی موڵكەكانی قادركەرەم مەكە .! كەئەبوا كەسێكی خۆتت راسپاردایە وێنەیەكی لەبەر بگرتنایەتەوە و بۆی رەوانە بكردیتایە، چونكە دواجار وێنە ئۆرجیناڵەكە شوێنەكەی دائیرەی تاپۆیە، موڵكی وەزارەتی عەدلی عێراقیە و وێنەیەكی تریش هەر لەو وەزارەتە لە بەغدا هەیە، كەساڵانێكی زۆرە وەزیرەكەی كورد و یەكێتیە .
لە سەرچنار :
* دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون
* بێشەكان و باخەكان بەسەر مەسولەكان و ئیدارەی گشتی دابەشكراون 
* (خانوەكانی مەنسەب) هەریەك هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ كراون 
* سەرجەم یانەكانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ كراون 
* شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەكانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ كراون
* كارگەی چیمەنتۆكە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ كراوە
* سەیرانگای نەورۆز لەنێوان كێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەكتەبی شەهیدانی یەكێتی تاپۆی كرد و جەلال و خانەوادەكەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەكردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون 
* زەویەكانی شەقامی سەرەكی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی كران) و بەسەر مەسولەكانا دابەشكران

لەم هەمو موڵك و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەك پارچەشیان نەماوە .! گەر ئەتەوێت بەراستی خەڵكی سلێمانی ئاشت بكەیتەوە ؟ سەرۆك داوای وێنەیەكی ( ئیزبارە و سجلی ئەساس ) ی موڵكەكانی سەرچنار بكە و لیژنەیەكی شارەزای تاپۆش، ئەتوانن هاوكاریت بكەن، بەڵام لەو كارمەند و بەڕێوەبەرانە نەبن كە وەك غەنیمەی شەڕ رەفتاریان لەگەڵ موڵكی گشتی شاری سلێمانیدا كرد . 
سەرۆك ئەو موڵك و زەویانە بگەڕێنەرەوە بۆ خەڵكی شار، گەر ئەوەت جێبەجێكرد، بەڵێن بێت تەواوی موڵك و زەویە گشتیەكانی (دزراو و داگیركراو)ی شاری سلێمانیت بۆ ئەنوسم و هەموشمان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستانا ئاشت ئەبینەوە .
 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار