نه‌ته‌وه‌په‌رستی له توركیا؛ مێژووی سڕینه‌وه‌ی "ئه‌وی تر"
2 ساڵ لەمەوپێش
مه‌هدی شەبانی
"هه‌ر هاونیشتمانییه‌كی ده‌وڵه‌تی توركیا، به تورک داده‌نرێت."
تا پێش دروستبوونی كۆماریی له توركیا له ساڵی ١٩٢٣، ئوممه‌تگه‌رایی ئیسلامی ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی بیروڕای ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی پێک هێنابوو. نه‌ته‌وه‌ی جیاواز به مه‌زهه‌بی جۆراوجۆره‌وه پێكه‌وه وڵاتێكیان دروست كردبوو كه له لایه‌ن سوڵتانه‌وه وه‌كوو حاكمی ئوممه‌تی ئیسلام، به‌ڕێوه ده‌برا. له‌م قه‌واره سیاسییه‌دا گرووپی قه‌ومی جیاوازی وه‌كوو؛ تورک، كورد، ئه‌رمه‌ن، یونانی و عه‌ره‌ب له سنووری ئیمپراتۆری عوسمانی‌دا پێكه‌وه ده‌ژیان.
دامه‌زرێنه‌رانی كۆماری توركیا كه میراتگری بیرۆكراسی (دیوانسالاری) ئیمپراتۆری عوسمانی بوون، سوور بوون له‌سه‌ر ڕۆنانی "ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه"، به‌ڵام بۆ دروستكردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه سه‌ره‌تا ده‌بێت "نه‌ته‌وه"یەک پێک بهێنن و دروستكردنی ئه‌م میلله‌ته‌ش پێویستی به وه‌دیهاتنی كولتوورێک بوو. له دوای ڕاگه‌یاندنی كۆماریی و دروستبوونی توركیای مۆدێرن، كار بۆ پێكهێنانی دیالۆگی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌دیهاتنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و چه‌مكی توركبوون (وه‌ک هاونیشتمانی) كرا.
هه‌رچه‌نده ده‌ستووری كۆماری توركیا سیكۆلاره، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی توركی و ئیسلامی (سوننی/حەنەفی) ڕۆ نراوه و له ئێسته‌دا ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی تورک باڵاده‌سته. له به‌شی چواره‌می ده‌ستووری ئه‌م وڵاته‌دا له‌باره‌ی مافی سیاسی و ئه‌ركه‌وه وا نووسراوه: "هه‌ر هاونیشتمانییه‌كی ده‌وڵه‌تی توركیا، به تورک داده‌نرێت." ئه‌م مادده‌یه، له ده‌ستووری توركیادا زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه، به كرده‌وه مافی نه‌ته‌وه‌كانی وه‌كوو؛ كورد، ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب و ئه‌وانی دیكه ڕه‌چاو نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها له به‌شی یه‌كه‌م، پاژی دووه‌م، مادده‌ی دوو نووسراوه: "كۆماری توركیا به مه‌به‌ستی دابینكردنی ئارامی كۆمه‌ڵگه، له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی عه‌داله‌ت و یه‌كگری نه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕێز به مافی مرۆڤ و پابه‌ندی به نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌تاتورک، له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مكه باسكراوه‌كان له پێشه‌كی ده‌ستوور، ده‌وڵه‌تێکی دیموكراسی، سیكۆلار و له‌سه‌ر مافی جڤاکی دامه‌زراوه." له‌م به‌نده‌دا به‌ڕاشكاوی نه‌ته‌وه‌په‌رستی به یه‌كێ له بنەماکانی سیسته‌می سیاسیی توركیا دانراوه.
هه‌روه‌ها له به‌شی مافی خوێندن و فێربووندا هاتووه: "جگه له زمانی توركی، هیچ زمانی دیكه به ناونیشانی زمانی دایک له هیچ خوێندنگه و بنكه‌ی فێربووندا ناخوێنرێت. فێربوونی زمانی بیانی به بڕیاری ده‌وڵه‌ت ده‌بێت."
ئه‌م قانوونانه و زۆر شتی تر له ده‌ستووری توركیادا له هه‌ستێكی زۆر نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی به‌هێزه‌وه هه‌ڵقوڵاون. هه‌رچه‌نده ئه‌م دیده نهتهوهپهرستیانه ناسنامه‌ی یه‌كپارچه‌یی به وڵاتی توركیا داوه و له‌گه‌ڵ ئیسلامی سوننی/حه‌نه‌فی سه‌ره‌كیترین توخمی پێكهێنانی ناسنامه‌ی كولتووری/سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا بووه، به‌ڵام هۆكاری زۆر له كێشه گه‌وره و چارهسهرنهكراوهكانی ئێستای ئه‌م وڵاته‌شه.
ناسیۆنالیزم له سیاسه‌تی توركیادا
ئه‌م ڕۆحی نه‌ته‌وه‌په‌رستییه، یه‌ک به‌ش نییه و له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا جاروبار دژبه‌یه‌كی تێدایه. له لایه‌ک نه‌ته‌وه‌په‌رستانی ڕاستڕه‌ویان تێدایه كه نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی توركستانی گه‌وره و پان توركیزم وه‌كوو یه‌ک ده‌بینێت و له‌هه‌مان كاتدا ناسنامه‌ی ئیسلامی وه‌كوو به‌شێک له‌م ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی/قه‌ومی ئاڵوگۆڕ كردووه. ئه‌م تێڕوانینه به‌زۆری له حیزبه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی وه‌كوو حیزبی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیست (MHP) به‌رجه‌سته بووه. ئه‌م ڕه‌وتانه له‌سه‌ر ڕێكخستن له حیزبه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان، خاوه‌نی گرووپی چه‌كداری جۆراوجۆر بوون كه له شه‌ڕه ناوخۆیییه‌كانی توركیادا به‌تایبه‌تی له ده‌یه‌ی هه‌شتا و نه‌وه‌دی زایینی‌دا، نه‌خشی گرینگ‌یان له سه‌ركوتی چه‌پ و كورددا گێڕا. ئه‌م تێگه‌یشتنه له نه‌ته‌وه‌په‌رستی به پشتبه‌ستن به هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، زیاتر له‌سه‌ر "یه‌كێتیی ڕه‌گه‌ز" پێداگریی ده‌كات و ته‌نانه‌ت نزیک ده‌بێته‌وه له ڕه‌گه‌زپه‌رستی.
ڕه‌وتی دووه‌م، چه‌پی ناوه‌ندیی توركیایه كه چه‌مكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له بیروباوه‌ڕی ئه‌تاتوركه‌وه وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئیسلام به یه‌كێ له پایه‌كانی ئه‌م ئایدۆلۆجییه نازانێت. ئه‌م ڕه‌وته، به نه‌ته‌وه‌په‌رستیی ئهنهدۆڵیش به‌ناوبانگه، كه‌متر باوه‌ڕی به قه‌ومه و زیاتر باس له نه‌ته‌وه/هاونیشتمانی ده‌كات. پارتی کۆماری گەل (CHP) كه له لایه‌ن مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه دامه‌زراوه، نوێنه‌رایه‌تی له‌م بۆچوونه ده‌كات.
له‌و كاته‌دا، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) به ناونیشانی حیزبی ئیسلامی كه خۆی به میراتگری ئیمپراتۆری عوسمانی ده‌زانی، هه‌میشه خۆی له نێوان دوو باوه‌ڕی ئوممه‌تگه‌رایی عوسمانی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی ڕاستڕۆدا به هه‌ڵواسراوی هێشتووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی كۆتایی و به هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ حیزبی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیست، زیاتر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌م حیزبه‌دا به‌هێز بووه.
له چه‌ند ساڵی سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ركاری حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان به ڕێبه‌رایه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و به ئاوڕدانه‌وه له شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كانی چه‌ند ده‌یه‌ی نێوان كورد و ده‌وڵه‌تی توركیا، چاودێری زیاتر به مافی كه‌مینه نهتهوهیییهكان و به تایبه‌ت "پرسی كورد"، له به‌رنامه‌ی كاری ئه‌م حیزبه‌دا دیاری كرا.
ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌وڵی دا تاكوو به خوێندنی زمانی كوردی، ڕێگه‌دان به په‌خشی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی و هه‌ندێ شتی دیکە، بڕێک له گرژییه‌كان نه‌هێڵێت، به‌تایبه‌تی له گفتوگۆكانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) له ساڵی ٢٠١٣، گه‌یشتن به ئاشتی زۆر نزیک بوو. گفتوگۆكان به ئه‌نجام گه‌یشتن و بڕیار درا كێشه‌كانی هه‌ردوولا چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌په‌رسته توندڕۆكان ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌یان به‌دڵ نه‌بوو و دوای هه‌ندێک له كێشمه‌كێش، دووباره شه‌ڕی ناوخۆ بۆ گۆڕه‌پانی سیاسیی توركیا گه‌ڕایه‌وه.
به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی ڕێككه‌وتنه‌كان به هۆی بێباكی سیاسه‌تمه‌دارن یان گه‌مه سیاسییه‌كانی حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان دوای شكستخواردن له خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٢٠١٥ نه‌بوو. فكری گشتی توركیا له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ک به چه‌ندان پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی پڕ كراوه. بۆیه جێی سه‌رسووڕمان نییه كه هه‌وڵدان بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه ناسیۆنالستییه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ماف بۆ نه‌ته‌وه‌كانی تری دانیشتووی وڵات ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایه‌تی فرەوانی به‌شێكی زۆر له خه‌ڵک ببێته‌وه كه نهتهوههپهرستییان به به‌شێک له گرینگی ناسنامه‌ی تاكی/جڤاکی خۆیان داناوه.
له لایه‌كی تره‌وه، سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌ل ایه‌ن ده‌وڵه‌ت و زۆرینه‌وه، له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ناسنامه‌خوازیی كه‌مینه‌كان كه‌شی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیای دابه‌شی سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر كردووه، وای كردووه دانیشتن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له لایه‌ن هه‌ردوولاوه له مه‌حاڵ نزیک بكاته‌وه. نه‌ته‌وه‌په‌رستی، كوشتار و نانه‌وه‌ی دوژمنایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی دژبه‌یه‌كی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستی پێكهاته له ده‌روونی حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ دیموكراسی و مافی كه‌مینه‌كان، له‌ناو خودی چه‌مكی "ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه"دا شاراوه‌ته‌وه. نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئایدۆلۆجی سیاسه‌تێكه كه ئامانجی یه‌كێتیی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه. بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌م یه‌كێتییه ده‌بێت هه‌موو دژبه‌یه‌كه ناوه‌كییه‌كانی نێوان نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ر و یه‌كپارچه بێت. ئه‌م خاڵه وای كردووه، چونكه ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و یه‌كێتیی نهتهوهیییه، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م ناكۆكییه ناوه‌كیانه و پارێزگاری له "بوونی نه‌ته‌وه" ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی قانوونیش بجووڵێته‌وه.
ئه‌زموونه‌كانی مێژوو پێشانی ده‌ده‌ن كه هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كده‌ست به پشتبه‌ستن به گرووپی قه‌ومی، زمانی یان دینی زیاتر به كاره‌سات كۆتایی دێت. له توركیاش ئه‌م ئایدۆلۆجیای نه‌ته‌وه‌په‌رستییه نه ته‌نیا كولتووری دەوڵەمەندی ئه‌م وڵاته‌ی كه لانكه‌ی نه‌ته‌وه، زمان، ئایین و مه‌زهه‌بی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بوو له‌ناو برد، به‌ڵكوو كاره‌ساتی له مێژووی مۆدێرنی توركیاشدا دروست كردووه. ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستییه له سه‌ره‌تادا ده‌ستی به قه‌تلوعامی ئه‌رمه‌نییه‌كان كرد، دواتر كوشتاری عه‌له‌وییه‌كان، چه‌ندان جار كوشتاری یونانی و مه‌سحییه ئۆرتۆدۆكسه‌كانی دانیشتووی توركیای كرد، دواتریش ده‌ستی به سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م وڵاته له‌وانه؛ كورد كرد. ئه‌مانه هه‌مووی هه‌وڵدان بوو تاكوو وڵاتێک به پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه/كولتوور بۆ وڵاتێک به پێكهاته‌ی توركی/ئیسلامی بگۆڕێت. ئه‌م هه‌وڵه تا ئه‌و شوێنه ڕۆیشت له ڕۆژگارێكدا ته‌نانه‌ت قسه‌كردن به هه‌ر زمانێک جگه له زمانی توركی (به‌تایبه‌تی زمانی كوردی) قه‌ده‌غه بكرێت و سزای بۆ دابنرێت.
ئه‌زموونی توركیا نموونه‌یه‌كی دیاره، وڵاتێک به پێكهاته‌ی جیاواز دروستبوو له نه‌ته‌وه و قه‌ومی جۆراوجۆر كه هه‌ریه‌كه‌یان زمانی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، هه‌ر جۆره سیاسه‌تێكی شوناسخوازی، به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه/ناوه‌ندگه‌رایی، كه‌لێنی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره دروست ده‌كات و بارودۆخێک دەهێنێتە ئاراوه زۆرجار كۆتایییه‌كه‌ی به كاره‌سات ته‌واو ده‌بێت.
وەرگێڕان: سۆران جەلیل