گومانەکانی پشتی هێرشەکەی پاریس و نیگەرانیی کورد!

2 ساڵ لەمەوپێش



 

شوان حەمە

گومانی یەکەم! یەکێک لە قوربانییەکانی هێڕشە تیرۆریستییەکەی هەینی ڕابردوو لە پاریس، ئەمینە کارا (ئەڤین گۆیی) یە، کە پۆستی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە)ی هەیە. سەرچاوەکان دەڵێن ئەڤین گۆیی نزیکەی سی و پێنج ساڵە وەک ژنێک تێکۆشاوە، سەرەتا لە ڕیزەکانی پەکەکە، دواتر وەک سەرکردەیەکی سەربازی لە شەڕی دژی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان، دواتریش لە ئەوروپا، ڕۆڵی گرنگی هەبووە.

پەکەکە گومانی گەورەی لە هاوکاریی هەردوو دەزگای هەواڵگری تورکی و فەرەنسی هەیە، کە پێکەوە ئەڤین گۆییان کردبێتە ئامانج. ئەوەی زیاتر گومانەکانی پەکەکە بەهێزدەکات، تیرۆرکردنی ساکینە چانسز و هاورێکانییەتی،کە بەر لەدە ساڵ، لە پاریس تیرۆر کران، بەڵام تائێستا دەزگا ئەمنیەکانی فەرەنسا، ئەنجامی لیکۆڵینەکانیان بەنهێنی هێشتووەتەوە!

گومانی دووەم! ماوەی نێوان سەنتەری کلتوری ئەحمەد کایا لە پاریس، تا دەگاتە ئەو سەرتاشخانەیەی خاوەن و کامەندەکانی کوردن و بکوژەکەی تیا دەستگیر کرا، زیاتر لە سەد مەترە، لەو سەد مەترەدا چەندین کۆگای بازرگانی و قاوەخانەیەکیش هەیە! بەڵام بکوژەکە دوای هێرشی سەنتەرە کوردییەکە، بەسەر کۆگاکانی تردا تێدەپەڕیوە و هێرشی کردووەتە سەر سەرتاشخانەکە!

گومانی سێیەم! لێدوانی پێشوەختی وەزیری ناوخۆی فەرەنسی ژیرالد دارمانا و بڕیاری وەستاندنی لێکۆڵێنەوەکان لە بکوژەکە، بە بیانوی ناجێگیریی باری دەروونیی، هێندەیتر گومانەکانی بەهێزتر کرد! بەڵام دوای ڕووداوەکانی ڕۆژی شەمە و پێکدادانی نێوان بەشێک لە خۆپێشاندەرەانی کورد و پۆلیسی فەرەنسی، کە بووە هۆی برینداربوونی دەیان پۆلیس، جارێکیتر بکوژەکە ڕەوانەی زیندان و لێکۆڵینەوە کرایەوە. ئەگەرچی ڕیشەی ئیتنیکی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەگەڕیتەوە سەر جەزائیری و ماڵتایی، بەڵام لای ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافی پەنابەران، ژیرالد دارمانا وەک کەسێکی دژە پەنابەر ناسراوە!

دوای کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی خۆپێشاندەران و بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس، هەمانکات لێدوانی پشتیوانیی وەزیری دادی فەرەنسی بۆ ڕەوەندی کوردی، دۆخەکە ئارام بووەوە و خۆپێشاندانی ئاشتییانە بەڕێوە چوو.

دۆخەکە هەر چی بێت، داوا هەر هەمان داوایە: پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسا، ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان لە تاوانەکەی ڕۆژی بسیت و چواری مانگی دوازدەی ئەمساڵ لە پاریس ئاشکرا بکەن، تا ئەم تاوانەش، وەک تاوانەکەی نۆی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، کە ساکینە چانسز و دوو ژنە چالاکوانی کوردی تیادا تیرۆر کرا، نەکرێتە قوربانی گەمەی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی فەرەنسا و تورکیا!

ئاشکراکردنی لێکۆڵێنەوەکانی پۆلیس لەم دۆسییەیە، ڕێ خۆش دەکات بۆ ئاشکراکردنی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆرکردنی ساکینە چانسز و هاوڕێکانی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. ئاشکراکردنی لێکۆڵینەوەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ڕێ خۆش دەکات بۆ ئاشکرادنی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆرکردنی د. قاسملو، لە ڤێنای پایتەختی نەمسا. ئاشکراکردنی لێکۆڵینەوەکانی ڤێنای پایتەختی نەمسا، ڕێ خۆش دەکات بۆ ئاشکراکردنی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆرکردنی د. شەرەفکەندی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار