لە سەد رۆژەی شۆڕشی ژینادا: دەرهاویشتە و دەسکەوتەکانی شۆڕشەکە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئارام رەفعەت
سەد رۆژ بەسەر جوڵانەوەی ئازادیخوازی رۆژهەڵات و گەلانی ئێراندا تێپەڕی. پرسیارە جدییەکە ئەوەیە، ئایا دەرهاویشتە و دەسکەوتەکانی ئەم جوڵانەوە ئازادیخوازییە، کە بە شۆڕشی ژیناش ناسراوە، چین؟ بۆ گەڕان بەدوای وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە پێویستیمان بە پێوەرێکە. پێوەر لێرەدا ئاڵۆز و نارۆشنە، بەتایبەت چەمکی دەسکەوت تا رادەیەکی زۆر هەم میتافۆریکە و هەم مەجازی. گرفتێک کەبەرەورووی دەبینەوە ئەوەیە ئایا چی بکرێتە پێوانەی دەسکەوتی شۆڕش، گۆڕینی رژێم یان دیموکراسی؟ یان هەردووکییان بەیەکەوە؟
ئەگەر گۆڕینی رژێم بکرێتە تەنیا پێوەری دەسکەوت، ئەوا کۆماری ئیسلامی هێشتا هەر لەسەر پێی خۆیەتی و ناکرێت قسەیەک لەسەر سەرکەوتنی ئەو جوڵانەوە ئازادیخوازییە بکەین. خۆ ئەگەر دیموکراتیزەبوونیش بکەینە پێوەر، دیسان پرسیارەکە ئەوەیە کەئایا دەکرێت لەسای ئەم رژێمە تۆتالیتار و مەزهەبییە تەمەن ٤٣ ساڵییەدا بیر لە پانتاییەک بۆ دیموکراسی بکەینەوە. گرفتەکە ئاڵۆزتر دەبێت ئەگەر ئەزموونی دەیان شۆڕش و لەوانەش هەمان ئەو شۆڕشەی کە کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩دا هێنایە سەر کار، بخەینە پێشچاو. شۆڕشی ١٩٧٩ هەم شۆڕشێکی راستەقینە و هەم شۆڕشی گەلانی ئێران و هەم لەپێناو دیموکراسییەت و کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەتی رژێمە گەندەڵەکەی شا بوو. بەڵام گۆڕینی رژێمی شا، نەک هەر دیموکراسی بۆ گەلانی ئێران نەهێنا، بەڵکو گەلانی ئێران زۆرێک لەمافە دیموکراسی و مەدەنییەکانییان لەدەست چوو، جگە لەوەی جەنگێکی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەشی بەدوای خۆدا هێنا. جگە لەوە، بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان رژێمی کۆماری ئیسلامی لەهی شا، تۆتالیتارتر و سەرکوتگەرتر و تەنانەت گەندەڵتریشە.
کەوابێت چ بکەینە پێوانە؟ ئێمە پێویستیمان بە کێشانی تابلۆیەکی تازەیە تا لەدەرەوەی ئایدیالیزمی روخانی رژێم و دیموکراسییەتدا، بەدوای ئەو وردە پەزڵانەدا بگەڕێێن بۆ کێشانی تابلۆکە بەجۆرێک وێنەیەکی دروستر و راستەقینەتری دەرهاویشتە و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا بخەینە بەرچاو.
پارچە پەزڵێکی ئەو تابلۆیە، ئەو درزەیە کە لەدیواری ترسدا درووست بووە. شۆڕش یان نارەزایەتییەکانی ژینا، شۆڕش و نارەزایەتی سەراسەری بوون. بە هەزران کەس، هەر لە کوردستان و بەلوجستانەوە تا دەگاتە شارە فارنشین و ئازەرنشینەکانەوە بە شێوە و ئاستی جۆراوجۆر دژی کۆماری ئیسلامی وەستانەوە. تەنانەت تاران و قوم و مەشهەد، ئەو سێ شارەی کە لەرووی مێژووییەوە، بە قەڵای پشتیوانی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێن شاهیدی نارەزایەتی فروانی جەماوەری بوون. لەوەش گرنگتر، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی نارازی، بە ناسنامە و روخساری خۆیانەوە لە مەیداندا بوون. ئازادیخوازانی ئێران بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە نەک هەر پەلاماری بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامییان داوە، بەڵکو ستاتۆ و سیمبۆلە پیرۆزەکانی ئەو رژێمەیان روخاندووە یان سوتاندووە. جگە لەوە، رەنگە بۆ یەکەم جار بێت لە مێژووی ٤٣ ساڵەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیدا، کە جەماوەری نارازی پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەیدابوونی درزێکی گەورە لە دیواری ترس، درزێک کە زادە و دەسکەوتی شۆڕشی ژینا بوو. درزێک هێندە فراوانە کە سەرەرای بەکارهێنانی زەبر و زەنگ و کوشتنی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خەڵکی نارازی رۆژهەڵات و ئێران دیوار و کەلێنی نێوان دەسەڵات و جەماوەری بەرادەیەک فراوان کردووە کە چیتر رژێم ناتوانێت نە وەک جاران پەنا بۆ ئایدیۆلۆژیا بەرێت وە نە وەک جارانیش بەزەبر و زەنگ کۆمەڵگا سەرکوت بکات. ئەمەش لەخۆیدا دەسکەوتێکی بەرچاوی ئەم شۆڕش و نارەزایەتییانەیە.
پەزلێکی تری تابلۆکە ستاتۆی "پۆلیسی رەوشت"ی کۆماری ئیسلامییە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا میدیا نێودەوڵەتییەکان بانگەشەیەکی محەمەد جەعفەر مونتەزەری، داواکاری گشتی کۆماری ئیسلامی، راگەیاند کە دەزگای پۆسلیسی رەوشت هەڵوەشێنراوەتەوە. هەرچەندە چاودێران گومانییان لەهەڵوەشاندنەوەی ئەم دەزگایە هەیە، بەڵام ئەگەر خودی بانگەشەکە بۆ ساردکردنەوە و بەلارێدابردنی خەڵکی ئازادی خوازیش بێت، هێشتا وروژاندنی ئەو باسە لەسەر زاری داواکاری گشتی ئێران پاشەکەشەیەکی گەورەی ئەو رژێمەیە و هەنگاوێکی جدییە بەئاراستەی بەرتەسک کردنەوەی کۆنترۆڵی رژێم بەسەر جومگەکانی ژیان لە ئێراندا. ئەو دەزگایە، بۆ زۆرێک لە گەلی رۆژهەڵات و بۆ ئێرانییەکانیش، دیارترین ڕووخساری سەرکوتکردنی ژنانە. بۆیە هێنانە سەر مێزی ئەو پرسە بەمانای سازشکردنی کۆماری ئیسلامییە و نەک هەر لە سەرسەختترین ئامرازەکانی سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و نەک هەر لەسەر یەکێک لە پایەکانی مانەوەی ئەو رژێمە، بەڵکوجۆریک لەدەستەبەربوونی غرور و باوەڕبەخۆبوونی پایەدارەکانی کۆماری ئیسلامیشە. ئەم سازش و دەستەبەربوونەی سەرانی کۆماری ئیسلامی، دۆخێکی تازەیە و ئاماژەیەکە بۆ هاوسەنگییەکی تازە لەبەرژەوەندی گەلی رۆژهەڵات و ئازادیخوازانی ئێران و سەرەنجام یەکیکیشە لە دەسکەوتەکانی ئەو جوڵانەوە نارەزایەتییە.
پەزڵێکی تری ئەم تابلۆیەیە کە دەتوانین بیکەینە پێوانەی سەرکەوتن و شکستی شۆڕشی ژینا، ستاتۆی گەلی کوردە لە پێش و دوای شۆڕشەکە. زێدەرۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئەوەی ئەم شؤڕشە لەماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا بەدەستی هێناوە جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد نەیتوانیوە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بەدەستی بێنێت. دەسکەوتی ئەم شۆڕشە بۆ گەلی کورد هەر سوتاندن و لێدانی بارەگا و سەنتەرە سەرکوتکارەکانی دەوڵەتی داگیرکەر نییە لە کوردستان، هەرچەند ئەم دەسکەوتە کەم نییە ویەکەم جارە بەم فراوانییە لە رۆژهەڵات دۆخێکی ئاوا بێتە پێشەوە. بەڵکو دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕش و نارەزایەتییانە هەمەرەنگ و فراوانن. یەکێک لە سەرەکیترین دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە یەکێتی نەتەوەیی کوردە. یەکێتییەک کە هیچ کام لە هێز و جوڵانەوەکانی پێشوو نەیانتوانیبوو بەدەستی بێنن. لە رۆژهەڵاتدا چوار ناوەند، یان هەرێم، وەک ئەمری واقیع هەن، کە بریتین لەباکوری رۆژهەڵات، کە هەرێمێکی کرمانجی ئاخێون، موکریان و ئەردەڵان و کرماشان (باشوری رۆژهەڵات). تا ئێستا سەرجەم شۆڕش و جوڵانەوە و حیزبەکان مۆرکێکی موکرییانییان هەبووە و لانی کەم دوای جوڵانەوەکەی سمکۆی شکاک، تا ئێستا نە کۆماری مەهاباد توانی کۆماری سێبەشەکەی تر، واتە باکوری رۆژهەڵات و ئەردەڵان و باشوری رۆژهەڵات بێت، وە نە جوڵانەوە شۆڕشغێڕییەکەی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو. شۆڕشی ژینا ئەم بەربەستە ناوچەگەرێتییە دەسکردەی نێوان چوار هەرێمەکەی تێکشکاند و هەر لەماکۆ و ورمێوە تا سنە و کرماشان و ئیلام، هەر هەموویان لەدەوری ژن یان ئازادیدا کۆبوونەوە و بەکردەوەش هاوپشتی یەکتری بوون. لە سەد رۆژی رابردوودا دەیان جار بینیومانە، کاتێک فشار لەسەر شارێکی ئەم هەرێمە بووبێت و کۆماری ئیسلامی ویستبێتی دەست بۆ سەرکوت و خوێنرێژی بکات، شار و شارۆچکەکانی هەرێمەکانی تریش هاتوونە مەیدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە و رێگری لە سەرکوتکاری و خوێنرێژی. ئەم هاوپشتی و هاودەنگییە، ئەگەر ناوێکی لێبنرێت ئەوا یەکێتی نەتەوەییە و ئەمەش بۆ گەلی رۆژهەڵات و سەرجەم نەتەوەی کورد یەکێکە لەگەورەترین دەسکەوتەکان.
پەزلێکی تری ئەم جوڵانەوە نارەزایەتییە دەرکەوتنی هێڵێکی جیاوازبوو لە خەباتی ژنانی رۆژهەڵات. شۆڕشی ژینا و شیعاری ژن ژیان ئازادی شۆڕشی فیمینیزمی کوردبوو. فیمینیزمێک جیاواز و رەسەنتر و کردەیی تر و باڵاتر لە فیمینیزمی ئەوروپی. هەروەک ژیژک دەڵێت ئەو فیمینیزمە ئەوروپییەی کە تەنها ژنانی چینی ناوەند و نوخبەی کۆمەڵگا رادەکێشێت و جێگایەکی نە بۆ ژنانی چینە نەخوێندەوار و هەژارەکان وە نە بۆ پیاوانی کۆمەڵگا تێدا نابێتەوە. بەڵام، بەگوتەی ئەو، فیمینیزمێک کە شؤڕشی ژینا کردییە کرۆکی شۆڕشێک فیمینیزمێکی خۆرسک و رەسەنە، نەدەستکردە و نە زادەی فەند و پشتگیری ئەم رێکخراو یان ئەو رێکخراوی جیهانییەیە. بەپێچەوانەوە، ئەم شۆڕشە سروشت فیمینیزمییە، هەر لەسەر زاری ئەو هی ئەقڵ و رۆح و مێژووی کوردە. یەکێک لە پێوانەی دەسکەوت یان شکستی هەر شۆڕش و جوڵانەوەیەک ئەوەیە پێش دەسپێک لەکوێ وەستابوویت و ئێستا لەکوێیت. ئەوەی لەرۆژهەڵات روویدا و ئەو جوڵانەوەیەی کە رەنگدانەوەی ژنانی سەلار و سەربەرز و شکۆمەندی کوردستانە خەریکە ببێتە مۆدێک نەک هەر بۆ گەلانی ئێران بەڵکو ژیژک وتەنی، ببێتە وانەیەک و مۆدێلێکی باڵا بۆ سەرجەم ژنانی دونیا.
ئەگەر ئەم پەزڵانەی سەرەوە کۆبکەینەوە لەشێوەی تابلۆیەکدا بیانخەینە سەریەک ئەوا مرۆڤ بەجورئەتەوە دەتوانێت دەسکەوت و گۆڕانکاری گەورە بۆ شۆڕشی ژینا وێنا بکات. ئەگر شۆڕش بەمانای گۆڕانکاری ریشەیی و دیموکراسیش بەمانای هێنانی دەنگی بەشە مەحروم و بێبەشەکەی کۆمەڵگا بێت ئەوا شۆڕشی ژینا دەسکەوتی گەورەی هەبووە. لەم قۆناغە لە پاشەکشەی مۆدێرنەتە و دیموکراسییەت و لاوازی هەستی نەتەوەیی لەناو کوردا وهەڵکشانی مەددی توندڕەوی دژە ژن لە ناوچەکەدا، ئێمە شاهیدی گۆڕانکارین بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا. گۆڕانکارییەک ئەگەر ئەنجامەکەی روخانی کۆماری ئیسلامی بێت یان نا، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە سەرەکیترین سەنگەر و کوانوی توندرەوی و کۆنەپارێزی هێناوەتە لەرزە، ئەمەش بۆ خۆی رۆح و جەوهەری هەموو شۆڕشێکی راستەقینەیە و ئەمەش دەسکەوتە مەزنەکەیە. جگە لەوە، شۆڕشی ژینا هاوپشتی و یەکێتییەکی نەتەوەیی کەم وێنەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و مۆدێلی ژن ژیان ئازادی کوردی نەک هەر بۆتە مۆدێلێک بۆ گەلانی ئێران، بەڵکو بۆ زۆرێک لە ئازادیخوازانی جیهانیش.