بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان: ئەو کچەی لە هوانە هێرشکرایە سەری لە رۆژی رووداوەکەوە دیارنییە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی: کچەکەی لە هوانە هێرشکرایە سەر لە رۆژی رووداوەکەوە دیارنییە و و نازانرێت بۆ کوێ رۆیشتووە.
سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ڕوداو ڕایگەیاند، "ئەو کچەی هێرشکراوەتە سەری لە رۆژی رووداوەکەوە نادیارە و نازانرێت لە کوێیە." دەشڵێت، "بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەکەی گەورەتر کردووە و یەکێکە لە هۆکارەکانی دیارنەمانی ئەو کچە."
وتیشی، "تەنیا چوار کەس لەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتباری سەرەکین و ئەوانی دیکە ئەوانەن کە قسەی پێدەڵێن و هاوار دەکەن."
باسی لەوەشکرد،"ئەو سزایانەی لە مادەی 413 دیاریکراون زۆر نین، بەڵام ئەگەر کچەکە دەربکەوێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات دادوەر سزاکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو زیانەی بەر ئەو کچە کەوتووە زۆرە و دەکرێت تاوانبارەکان سزای قورستر بدرێن."
هاوکات، پێشتر گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، 16 کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرکراون و لەسەر بنچینەی مادەی 413ی سزادانی عێراقی دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
