ژاوەژاوی پێش هەرەس!

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ژاوەژاوی پێش هەرەس!

بۆچی ئەندامان و هەوادارانی ئیسلامی سیاسی و هەڵگرانی بۆچوونە سەلەفییەکان ئەمڕۆ زۆرترین جوێن دەدەن، لەبری ئارگیومێنتسازی و مەوعیزەی حەسەنە و "جدال بالتی هی احسن" لاقرتی و سووکایەتی ئەخلاقی و کەسیی وەک یەکەمین چەکێک لەبەرامبەر دیاردەکانی دونیای نوێدا بەکار دەهێنن؟ بۆچی پێیان وایە ئازادی بە بەرەڵڵایی و دیموکراسی بە کوفر و عەلمانییەت بە ئیلحادییەت سکپڕە؟

حیزبی تودە یا تودەکانی ئێران میراتگری بزووتنەوەی چەپ و کۆمیونیستی ئەو وڵاتەبوون و لەساڵی 1920 وەک ڕێکخراوێکی چەپ و لەسەر دەستی 53 کەس بەناوی توودە لەتاران خۆیان ڕێکخستەوە. یەکێک لە دیارترین دامەزرێنەرانی توودە بوزورگ عەلەویی نووسەر و ڕۆماننوسی ئەو وڵاتە بوو کە بە ڕۆمانی "چاوەکانی" ناوبانگی بڵاوبوویەوە. توودەییەکان زۆر بێڕەحم و دڕندە بوون لەبەرامبەر نەیارە فیکری و سیاسییەکانیاندا. بەجۆرێک تووند بوون کە مەحاڵ بوو بهێڵن نەیارەکانیان سەر دەرکەن، دەمودەست بە وشە و نووسینەکانیان تیرۆری فیکرییان دەکردن. یەکێک لە وشنەەی توودەییەکان بەکاریان دەهێنا و نەیارەکانیان پێ تیرۆر دەکرد وشەی "لیبرالیزم"بوو. لە ڕێگای ئەم وشەیەوە کەشێکیان دروستکردبوو کە هەرکەسێک باوەڕی بە ئازادی و اف و دیمکراسی هەبووایە پێیاندەگوت لیبراڵیست و ەڕێگای ئەم وشەیەوە ئەوەی باوەڕی بە ڵیبراڵیزم ەبێت ئەوا دیارە بە کرانەوە وئیمپریالیزم و داگیرکاری ڕۆژئاوا هەیە و دەبێت سەرکوت بکرێ.

پێش ڕووخانی شا توودەییەکان زۆر چالاکبوون، لەڕێگای وشەی لیبرالیزمەوە هەموو نەیارە فیکرییەکانیان تارومار و تیرۆر دەکرد. کەم بوون ئەو نووسەرانەی لەترسی ئەم وشەیە بوێری ئەوە بکەن بە ئاشکرا خۆیان وەک لیبرالیست نیشان بدەن.

دکتۆر ئیبراهیمی یەزیدی وەک لە بیرەوەریەکانیدا دەنووسێت یەکێک بوو لەو کەسە چالاکانە ئێران کە بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئازادی لە ئێراندا دامەزراندبوو. دکتۆر یەزدی خۆی پسپۆڕی مۆلەکیولەر بایەلۆژی بوو، بەهۆی پسپۆڕێتییەکەیەوە زانکۆکانی لەندەن و کالیفۆرنیای دی بوو. یەکێک بوو لەو کەسانەی کە هانی ڕوحوڵا خومەینی دا لە نەجەفەوە بگوازێتەوە بۆ پاریس و بەڕووی دونیای نوێدا بکرێتەوە. دەگێڕێتەوە کە خومەینی لەنەجەف پێی گوتووە : " من وا تەمەنم بەسەر دەچێت وخزمەتێکی شیاوم بە ئیسلام نەکرد، هیوادارم ئێوە ئەو خزمەتە بکەن" دکتۆر یەزدی دەڵێت بە خومەینیم گوت: "قوربان شا مەحکومە بە کەوتن، ئێمە ناتوانین لوکسی ئەوەمان هەبێت دوای شا وڵات لە دیکتاتۆرییەتێکی بنەماڵەییەوە بدەینە دەست دیکتاتۆرییەتێکی چەپ، ئێوە خەڵکێک بەگوێتان دەکات بۆ ئەوەی دەنگتان زیاتر ببیسترێت دەبێت لە پاریسەوە نەک لە نەجەفەوە دەنگتان بگەیەنن بە خەڵک". یەکەمین چاوپێکەوتنەکانی خومەینی لەگەڵ مۆنتێ کارلۆ و ئاژانسە فەرەنسییەکان ئەم دکتۆر ئیبراهیمە بۆ خومەینی دەستەبەر دەکات.

خومەینی لەسەر قسەی دکتۆر یەزدی و هاوبیرەکانی " ەو سەردەمەدا عەلی شەریعەتی، مەهدی بازرگان و دەیان کەسی دیکە هاوشێوەی یەبزدی بیریان کردۆتەوە" دەچێتە پاریس، بەقەولی توودەییەکان دونیای لیبراڵ دەبینێت و ئەم کارە وادەکات خومەینی بتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر توودەییەکاندا زاڵ بکات. ئەوەی سەیرە لە ساڵی 1979 و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران خومەینی کە دەگەڕێتە هاوشێوەی دژایەتی و قەدەخەکردنی توودەییەکانی ئێران دەکەوێتە دژایەتیکردنی لیبراڵ و ئازادیخوازەکانیش. لەژێر فشاری هەندێ لە ڕاوێژکارەکانی وەک فەرماندە موحسینی ڕەزائی و هاشمی ئەکبەری ڕەفسەنجانی ئەمجارە هەروەک توودەییەکان هەڵمەتی دەژە لیبراڵەکان دەست پێدەکات، بەڵام بە ماناو ناوەڕۆکێکی جیاوازتر. گەر لە ئێرانی پاش شۆڕشدا بە کەسێک بگوترایە لیبراڵ ئەوا بەو مانایە پێی دەگوترا کە ئەم کەسە بێئەخلاق و بێنامووسە، سڵ لە هیچ بێ ئەخلاقییەک ناکاتەوە، تەنانەت چاوی لەسەر مەحرەمەکانی خۆشێتی. دەیانگوت تەماشای ئامریکا و فەرەنسا بکەن چ بێئەخلاقخانەیەکن! لیراڵەکانی ئێمەش دەیانەوێت وڵاتەکە وەک ئەو وڵاتە ڕۆژئاواییانە بێ ئەخلاق ببێت.

یەکێک لەوانەی کە بەر شاڵاوی تیرۆری وشەی "لیبرالیزم"کەوت دکتۆر ئیبراهیمی یەزدی بوو کە زۆریش لە خودی خومەینی نزیک بوو. لەژێر هەژموونی نزیکەکانی خومەینیدا سەردانیکردنی خومەینی لێ قەدەخە کرا. بەتایبەتی لەساڵانی سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران-عێراقدا. یەزدی دەڵێت " من لەسەرەتاوە دژی ئەو ڕاوێژە داگیرکارییانە بووم بۆ سەر خاکی عێراق کە ڕەفسەنجانی و ڕەزائی گوایە بۆ پاراستنی سنوورەکان دەیاندایە خومەینی، دەمزانی سەددام چ جۆرە بوونەوەرێکی شەڕەنگێزە، ئەو ماڵوێرانییەم دەدی کە لە ئەنجامی ئەم ڕاوێژە هەڵانەوە ڕوو دەدات، بەڵام نەیاندەهێشت خومەینی ببینم".

بەڵێ شەڕی ئێران عێراق ڕوویدا هەشت ساڵ بەردەوام بوو، یەک ملیۆن کەس لەهەردوولا بوونە قوربانی بەگوێرەی ماڵپەری سپێکتەیتەر ئیندێکس تێچووی ئەو شەڕە زیاتر بووە لە یەک ترلیۆن دۆلار، دەیان عەقڵ و کەسایەتی نزیک لە خومەینی وەک دکتۆر ئیبراهیمی یەزدی بە بیانووی ئەوەی کەسانی لیبراڵن وەک بێئەخلاق و بێ نامووس تەماشا دەکران و نەیاندەهێشت قسە بکەن و خومەینی ببینن. لەکۆتاییدا دکتۆر یەزدی دەڵێت خومەینیم دی و پێم گوت: "قوربان تۆ ئەم نەزیفە بوەستێنە" دەڵێت خومەینی پێی گوتم: " ئاغای یەزدی من بەم سەروو سیما سپییەوە بچم لەگەڵ شەلاتییەکی وەک سەددامدا دانووستان بکەم؟" پێم گوت: "بەڵێ قوربان دەبێت بیکەیت، دانووستان ناکەیت چ دەکەیت؟ سیاسەت کەی پەیوەندی بە سەروو سیماوە هەیە؟"

ئەحمەد خومەینی کوڕی خومەینی دواتر لە وەک ناڕەزایەتییەک لەسەر ئەوەی گوایە خومەینی چاوی بەم لیبراڵانەی هاوشێوەی یەزدی کەوتووە وەک تەشەر دەڵێت " بەڵیێ باوکم چەند جارێک دیداری لەگەڵ ئەم لیبراڵانەدا کردووە"وەک ئەوەی کارێکی خراپی کردبێت.

🔹ئەم باسە چ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە هەیە؟

بەدەر لەوەی وشەکانی لیبراڵیزم، ماف، دیموکراسی، عەلمانییەت، سیکۆلاریزم، چی دەگەیەنن لایان، ئەمڕۆ بەکارهێنانی ئەم وشانە و قسەکردن لێیان بەسن بۆ ئەوەی ئەو عەقڵییەتە داخراوە سەلەفییە تووندەی کە لەم جوگرافیای ئێمەدا حاکمی موتڵەقی بیرنەکردنەوەیە تیرۆری فیکریت بکات و بتخاتە ژێر نیشانەی پرسیاری ئەوەی کە تۆ کەسێکی لادەر و و بێدین و بێئەخلاق و مولحیدیت. بەکارهێنانی واژەکانی وەک : "دیموکراسی کوفرە، عەلمانییەت واتە ئیلحادییەت، جێندەر واتە قوندەر، ئازادی واتە بەرەڵایی ..هتد" نمونەیەکی کتومت هاوشێوەی ئەو نمونەیەن کە توودەییەکان بەر لە نیو سەدە بەکاریان دەهێنا. هەرئەوەندە نا پێشتریش چەپ و مارکسییەکانی لای خۆمان هەمان شتیان لە بەرامبەر کۆنسرەڤەتیڤ و دیندارانی ئێمەدا بەکار هێناوە گوایە کۆنەپەرەست و ڕەجعی و دواکەوتوون و لە دونیای نوێ دابڕاون، دین ئەفیۆنە، مۆتۆکانی سەبارەت بە مافی کرێکار و پلۆریتاریا بەشی زۆریان مۆتۆی ئیستفزازی بوون دژی دین و کلتوری خەڵکی ئەم جوگرافیایە. شاعیرێکی ئەم چەپانە بەمەندە بەس ناکات دژی ئابووری دونیای ئازادیشە دەڵێت:

لەهەر شوێنێ دۆلار بژی بژێنمەوە سەد گیڤارا

ئەم عەقڵییەتە دۆگما سەلەفییە "چ دیندار بێت چ بێدین، چ ڕاست بێت چ چەپ" دەقیق هەمان میکانیزمی خومەینی و توودەییەکان بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی وەهمەکانی خۆیان بەکار دەهێنن. ئەم گوتارە توندە سەری لەخێرەوە دەرناچێت. ئێرانی خومەینی و توودەییەکانی سەردەمی شا نمونەی باڵای ئەم جۆرە لە تیرۆر و تۆقاندنن. ئێمە ئەمڕۆ لەنان و ئاو زیاتر پێویستیمان بە بەها باڵاکانی مۆدێرنیتە و فەزیلەتە مەدەنییەکان هەیە. دیارە هاتنی ئەم بەهایانە بێ کەم و کەسر و بێ کێشە نابن، بەڵام هەمشە ئازادی لە نەبوونی ئازادی، سیستم و دەوڵەت و مەنزوومەی دیموکرات و مافسەنتەر لە سیستم و مەنزوومەی دینی و تیۆلۆژی و خواسەنتەر چاکتر و ئاوەدانتر و پڕ بەرهەمترە.

ئەو سەرکردانەی دڵیان بە جوێندانی ئەندامەکانیان خۆشە گوایە لەڕێگەی جوێنەوە خودا و ئەخلاق و دین و نیشتمان و کوردایەتی دەپارێزن، زوو یا درەنگ خۆیان دەبنە قوربانی دەستی ئەو چەقۆ دووسەرەی دەستی خۆیان کە بێ پەروایانە بەڕاست و چەپ دەیوەشێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار