بۆچى هاوڵاتیان لە ئەداى حکومەتى هەرێم ناڕازین؟
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ سورە
هەر گەل و نەتەوەیەک گەیشتە ئەو بڕوایەى زوڵم و نادادپەروەرى نان و ئازادى لێزەوت کراوە کاردانەوەى توندى دەبێت بۆیە کاتێک زوڵم و زۆرى بەعس گەیشتە لوتکەى فاشیەت خەڵکى شۆڕشگێڕى کوردستان لێى ڕاپەڕین ئەوە بوولە ڕۆژى 4-3-1991 ڕاگوێزراوانى پشدەرى لە ئۆردوگاى خەبات لە بەینى موسڵ و هەولێر بڵێسەى ڕاپەڕینیان لێدا و ڕاپەڕین لە کوردستان سەرکەوت .، لە دێر زەمانەوە سەلمێنراوە شتى خۆمانە باشترن لە هى بێگانە . لانیکەم لەبەر ئەوەى بێفێڵ و بێساختەن . کەواتا دەبێت دەسەڵاتى خۆمان واتا حکومەتى هەرێمیش زۆر باشتر و بە سۆز تربێت لە دەسەڵاتى بێگانە بەڵام ئەوەى جێگەى داخە هاوڵاتیان ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار دەخوازن ئەمەش ئازارێکى زۆر بە سوێیە بۆ ئەوانەى قوربانیان داوە لە پێناوى خاک و گەلى کورد لە هەمانکاتدا توڕەیى خەلک بە مەترسیەکى گەورە دەبینن .
ئاشکرایە مرۆڤى باش پەروەردەکراو لە هەر شوێنێکى دونیا بێت لەکاتى ڕاپەڕاندنى ئەرکى سەرشانیدا هەرگیز بیر لە قسورکردن ناکاتەوە فەرق و جیاوازى ، لوت بەرزى ، نادادپەروەرى ، گەندەڵکارى و دزى بەدیاردەیەکى دزێو دەزانێت لەبەر ئەوەى کەسێکى دامەزراو و بە ویژدانە بۆیە چاودێرى کردنیشى ناوێت بەڵام ئێستا وایلێهاتووە ئەگەر یەکێک تەنیا کەوچکى ئاوى دانولەى بەدەست بێت حەزى لە دزى و فەرق و جیاوازییە . جا کە هەڵکشێین بۆ پۆستەکانى وەک بەڕێوەبەر و وەزیر و بەرپرسى حزبەکان دەتوانم بڵێم زۆربەى هەرە زۆریان بەهۆى پێگەکەیان خۆیان دەوڵەمەند کردووە و هەر یەکەشیان چەند پاسەوان و چەند پرسگەیەکیان هەیە ئەگەر بخوازى بچیتە لاى یەکێکیان دەبێت واسیتەت هەبێت ئینجا چاوت پێی دەکەوێت بەلاى زۆریشەوە ئیشەکەشت بۆ ناکات !. ڕاستە لە هەرێمى کوردستان ئازادى فەراهەم بووە بەتایبەتى دواى ڕاپەڕینى ساڵى ( 1991) سەرەڕاى زۆر کێشە و ڕووداوى نەخوازراوى جەرگ بڕ وەک شەڕى ناوخۆ ، گەمارۆى ئابوورى ، هاتنى داعش ، ڕوداوى (16) ى ئۆکتۆبەرى (2017) پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت و بڕینى بودجەى هەرێم لەلایەن شیعە پاسدارەکانى بەغدا و هتد .. . دیارە ئازادى بەشێکى گرنگى ژیانى مرۆڤەکانە بەڵام ئەویش هەموو شتێک نیە بێگومان نان و ئازادى تەواو کەرى یەکترن ڕاستە لە مێژوودا بە ملیۆنان مرۆڤ خۆیان کردووەتە قوربانى بۆ ئازادى و ڕزگارى نیشتمان چونکە ژیان لە ژێر سایەى داگیرکەر و نەبوونى ئازادى بەهایەکى نیە .
ئەوەتا زۆربەى هاوڵاتیان دەپرسن و دەڵێن ئایا ئەو هەموو قوربانیەى درا لە ئەنفال و کیمیا باران و ڕاگواستن و کۆڕەو زیندان و لە سێدارەدان و مەینەتیەکانى دى بۆ ئەوە بوو جەماوەرى گەلەکەمان بێزاربن لە دەسەڵاتى حزبەکانى کوردستان؟ ئایا بۆ دروشمە جوانەکانى سەردەمى شۆڕشى ڕزگارى نیشتمانى هەموویان لە بیر کران ؟ ئایا کێن ئەوانەى هۆکارن لە سەدا هەشتاى خەڵک بەشدارى هەڵبژاردنەکان نەکات و ئومێد و هیوایان بەهیچ لایەنێکى سیاسى نەمێنێت ؟ ئەوەتا ( سى ) ساڵە خۆمان حوکمى خۆمان دەکەین ڕێگە و بانەکان هەموو ڕۆژێک کارەساتیان لێدەبارێت کەرتى کارەبا و ئاو جێگەى شەرمەزارین. نەک هەر موچە نەدراوو و پاشەکەوتکراوەکان نادەنەوە بە موچەخۆر و خانەنشینەکان بەڵکو موچەى مانگانەش لە کاتی خۆیدا نادرێت .
نەوت نادرێتە بەهاوڵاتیان بۆیە لە بازاڕى ڕەش بەهاى بەرمیلێک نەوت گەیشتە دووسەد و حەفتا هەزار دینار لەکاتێکدا حکومەت بەنرخێکى زۆر لەوە کەمتر بە جیهانى دەرەوەى دەفرۆشێت!!! بێگومان کەمدەرامەتەکان پارەى یەک بەرمیلیشیان بۆ پەیدا ناکرێت ئەوانەش زۆرترینى خەڵکن ، بەنزین و گاز لە کڕین نایەن لەلایەکى دى حکومەت باجى زۆر زیاد کردووە . نەخۆشخانە حکومیەکان و نەخۆشەکان پشتگوێ خراون و کەس لە کەس ناپرسێتەوە زۆربەى پزیشکەکان گرێدراوى نەخۆشخانە ئەهلیەکانن ئەوەش وایکردووە خەڵک بەناچارى بچێتە نەخۆشخانە ئەهلیەکان لەوێش خەڵک ڕوتاندنەوەیە و حکومەتیش لە گوێى گادا خەوتووە .لە کۆتایدا دەخوازم خەمخۆرانى گەلەکەمان هەرچى زووە بەئاگا یبێنەوە بۆ ئەوەى ئەو حزب ولایەنە داخ لەدڵانەى وابەستەن بە ئەجنداى داگیرکەران چ لە باکور و ڕۆژئاوا چ لە باشور تووڕەیى هاوڵاتیان و کەمتەرخەمى حکومەت نەقۆزنەوە کە دەخوازن حکومەتى هەرێم ژێرە و ژوور بکەن و ڕادەستى پاسدارە شیعە مەزهەبەکانى بکەن بۆ ئەوەى ئازادیخواز و پێشکەوتووخوازەکان خەڵتانى خوێن بکەن جارێکى دیکە لە جێگەى بەعس ئەنفال و کیمیاباران ئەنجامبدەنەوە خۆشیان بە "بەسیج" ئاسا وێنەى خامنەیى و ئاغاکانى دیکەیان لە ژێر کراسەکەیان بێننە دەرەوە لە بەرۆکیان بدەن و ئیدى کەس خاوەنى کەرامەتى خۆى نەبێت .
دڵنیام کەسانێکى گەمژە و گەوجاو هەن حزبە جاش پاسدارەکان وەک خۆیان ناناسن . کە لەژێر پەردەى ئاین و خواپەرستیدا یان نەتەوەیى و پێشکەوتنخوازیدا خۆیان مەڵاسداوە بۆیە ناکرێت دڵسۆزانى گەلەکەمان ئەوە نادیدە بگرن کە دوژمنى ژمارە یەکى کورد کۆمارى ئیسلامى ئیرانە هەتا ئاخوندەکانیش لە دەسەڵات بمێنن هەزار و یەک پیلان وەڕێ دەخەن دژى کورد و حکومەتى هەرێم بەگۆڕینى سیستەمى سیاسى لە ئیران لەدایک بوونى دەوڵەتى کوردستان دەبێتە شتێکى حەتمی ،هیواخوازم دڵسۆزانى بە ئەزموون و هوشیارى کوردستان بۆ پاراستنى قەوارەى هەرێم و ژیانى نەوەى داهاتوو لە هەوڵى ڕاستکردنەوەى کەم و کوڕیەکانى ئەداى حکومەتبن و پەردە لە سەر ڕوى خاک فرۆش و خۆ فرۆشان لادەن و لە قاویان بدەن ، پێشمەرگە ئاسا وەک ڕابردوو لەسەنگەر دابن .