گۆڕانكاری لەعەقیدەی سـەربـازیی ژاپـۆن؛ هــۆكارو گرنگییەكانی

2 ساڵ لەمەوپێش



رەنج نەوزاد

لەمانگی دوانزەی ئەمساڵدا حكومەتی ژاپۆن بڕیارێكی گرنگ و مێژوویی دا كەبریتی بوو لەگۆڕانكاری لەعەقیدەی سەربازیی وڵاتەكەی. ئەم بڕیارە پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەسیستەمی جیهانی و گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە. بۆ تێگەیشتن لەگرنگی و هۆكاری ئەم گۆڕانكارییە، پێویستە هەندێك زانیاری و وردەكاری بخرێتەڕوو لەبارەی ژاپۆنەوە.

دوورگەی ژاپۆن وڵاتێكە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئاسیا لەئۆقیانووسی ئارام، لەزیاد لەشەش هەزار دوورگە پێكدێت، بەڵام تەنیا ٤٢١ دوورگەی گونجاوە بۆ نیشتەجێبوون، زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووان و شارە سەرەكی و گەورەكانی وڵاتەكە تەنیا دەكەونە چوار دوورگەی سەرەكی و گەورەی ژاپۆن (هۆكایدۆ، هونشۆ، شیكوكۆ و كیشۆ). سنووری وشكانی لەگەڵ هیچ وڵاتێكی تردا نییە، سنووری ئاوی لەگەڵ رووسیا و كۆریاو چین هەیە. لەدوای ئەمریكا و چین، خاوەنی سێهەم بەهێزترین ئابوورییە لەجیهاندا. ژاپۆنی هاوچەرخ رەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٦٨ كاتێك ئیمپراتۆر میچی (واتە چاكسازیكاری رۆشنگەر) دەسەڵات دەگرێتەدەست. سەرەتای كرانەوەی ژاپۆن و سوودوەرگرتن لەشۆڕشی پیشەسازی رۆژئاواو گەشەكردنی ئابووری و سەربازی و سیاسی و كۆمەڵایەتی ژاپۆن بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. هاوكات یەكەم دەستوورو حزبی سیاسی لەوڵاتەكە هەر لەو سەردەمە دەنووسرێتەوەو سەرهەڵدەدات. بەڵام جیاوازییەكی جەوهەری هەیە لەنێوان ژاپۆنی پێش ١٩٤٥ و جەنگی دووەمی جیهانی لەگەڵ ژاپۆنی پاش جەنگەكە، ئەویش بریتییە لەڕەهەندی سەربازی. ژاپۆنی كۆتاییەكانی سەدەی ١٩و تاجەنگی دووەم، لەگەڵ پێشكەوتنی لەڕووی پیشەسازی  و سیاسییەوە، هاوكات بریتی بوو لەژاپۆنێكی سەربازی  و شەڕانگێزو داگیركەر. زۆربەی كات پەلاماری سەربازی و داگیركاری ئەنجامدەدا دژ بەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیاو دراوسێكانی وەك كۆریاو چین و تایوان رووسیا... ئەم شەڕانگێزی و سرووشتە سەربازییەی ژاپۆن، زۆربەی كات مایەی ترس و نیگەرانی ئەمریكا بوو، چ لەپێش  و چ لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانی، چونكە ببووە مایەیی ناسەقامگیرییەكی گەورە لەناوچەی ئۆقیانووسی ئارام كە بەناوچەیەكی گرنگ و هەستیار دادەنرێت لای ئەمریكا.

ئەم شەڕانگێزییەی ژاپۆن كۆتایی هات لەكۆتاییەكانی جەنگی دووەمی جیهانی لەساڵی ١٩٤٥ كاتێك ئەمریكا بەدوو بۆمبی ئەتۆمی ژاپۆنی ناچاركرد ئاڵای سپی بەرزبكاتەوەو پاشان ئەمریكا ژاپۆنی داگیركردو ژاپۆنێكی نوێی درووستكرد. ژاپۆنی ئەمرۆ لەڕووی سەربازی و دەستووری و سیاسەتی دەرەوە، دەتوانرێت بوترێت كەوڵاتێكە دەستكردی ئەمریكایە (لەم رووەوە ئەڵمانیا نزیكترین نموونەیە لەژاپۆنەوە). ئەمریكا بۆ كۆتایی هاتن بە مەترسی دووبارە دروستبوونەوەی ژاپۆنێكی داگیركەرو بەهێز لەڕووی سەربازییەوە، چەندین هەنگاوی نا؛ لە ١٩٤٧ دەستوورێكی بۆ ژاپۆن نووسیەوەو كردییە دەوڵەتێكی ئاشتیخواز، تائەمڕۆش ئەو دەستوورە كارایە. دەستوورەكە سێ بنەمای سەرەكی هەیە: سەروەری گەل، واتە دیموكراسی، رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و وازهێنان لەجەنگ. بە پێی ماددەی نۆی ئەو دەستوورە ژاپۆن بۆ هەتاهەتایە دەستبەرداری مافی هەڵگیرساندنی جەنگ و چارەسەركردنی كێشە لەڕێگەی سەربازی و گەشەدان بەپیشەسازی چەك، بوو. واتە ژاپۆن تەنیا بەرگری لەخۆی دەكات ئەگەر هێرش بكرێتەسەری و جگە لەوە هەرگیز لەدەرەوەی سنوورەكانی خۆی ئامرازی سەربازی بەكارناهێنێت. هاوكات ئەمریكا حكومەتێكی مەدەنی و دیموكراتی بۆ ژاپۆن درووستكردو خاكی ژاپۆنی كردە گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكا لەجیهاندا لەدەرەوەی ئەمریكا، بۆ ئەوەی بەرگریكردن لەژاپۆن لەئەستۆی ئەمریكا بێت. لەئێستادا دەوروبەری  ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریكی بەبەردەوامی لەناو خاكی ئەو وڵاتەن.

لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە نزیكترین هاوپەیمانی ژاپۆن بریتییە لەئەمریكا. تاڕادەیەكی زۆر دەكرێت بوترێت، لەڕووی سەربازییەوە، ژاپۆن بەشێك بووە لەئەمریكا. ئەمە دیاردەیەكی سەرنجڕاكێشە، ئەمریكا بەبۆمبی ئەتۆمی لەو وڵاتەی داوەو داگیری كردووە، بەڵام هەر پاش جەنگەكە دەبنە دوو نزیكترین هاوپەیمانی یەكتر. ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە، لەسەر بنەمای دۆڕاوو براوەی جەنگ و ناچاری و پراگماتیزم و بەرژەوەندی هاوبەشە. لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بنەمایەكی بەهێزی نییە، لەسەر ئاستی حكومی و فەرمی و سیاسی بنەمایەكی پتەوی هەیە. هەر بۆیە هەمیشە لەناو ژاپۆنییەكان بێزاری و رەخنە هەبووەو هەیە لەو هەژموونە بەهێزەی ئەمریكا. ئەم تێڕوانینە هەندێك كات لەناوەندە سیاسی و فەرمییەكانی ژاپۆنیش رەنگیداوەتەوە، بەڵام بڕیاربەدەستی ژاپۆنی، زۆرینەیان، هەمیشە پێیان باش بووە ئەو جۆرە پەیوەندییە لەگەڵ ئەمریكا تێكنەدرێت، چونكە ژاپۆن لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەوە سوودێكی گەورەی بینیوە لەو پەیوەندییە، جگە لەوەی ئەمریكا هەمیشە دەبێت ژاپۆن بپارێزێت لەهەر دەستدرێژییەكی دەرەكی.

ئەم سیاسەت و تێڕوانینەی ژاپۆن بۆ بایەخنەدان بەلایەنی سەربازی و بایەخدان بەگەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی، بەردەوام دەبێت تادەوروبەری یەك (دەیە)ی رابوردوو. لەگەڵ ئەو گەشەكردنە گەورەیەی چین لەڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە، هەروەها لەگەڵ گەشەكردن و بەردەوام بایەخدانی كۆریای باكور بەبەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكیەكەی، ژاپۆن بیری لەوەكردەوە كە پێویستە بایەخ بدات بەلایەنی سەربازی نەك تەنیا پشت بەئەمریكا ببەستێت. بەڵام ئەو بیركردنەوەیە نەگەیشتە ئاستی گۆڕانكاری گەورە لەفكرو ستراتیژی سەربازیی ژاپۆن. هەنگاوی گەورەو جددی و مێژوویی ژاپۆن لەڕووی سەربازییەوە لەمانگی ١٢ی ئەمساڵ بوو. كاتێك لەڕێگەی سێ پڕۆژە یاخود بەڵگەنامەوە گۆڕانكاری لەعەقیدەی سەربازی ژاپۆن راگەێنرا. لەبەڵگەنامەی یەكەم هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە دیاری دەكات لەعەقیدەی سەربازیی ژاپۆن و هەڕەشەكانی سەر ژاپۆن دەستنیشاندەكات؛ كە سێ هەڕەشەی سەرەكین ئەوانیش چین و كۆریای باكوورو رووسیا. بەڵگەنامەی دووەم شێوەو ئامرازەكانی رێگرتن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە دەستنیشان دەكات و داوا دەكات ژاپۆن هەرسێ هێزی ئاسمانی و وشكانی و دەریای بەهێز بكات و گەشەی پێبدات، هاوكات هێزی بۆشایی ئاسمانیش زیادبكرێت. بەڵگەنامەی سێهەم: لایەنی دارایی جیبەجێكردنی پلانەكەیە. ژاپۆن بڕیاریدا بڕی ٣٢٠ ملیار دۆلاری زیادە تەرخانبكات بۆ لایەنی سەربازی تاساڵی ٢٠٢٧، هاوكات بۆ ئایندەی دوورتر لە ٢٪ی (GDP) تەرخانبكات بۆ لایەنی سەربازی، لەكاتێكدا ژاپۆن پێشتر ١٪ی (GDP) تەرخانكرابوو بۆئەو مەبەستە كەدەیكردە دەوروبەری ٥٠ ملیار دۆلار ساڵانە، بەم بڕیارە ژاپۆن لەئایندەدا ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار تەرخاندەكات بۆ لایەنی سەربازی، ئەمەش دەیكاتە سێهەم گەورەترین بودجەی سەربازی لەجیهاندا لەدوای بودجەی سەربازیی  ئەمریكا و چین.

 بەپێی ئەو سێ بەڵگەنامەیە كەدەبنە عەقیدەی نوێی سەربازیی ژاپۆن، ئەوا ژاپۆن مافی هێرشی پێچەوانەی دەبێت، واتە ئەگەر دەوڵەتێك هێرش بكاتەسەر ژاپۆن، ئەوا ژاپۆنیش هێرش دەكاتەسەر ئەو دەوڵەتە، نەك تەنیا بەرگری بكات وەك ئەوەی لەعەقیدەی سەربازیی پێشتری ژاپۆن هەبوو كە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تائەم مانگە بەردەوام بوو. بۆ ئەو مەبەستە ژاپۆن ٥٠٠ مووشەكی دوورهاوێژ لەئەمریكا دەكڕێت وەك سەرەتا، تا ئەوكاتەی خۆی مووشەكی لەو شێوەیە درووستدەكات. لەئێستادا ژاپۆن تەنیا مووشەكی كورتهاوێژی هەیە، كە تەنیا بۆ مەبەستی بەرگرییە، بەڵام مووشەكی دوورهاوێژ كە لەعەقیدە نوێیە سەربازییەكەدا هەیە، مەبەست لەوەیە لەكاتی هەڕەشەی راستەقینەدا، ژاپۆن بتوانێت قووڵایی ئەو سێ دەوڵەتە نەیارە بكاتە ئامانج. هاوكات ژاپۆن لەو پڕۆژە نوێیەدا رایگەیاندووە كە رازی نییە هیچ گۆڕانكارییەك لەهاوسەنگی هێز لەسیستەمی جیهانی بەتایبەت لەپەیوەندییدا بەناوچەی ئۆقیانووسی ئارام  رووبدات. ئەمەش مەبەست لەهەڕەشەكانی چینە لەتایوان، كە ژاپۆن هەڕەشەكردن لەتایوان لەلایەن چینەوە بەهەڕەشەكردن دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆی. چونكە ئەگەر چین هێرش بكاتەسەر تایوان، ئەوا دەكرێت هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانەی تریش كە چین بەخاكی خۆی دەزانێت لەدەریای باشوورو رۆژهەڵاتی چین، بۆ نموونە دوورگەكانی سینكاكۆ لەدەریای رۆژهەڵاتی چین كە لەژێر سەروەری ژاپۆنن و چین بەخاكی خۆی دەزانێت. هەرچەند بەپێی بۆچوونی زۆرێك لەچاودێران ئەم گۆڕانكارییە لەعەقیدەی سەربازیی ژاپۆن پێچەوانەی دەستووری وڵاتەكەیە، بەڵام حكومەتی ژاپۆن هەوڵیداوە بیگونجێنێت لەگەڵ دەستووردا، بەوەی كە لەم عەقیدە نوێیەشدا ژاپۆن نابێت دەستپێشخەری بكات لەجەنگدا. دەكرێت لەئایندەدا ژاپۆن هەمواری ئەو ماددانەی دەستوورەكەی بكات كە بەتەواوی لایەنی سەربازی ژاپۆنی سنووردار كردوە.

وەك ئاماژەی پێكرا، سیاسەتی ئەمریكا هەر لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەرامبەر ژاپۆن ئەوە بووە كە لەڕووی سەربازییەوە سنوردارو لاوازی بكات. ئایا ئێستا ئەمریكا تێڕوانینی بۆ ئەم گۆڕانكارییە چییە؟  پێش هەموو شتێك، كارێكی ئەستەمە بەبێ رەزامەندی و پرس و راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەمریكا، ژاپۆن بتوانێت گۆڕانكارییەكی وا گەورە بكات لەعەقیدەی سەربازییەكەی. بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە، پێویستە بزانین پرۆسەی بڕیاردان لەژاپۆن چۆنە. ژاپۆن سیستەمێكی پاشایەتی (ئیمپراتۆر) پەرلەمانییە. بەڵام لەژاپۆن دەستەبژێرێك هەیە پێی دەوترێت بیرۆكراتەكان. ئەمانە كەسانێكن زۆربەیان دەرچووی بەشی یاسای زانكۆ گەورەكانی ژاپۆنن، بەپڕۆسەو تاقیكردنەوەیەكی زۆر سەخت دەگەن بەوەی ببن بەبیرۆكرات. ئەم بیرۆكراتانە زیاتر لەدەزگا فەرمی و حكومییەكان كاردەكەن، وەك بەڕێوبەرو كارمەند، كەمتر دەبنە وەزیرو سەرۆك وەزیران و پلەی باڵا، بەشێكی زۆری ئەو بڕیارانەی حكومەت و پەرلەمانی ژاپۆن دەریدەكەن، بریتین لەو پڕۆژانەی كە لەلایەن ئەو بیرۆكراتانەوە بەرزكراوەتەوە بۆ حكومەت و پەرلەمان. ئەم بیرۆكراتانە بەگشتی، لەگەڵ مانەوەی ئەو پەیوەندیەی ئەمریكاو ژاپۆنن. جگە لەوەش، لەژاپۆن كاریگەرترین حزب لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە، بریتییە لەحزبی لیبراڵ دیموكرات، كە لەساڵی ١٩٥٥تا ئەمڕۆ، جگە لەچەند ساڵێكی كەم، بەبێ دابڕان حزبی دەسەڵاتەو حكومەت پێكدێنێت، لەژاپۆن بەم هاوكێشەیە دەڵێن (سیستەمی ١٩٥٥). ئەم حزبەش پڕۆ ئەمریكایەو پێی وایە ئەمریكاو ژاپۆن دەبێت دوو نزیكترین هاوپەیمان بن. لێرەوەیە دەتوانین بڵێین ئەم گۆڕانكارییەی ژاپۆن ئەستەمە بەبێ رەزامەندی و تەنانەت بەپێشنیاری ئەمریكا نەبووبێت. دواتر وەڵامی ئەوە دەخرێتەڕوو بۆچی ئەمریكا لەم سەردەمەدا پێی باشە ژاپۆن عەقیدەی سەربازیی خۆی بگۆڕێت.

 بەگشتی چەندین هۆكار هەیە بۆ ئەم گۆڕانكارییە لەعەقیدەی سەربازی ژاپۆن:

١-سیاسەت و رەفتارەكانی چین لەناوچەی زەریای ئارام، بەتایبەت دژ بەتایوان و لەدەریای باشوورو رۆژهەڵاتی چین. هەروەها گەشەكردنی بەردەوامی چین لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە.

٢-گەشەكردنی پڕۆژە ئەتۆمی  و مووشەكیەكانی كۆریای باكوور.

٣-هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، كەژاپۆنی ترساندوە لەوەی چین بەهەمان كار هەستێت بەتایبەت دژ بەتایوان. ئەم سێ هۆكارە لەو سێ بەڵگەنامەیەش ئاماژەی پێكراوە. بەڵام دەكرێت هۆكاری تریش هەبن لەوانە :

٤-هەندێك لەچاودێران پێیان وایە كەمبوونەوەی متمانە بەڕۆڵی ئەمریكا لەجیهاندا  وادەخوازێت ژاپۆن تەنیا پشت بەئەمریكا نەبەستێت. بەڵام ئەم هۆكارە تاڕادەیەك لاوازە، چونكە وەك لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، ئەم گۆڕانكاڕییە گەورەیە لەعەقیدەی سەربازیی ژاپۆن ئەستەمە بەبێ رەزامەندی و پرس و راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەمریكا رووبدات، تەنانەت ئەمریكا پشتگیری ئەو گۆڕانكارییەی كردو دەستخۆشی لێكرد.

٥-تەنانەت دەكرێت ئەو گۆڕانكارییە لەسەر داوای ئەمریكا بێت. چونكە ئەمریكا دەیەوێت قوورسایی هێزی خۆی بخاتە ناوچەی زەریای ئارام نزیك لەچین، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە هاوپەیمانەكانی بەهێزبكات بۆ ئەوەی هەموو ئەرك و تێچوونی گەمارۆدانی چین لەسەرشانی ئەمریكا نەبێت، بەڵكو بەشیك لەو ئەركە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا هەڵیبگرن، بەتایبەت ژاپۆن كەسێهەم دەوڵەمەندترین وڵاتە لەجیهاندا. هاوكات بەپێی عەقیدە سەربازییەكەی ژاپۆن چین هەڕەشەی یەكەمە، چەند ساڵێك دەبێت بەپێی عەقیدەی سەربازی ئەمریكا، چین هەڕەشەی سەرەكییە بۆ سەر ئەمریكاش. جگە لەوەی رووسیا و كۆریای باكور كەهەڕەشەی سەرەكین بۆ سەر ژاپۆن، هاوكات هەردوو دەوڵەت نەیاری گەورەی ئەمریكاشن.

٦-پرسی هێرشكردنی چین بۆ سەر تایوان، ئەگەر ئەو هێرشە رووبدات، ئەوا دەكرێت بەگەورەترین رووداوی جیوپۆلەتیكی ئەم سەدەیە هەژمار بكرێت. چونكە لەئەگەری سەركەوتنی چین لەو هێرشەدا، سیستەمی جیهانی گۆڕانی بەسەردا دێت و چین دەبێتە جەمسەرێكی سەرەكی سیستەمی جیهانی و جەمسەری سەرەكی رۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەمریكا پێی وایە ئەگەری ئەوەی كەچین پەلاماری تایوان بدات، ئەگەرێكی كراوەیە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات شكست بەچین بهێنێت ئەگەر ئەو جەنگە رووبدات. بۆ ئەم مەبەستە ئەمریكا دەیەوێت ژاپۆنیش بەرەیەك بێت لەو جەنگەو ئامادە بێت بۆ گەمارۆدان و شكستپێهێنانی چین.

٧-ئەگەر جەنگی چین و تایوان رووبدات، ئەوا ئەمریكا لەڕێگەی گەورەترین بنكەی سەربازی خۆیەوە كە لەژاپۆنە، چاودێری و دەستتێوەردانی ئەو جەنگە دەكات، ئەمەش لەوانەیە خودی خاكی ژاپۆن بكاتە ئامانجی چین، بۆیە ژاپۆن دەبێت توانای وەڵامدانەوەی توندی هەبێت لەكاتێكی وادا. 

بەكورتی گۆڕانكاری لەعەقیدەی سەربازیی ژاپۆن دەرخەری ئەو گۆڕانكاری و ئەگەرانەیە كەدەكرێت لەئایندەی سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا رووبدەن، پێدراوێكی روونە كەپێمان دەڵێت ململانێی ئەمریكا و چین سیمای دیارو سەرەكی ئایندەی سیستەمی جیهانییەو ناوچەی زەریای ئارام و تایوان، بەرەو ئەوە دەچێت كەببێت بەگرنگترین و هەستیارترین ناوچەی جیوپۆلەتیكی لەئایندەی نزیكی جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا. هاوكات ئەوەی تێبینی دەكرێت و مایەی ترسە ئەو ململانێیەی نێوان ئەمریكاو چین، رۆژ بەڕۆژ زیاتر فۆڕمێكی سەربازی وەردەگرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار