شه‌شى كانوونى دووه‌م: یادى جه‌یشى ئیحتیلال
2 ساڵ لەمەوپێش
خەبات عەبدوڵڵا
له ٦/ ۱۹۲۱/۱دا، ته‌نها چه‌ند مانگێك پاش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراق و به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌و كاته‌ى عێراق؛ پێرسى زه‌خاریا كۆكس، جه‌یشى عێراق دامه‌زرێنرا.
له ۲۰۰۳/٥/۲٤دا، ته‌نها چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك پاش داگیركردنى عێراق، به‌پێى بڕیارى حاكمى ئه‌و كاته‌ى عێراق؛ لویس پۆل بریمه‌ر، جه‌یشى عێراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
له ۲۰۰۳/۸/۷دا و به‌پێى فه‌رمانى ژماره ۲۲ى ده‌سه‌ڵاتى كاتیی هاوپه‌یمانان CPA، بڕیارى دامه‌زراندنى جه‌یشێكى نوێ بۆ عێراق درا.
ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق مادده‌یه‌كى له‌مه‌ڕ جه‌یشى عێراق داڕشتووه، به‌گوێره‌ى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌ى ۹‌ی ده‌ستوور: "هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق و ده‌زگاكانى ئاسایش له پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق پێكدێن به ڕه‌چاوكردنى هاوسه‌نگى ڕێژه‌ى نوێنه‌رایه‌تیكردنیان به‌بێ جیاوازى یان وه‌لاخستنى هیچ لایه‌ك و له‌ژێر ڕكێفى ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نییدا ده‌بێت و به‌رگرى له عێراق ده‌كات و نابێته ده‌زگایه‌ك بۆ داپڵۆسینى گه‌لى عێراق و ده‌ست وه‌رناداته كاروبارى سیاسی و ڕۆڵى نابێت له ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵاتدا".
جه‌یشى عێراق سه‌ره‌تا لە بەغدا له فه‌وجێكه‌وه دامه‌زرا كه فه‌وجى ئیمام موساى كازم بوو، به‌ڵام پاش ده‌وروبه‌رى حه‌فتا ساڵ جه‌یشى عێراق بووه ماشێنێكى جه‌نگیى زه‌به‌لاح كه له نۆ له‌شكر و حه‌فتا و پێنج فیرقه‌ى جیاجیا و نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن چه‌كدار پێكهاتبوو، جه‌یشى عێراق خاوه‌نى حه‌وت سه‌د فڕۆكه‌ى جه‌نگى و شه‌ش هه‌زار تانك و پێنج هه‌زار تۆپ و جبه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى چه‌كى كیمیایى و بایه‌لۆژى و سه‌دان مووشه‌كى سكۆد و به‌رنامه و پیشه‌سازییه‌كى چه‌كسازیى تۆكمه بوو.
جه‌یشى عێراق له كۆتاییه‌كانى جه‌نگى یه‌كه‌مى كه‌نداو و ده‌مه‌ده‌مى داگیركردنى كوه‌یتدا چواره‌م گه‌وره‌ترین سوپاى دنیا بوو.
جه‌یشى عێراق كه له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه له سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو دامه‌زرێنرا، پاش هه‌شتاو دوو ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاییه‌كانه‌وه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و بڵاوه به یه‌که‌کانی کرا و له‌برى ئه‌و، بڕیارى دامه‌زراندنى جه‌یشێكى تر درا.
٭ ٭ ٭
له‌ڕووى سیاسییه‌وه جه‌یشى عێراق دامه‌زراوێكى بێلایه‌ن نه‌بووه، جه‌یشى عێراق جه‌یشێكى كوده‌تاچی بووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌نجامدانى چه‌ندین كوده‌تاى شكستخواردوو، به‌ڵام له ساڵه‌کانی ۱۹۳٦: هاتنى به‌كر سدقى، ۱۹٥۸: ڕاگه‌یاندنى جمهوریه‌ت و هاتنى عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ۱۹٦۳: كوشتنى قاسم و هاتنى یه‌كه‌مجاری به‌عسییه‌كان، ۱۹٦۸: هاتنه‌وه‌ى دووه‌مجارى به‌عسییه‌كان تا داگیركردنى عێراق، جه‌یش رۆڵێكى كاراى بینیوه و هه‌میشه ئه‌كته‌رێكى سه‌ره‌كى ڕووداوه سیاسییه‌كانى عێراق بووه.
جه‌یشی عێراق جه‌یشێكى تائیفى بووه، ئه‌گه‌رچى له سه‌ره‌تاوه ئینگلیزه‌كان هه‌وڵیاندا جه‌یشى عێراق هى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و به‌و هۆیه‌شه‌وه پێشتر کاریان بۆ ئه‌وه کردبوو له‌میانه‌ى هێزه‌كانى (لیڤى)یه‌وه عه‌ره‌بى شیعه، عه‌ره‌بى سوننه، ئاسورى و كورد به‌شدارى پێ بكه‌ن، به‌ڵام دواتر و به‌هۆی په‌راوێزخستنی کورد و شیعه، ورده ورده داووده‌زگاکانی حكومه‌ت و جه‌یش له سێگۆشه سونییه‌كه‌ى عێراقدا قه‌تیس ما.
جه‌یشى عێراق به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌مى به‌عسدا، جه‌یشێكى ئایدۆلۆژیست بووه. به‌عس وه‌كو سیستمێكى تۆتالیتێر و جیاواز له سیستمه دیكتاتۆره‌كان، بۆ پاراستنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و پایه‌داركردنى، هه‌ر به‌ته‌نها پشتى به جه‌یش نه‌به‌ستبوو، چونكه هه‌روه‌كو (هانا ئارێنت) ده‌ڵێت هه‌ڵه‌یه گه‌ر وا دابنرێت سیستمى تۆتالیتێر هه‌ر به‌ته‌نها سیستمێكى عه‌سكه‌رییه، ئه‌وه راسته كه ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتێره‌كان وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكى عه‌سكه‌ریى و پشتبه‌ستوو به سوپا خۆ ده‌نوێنن، به‌ڵام ئه‌م جۆره سیستمانه كار له‌سه‌ر نابووتكردنى ئه‌خلاقى پیشه‌یى سوپا و ده‌ره‌جه‌داره‌کانی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ڕێى ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى سوپا و سه‌پاندنى شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت له ئایدۆلۆژیا كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سیستمى ده‌سه‌ڵاته‌که خۆیه‌تی.
جه‌یشى عێراق له ده‌مى به‌عسدا، جه‌یشێكی به‌عسی بووه .
٭ ٭ ٭
ئه‌گه‌رچی كورد له دامه‌زراندنی جه‌یشی عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه رۆڵێكی شه‌ریفانه‌ی بینی و ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌فسه‌ری كورد ته‌نانه‌ت تا پاش وه‌ده‌ر‌نانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له كوردستان له ڕیزه‌كانی جه‌یشدا خزمه‌تیان كرد، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی بیروڕای پفدراو به عه‌قڵی عێراقچێتی، جه‌یشی عێراق له‌لایه‌ن كورده‌وه نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی په‌سندان و پیاهه‌ڵدان نییه، بگره له چه‌ندین جومگه‌ی مێژوویی جیاجیادا به‌تایبه‌تیش له سه‌رده‌می فاشیزمی به‌عسییدا، جه‌یشی ئیحتیلال بووه.
ئاشكرایه كوردستانی باشوور به زه‌بری چه‌ک و هێزی عه‌سكه‌ریی داگیركراوه، سوپای ئیمپریالیزمی به‌ریتانی به زۆری چه‌ک و دوور له خواستی دانیشتوانه‌كه‌ی، كوردستانی به عێراقه‌وه لكاند، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی هاته كایه، بۆیه نه له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و نه پاش ئه‌و، ئاماده نه‌بووه دان به بوونی كورد وه‌ك گه‌لێكی جیا له عه‌ره‌ب بنێت، له هه‌مان سۆنگه‌وه جه‌یشی عێراق جه‌یشی سیستمه عه‌ره‌بییه حوكمڕانه جیاجیاكانی ده‌وڵه‌تی عێراق بووه.
له‌وه‌ته‌ى بزووتنەوەى چه‌كداریى كورد له ساڵی ۱۹٦۱ه‌وه هه‌ڵگیرسا، جه‌یشى عێراق سه‌رسه‌خترین دوژمنى داواكانى كورد و هێزى به‌رگریكارى كوردستان بووه. ڕاستییه‌كه‌ى جه‌یشى عێراق شانبه‌شانى داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانى تر‌ى رژێمى عه‌ره‌بیى عێراق، ماكینه‌ى قه‌لاچۆكردنى به‌رده‌وامى كورد بووه.
ئه‌وه قسه‌ی پێناوێت كه شانبه‌شانی جه‌یش، داووده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌من و ئیستخبارات رۆڵی به‌رچاویان له سه‌ركوتكردنی كورد و گه‌لانی تری عێراقدا بینیوه، به‌ڵام مه‌حاڵ بوو بێ بوونی دامه‌زراوێكی زه‌به‌لاحی وه‌كو جه‌یش، پرۆسه‌ی قڕكردنی كورد به‌ڕێوه‌چووبایه.
پێویست به پاساو هێنانه‌وه ناكات، جه‌یشی عێراق ئامڕازی سه‌ره‌كی خاپووركردنی كوردستان و قه‌تڵوعامكردنی گه‌له‌كه‌ی بووه.
جه‌یشی عێراق جگه له‌وه‌ی جه‌یشێكی بێلایه‌ن نه‌بووه، له شه‌ڕی گه‌لی كوردستاندا خاوه‌ن هیچ به‌ڵێن و ئه‌خلاقێكی عه‌سكه‌رییش نه‌بووه، بۆیه هه‌میشه لای كورد وه‌كو ده‌زگایه‌كی نامۆ و ترسناك، وێرانكه‌ر و قێزه‌ون ته‌ماشا كراوه.
٭ ٭ ٭
له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌هۆی سیاسه‌ته چه‌وته‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه له چه‌ند ساڵی پێشوودا گه‌لانی عێراق ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه، به‌ڵام ده‌شێت بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جه‌یشی عێراق له‌لایه‌ن حاكمی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پۆڵ برێمه‌ر به یه‌كێك له بڕیاره بوێر و مێژووییه‌كان ئه‌ژمار بكرێت.
به‌داخه‌وه كورد نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی له‌م هه‌نگاوه گرنگه تێبگات، به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه‌ی قه‌ومییه عه‌ره‌به‌كان و بێ وه‌رگرتنی عیبره‌ت له ڕابردوو، ئه‌میش كه‌وته داوی ئه‌و هاشوهوشه‌ی كه پێیوابوو نه‌ده‌بوا جه‌یش هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، له دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی جه‌یشی عێراقدا، كورد هیچ كۆت و به‌ندێكی نه‌بوو.
له‌وه‌ته‌ی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كورد له عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری عه‌ره‌ب به چاوی خائین و نۆكه‌ری بێگانه له كورد ده‌ڕوانن. ئه‌م دیده پان ئیسلامی ـ قه‌ومی عه‌ره‌بییه ڕه‌گوڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه، عه‌ره‌به‌كان له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، سه‌ره‌ڕای كورد هه‌میشه به چاوی گومان و بێگانه ته‌ماشای نه‌ته‌وه و كه‌مینه ئیتنی و ئاینییه‌كانی وه‌كو كورده‌كانی عێراق و سوریا، مارۆنی و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر و تونس و مه‌غریب، فه‌ڵه‌كانی سوریا و سودان و ئوردون و عێراق و ئه‌نیمیسته‌كانی سودانیان کردووه و هه‌وڵیانداوه ته‌عریبیان بکه‌ن. له سه‌رده‌مانێکی کۆنه‌وه عه‌ره‌به‌كان میلله‌تانی تری ناو قه‌ڵه‌مڕۆی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی جاران و نیشتمانی عه‌ره‌بیی ئێستا به ده‌سنده‌خۆری خۆیان تێده‌گه‌ن.
ئه‌م تێڕوانینه شۆڤێنییه كه پێشتر به‌عسییه‌كان له تیۆر و پراكتیكدا به زه‌قترین شێوه ته‌عبیریان لێ ده‌كرد، هێشتا لای زۆرێك له سه‌رانی عه‌ره‌بی عێراق درێژه‌ی هه‌یه. بۆیه وه‌کو ئامڕازێکی سیاسی دووباره و هه‌روه‌کو جاران، جه‌یشی عێراق تا دێت دەبێتەوە به ئه‌کته‌ره ناشرینه‌که و تا ئێستا و له چه‌ند بۆنه‌یه‌کی جیاجیادا دژی گەلی کوردستان و ناوچه کوردستانییه‌کانی گه‌رمه‌سێر، که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری، موسڵ و ده‌وروبه‌ری، هەمان ڕۆڵی جەیشی عێراقی بەعسی گێڕاوە.
ئه‌وه گرنگ نیه كه ئێمه‌ی كورد چه‌ند ئه‌فسه‌ر و كام پۆستی ناو جه‌یشمان پێده‌بڕێت، ئاخر به‌درێژایی مێژووی جه‌یشی عێراق كورد ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له‌و دامه‌زراوه‌دا، كه‌چی نه‌مانبینی له شه‌ڕی دژ به كورد، جه‌یش بۆ ته‌نها جارێكیش ساتمه بكرێت.
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی گرنگ بوو كورد بیكردایه‌ته مه‌رج بۆ به‌شداریكردنی له دووباره دامه‌زرانه‌وه‌یدا، پێش هه‌ر شتێك جه‌یش په‌یمان بدات كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک و له هیچ بارودۆخێكدا جارێكی تر شه‌ڕی كورد بكات، ده‌بێت جه‌یشی عێراق یه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌بێت، ئه‌ویش به‌رگریكردنه له عێراق له كاتی هێرش و په‌لاماری بێگانه‌دا. جگه له‌وه‌ش ده‌بوا كورد هه‌ر زوو له كاتی كڕینی چه‌ک و جبه‌خانه‌دا، وڵاتانی چه‌كفرۆشی بهێنایه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه بیكه‌نه مه‌رج به‌سه‌ر عێراقه‌وه تا به هیچ بیانوویه‌ك جه‌یشی عێراق چه‌ك دژی دانیشتوانه‌كه‌ی خۆی به‌كار نه‌هێنێته‌وه.
٭ ٭ ٭
شه‌شی کانونی دووه‌م بۆ کورد نه‌ک هەر مایه‌ی جه‌ژن و شادی نییە، به‌ڵکو یاده‌وه‌رییه‌کی تاڵ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئیحتیلاله.