چاودێریی بازرگانیو چەند سەرنجێك
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ یوینس
كارو چالاكی بازرگانی پێش ئەوەی قازانج و بەرژەوەندی تایبەت بێت، بێگومان پرەنسیپ و ویژدان و ئەخلاقـــــە.
هەرێمی كوردستان، لەپاش كرانەوەی بەڕووی ئابوری جیهانیدا، بازاڕەكانی شارو شارۆچكەكانی بەكاڵاو شمەكی بەرهەمهێنراوی وڵاتانی ئیقلیمی و تەنانەت جیهان پڕكراون، قەبارەی هاوردەكراوەكانمان بەڕێژەی زیاتر (90%)ی تێپەڕاندووە.
ژوورەكانی بازرگانی پارێزگاكان و كۆمەڵەو یەكێتییەكانی بواری بازرگانی لەهەرێمدا، ژمارەی ئەندامانیان بەسەدان و هەزاران بازرگان ئەژمار دەكرێن، زۆربەی ئەم بازرگانانە لەبواری هاوردەكردن كارو چالاكی ئەنجامدەدەن.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشكی بخەینەسەر، بابەتی چاودێریكردنی بازرگانییە لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمدا، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیتیەكان و تەنانەت لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی، لەهەوڵی بەردەوامدان تا بتوانن خزمەت بەهاووڵاتیان و بەكاربەران بكەن.
لەڕاستیدا بابەتی چاودێری بازرگانی پەیوەستە بەهەمووانەوە بەبێ جیاوازی، پەیوەندییەكی گرنگی هەیە بەتاك و خێزان و كۆمەڵگاوە، چونكە تەندروستی كۆمەڵگا پێویستییەكی هەنووكەیی سەردەمەو ئامانجی حكومەتەكانە كەسەلامەتی هاونیشتیمانیەكانیان بپارێزن.
بەپێی تووێژینەوە زانستییەكان، خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو و كواڵیتی نزم، سەرچاوەی سەرەكی تووشبوونە بەشێرپەنجە. لەهەمانكاتدا ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاماژە بەوەدەدەن كەزیاتر لەیەك ملیۆن تەن خۆراكی بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی رێژەیەكی گەورەی خۆراكی هاوردەكراو، ماوەی بەسەرچوونەكەی نزیكەو هێشتا لەبازاڕەكاندا دەخرێنەڕوو.
لەلایەكی ترەوە، ئەركی بازرگانان و فرۆشیارانە بەشێوەیەكی گشتی، پێش بیركردنەوەیان لەقازانجی تایبەتی، تەندروستی گشتی رەچاوبكەن، چونكە سەرئەنجام بازرگانەكانیش هاووڵاتی و بەكاربەری كۆمەڵگان.
ئەخلاقی بازرگانی لەوەدایە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەرژەوەندی ئابوری و تەندروستی گشتی كۆمەڵگا بپارێزێت.
پێمان وایە، مادام هەموو لایەنەكان لەپێناو خزمەتكردن بەهاووڵاتیان و كڕیاران لەكارو فەرماندان، زۆر گرنگە سەرجەم لیژنەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری چاودێری بازرگانی، زۆر بەئەمانەتەوە ئەم كارە گرنگە جێبەجێ بكەن، گوێ پێنەدان و چاوپۆشیكردن لەكاڵاو شمەكی خراپ و كواڵیتی نزم، زەرەرو زیانەكەی بۆ هەمووانە بەبێ جیاوازی، هەربۆیە چاوپۆشیكردن لەخۆراكی خراپ، پێویستە بەتاوان ئەژماربكرێت و سزای یاسایی توندی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
لەلایەكی ترەوە، هەرچەندە هەرێمی كوردستان پەیڕەوی ئابوری بازاڕی ئازادو سەربەستی بازرگانی دەكات، كەواتە نرخدانان لەتوانا و ئەركی حكومەتدا نییە، بەڵكو خواست و خستنەڕوو وەك میكانیزمی بازاڕ نرخ دیاری دەكەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت كەچیتر حكومەت دەستەوسان و دوورەپەرێز بێت لەنرخدا، بەڵكو گرنگە ئەم لیژنانە بەگشتی لیژنەی نرخی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، بەووردی و واقیعی ئاگاداری نرخەكان بێت، بەتایبەتی نرخ، لەم بوارەدا پێویستە ئەندامانی لیژنەی نرخ، بەووردی و دراسەكراوی جیاوازی نرخی بازرگانی گەورەو دوكاندارەكان بكەن.
قۆستنەوەی خواستی زۆری بازاڕ هانی بازرگانان و فرۆشیاران دەدات كە قۆرخكاری بكەن و نرخ بەرزبكەنەوە، ئەركی هەموو لایەكە سەلامەتی تەندروستی گشتی و مافی بەكاربەر بپارێزێت لەڕووی نرخ و باشی جۆری شمەكەكە.
بەداخەوە هەرێمی كوردستان سەرەڕای دەرچوونی یاسای پاراستنی مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستانەوە، بەڵام تائێستا كارا نەكراوەو كار بەیاساكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت، داواكارین كاری لەسەربكرێت و كارا بكرێت، تاپاڵپشت بەیاساكە، سەرپێچیكارانی ئەم بوارە بگەن بەسزای خۆیان.
هەروەها لەبەر گرنگی و هەستیاری ئەم بابەتە، پێویستە لایەنە سیاسی و تەنانەت كەسایەتییەكان، هەماهەنگ و پاڵپشت و پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری چاودێری بازرگانی بن، لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی دەستوەرنەدە كاروباری چاودێری بازرگانی، چونكە دەرئەنجام هەموو كۆمەڵگا زەرەرمەندی ئابوری و تەندروستی دەبن، باجی ئەم كارانە بەبێ جیاوازی تاكەكانی كۆمەڵگا دەیدەن، توشبووانی شێرپەنجە گەواهیدەری ئەم راستیەیە.
بێگومان، هۆشیاری تاك و خێزانەكان لەڕووی ناسینی شمەك و خواردن و خواردەمەنی هەنگاوێكی گرنگە بۆ دووركەوتنەوە لەزەرەروزیانەكانی، لەلایەكی ترەوە چاوكراوەیی هاووڵاتیان بەهاوكاریكردن و ئاگاداركردنەوەی تیمەكانی چاودێری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەركێكی نیشتیمانی و ئایینی و هەست بەبەرپرسیاریەتی كردنە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
بەئومێدی كۆمەڵگایەكی تەندروست و سەلامەت دوور لەكێشەو قەیران.
*ئابووریناس