ناوماڵی کورد و حزب

2 ساڵ لەمەوپێش



فایق گوڵپی

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوە، داوا لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بێنە لای یەکتری و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، تا بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ناوچەکەو جیهاندا سیاسەت بکەن.

ئەمە لێدوانە نییەتێکی باشە ، بەڵام بە کردار ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت نەک هەر یەکخستنەوەی ماڵی کورد نییە، ڕووخاندنی ماڵی کوردە.

ماڵی کورد بە بنەماو پێوانە و سیاسەتی ڕوون و بە دوورخستنەوەی حزب لە حوکـمرانی راستەوخۆ، بنیاتدەنریتەوە و یەکدەخرێتەوە :

١.دەستوری هەرێمی کوردستان مەرجی سەرەکی یەکخستنەوەی ماڵی کوردە، لەبەر ئەوەی دەستور بنەماکانی سیاسەت و بەڕیوەبردنی وڵات دیاریدەکات، ئەرک و مافی خەلک و دەسەڵات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان دیاریدەکات.لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ هیچ ڕێگرییەک بۆ دەستووری هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە ئامادەکردنی ڕەشنوسی دەستور و راپرسی لەسەر دەستور، ملەجیڕێ دەکەن و ئەو ئەرکە دوادەخەن.

٢.کە دەستورمان نەبوو، دەبوایە رێکخستنێکی نەتەوەیی یان بەرەیەکی کوردستانی وەک پێش راپەڕینمان هەبوایە، بۆ ئەوەی هەموو حزب و کەسایەتییە سیاسیەکان لە چوارچیوەی ئەو بەرەیەدا کۆبونایەتەوە و بە یەک بڕیار و یەک دەنگ سیاسەتیان بکردایە.

٣.کەئەوانەشمان نەبوو، دەبوایە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبوونایە و لە ژێر هەژموونی حزبدا نەبوونایە، بە گوێرەی دەستوری عێراق و یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریان ڕاپەراندایە.

٤.کە ئەوانەش نەبوون، دەبواییە ئابوری کوردستان بە دەست حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە نەبواییە، سەرمایەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سپینەکرایەتەوە، دەبوو سەرمایەی کوردستان بە دەست بازرگانە نیشتمانپەروەرەکانەوە بوایە، سەرمایەی کوردستانیان بۆ ئاوەدناکردنەوەی کوردستان و بۆ دابینکردنی کار بۆ هاوڵاتیانی کوردستان بەگەڕخستایە.

٥.ئەگەر ئەوەش نەبوو، دەبوو سەرمایەی کوردستان بۆ گەلی کوردستان بوایە، نەک یەک لەسەر سێی فرۆشی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بێت و دوو لەسەر سێی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت بوایە.

٦.ئەگەر ئەوەش ناکرێت خۆ دەبێت بەرپرسانی هەرێم بەزەییەکیان بە خەڵکی کوردستاندا بێتەوە، سنوریان بۆ کوشتنی ژنان و تیرۆری سیاسی و تیرۆری نادیار بکێشایە. بیریان لە سکی برسی خەڵک بکردایەتەوە، دەستیان بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا نەگرتایە.نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشبکردایە و خەڵکیان لە سەرمای زستان بپاراستایە.دەبوو لە رۆژی خۆکوژی کیژٶڵەیەکدا لە بەر نەبوونی، بەرپرسەکان هەڵوەستەیەکیان بکردایەوە بەگەل سەردانی مەراسیمی کردنەوەی کاسی کەنداویان نەکردایە.

دیارە سەرۆکی هەرێم ماڵی کورد تەنها بە ماڵی حزبەکان دەزانێت، نازانێت ماڵی گەورەی کورد ماڵی وێرانی خەڵکی کوردستانە، بۆیە هیچ حسابێک بۆ ماڵی خەڵکی کوردستان ناکات، نازانێت کە کۆبونەوەی حزبەکان سودی بۆ ماڵی گەورەی خەڵکی کوردستان نییە.نازانێت بە بێ ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانە و دەیان خاڵی تریش، خەڵک لەگەڵ دەسەڵات ئاشتنابێتەوە و ماڵی کورد یەکناخرێتەوە. لە باتی ئەوەی داوا لە حزبەکان بکات کۆببنەوە، دەبوو داوای لە حزبەکان بکردایە دەستیان لە ناوکاروباری پەرلەمان و حکومەت و دادگا و ئابوری و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دووربخەنەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار