پەیامی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی
2 ساڵ لەمەوپێش
د. جوتیار عادل *
بەڕێزان، بەڕێوەبەرانو دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی هاوڵاتی
بەبۆنەی دەرچوونی ژمارە 2000ی رۆژنامەكەتان، پیرۆزبایتان لێدەكەین و هیوادارین رۆڵی ئەرێنیتان لەگەیاندنی هەواڵ و زانیاریی دروست و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەو گەیاندنی رەخنەو پێشنیار بەحكومەت هەبێت.
ئێستا كەڕاگەیاندن یەكێكە لەدەسەڵاتە گەورەو كاریگەرەكانی دونیاو كۆمەڵگە پێوەی بەستراوەتەوە، ئەرك و بەرپرسیاریەتیی زیاتری دەكەوێتە ئەستۆو ئەمەش وادەكات بەدەر لەخواستی بینەرو بیسەرو خوێنەری زیاتر، رەچاوی یاساو رێساكانی كاری رۆژنامەنووسی بكات و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ داتاو زانیارییەكان بكات.
كۆمەڵگەی كوردی و دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا، زۆرێك لەقۆناغەكانی ئەزموونی دەسەڵاتداریەتی و دیموكراسی بڕیوەو ئێستامان لەگەڵ رابردوومان گەلێك جیاوازەو هەنگاوی گەورەو كاریگەریش لەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵات و دامەزراندنی بنەماكانی دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان دراوە؛ هەر ئەمەش وای كردووە پێویستیی میدیا چەند هێندە بەرزبێتەوە، بەتایبەت میدیای ئەهلی كەدەتوانێت رۆڵ و كاریگەریی گەورەی هەبێت.
ئازادی چەندە چێژبەخشە بۆ مرۆڤ لەدەربڕین و رەفتارو كاردا، هێندەش بەرپرسیاریەتییە بەرانبەر بەتاك و كۆمەڵگە. بۆیە رۆژنامەو میدیا لەكۆمەڵگەیەكی دیموكراتدا كەپێویستییەكی حەتمییە، بەرپرسیاریەتیی گەورەی دەكەوێتە سەرشان؛ چونكە پەروەردەكردنی نەوەكان و هۆشیاركردنەوەی سەرجەم چین و تووێژەكان چەندە پەیوەستی بەكاری پەروەردەی حكومییەوە هەبێت، هێندەش دەروەستی ئەو پەروەردەیەیە كە لەڕێگەی میدیاوە دادەڕێژرێت و پیادەدەكرێت.
ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام پابەندی ئەو رەهەندە دیموكراسییانە بووینە كەدەسەڵات بەرانبەر بەخەڵك و میدیا ئەركدار دەكەن و لەم پێناوەشدا هەوڵی رژدمان بۆ پاراستن و فراوانتركردنی ئازادییە رۆژنامەنووسییەكان داوەو لەهەمان كات كارمان لەسەر ئەوەكردووە ئەم پیشەیە وەك هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو، بێ ئەوەی سنووردار بكرێت، لەچوارچێوەی یاساو رێسادا رێكبخرێتەوە. چونكە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ سانسۆرو بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان نەبووینەو نین و لەكابینەی نۆیەمی حكومەتیشدا دەروازەكانی پێدانی زانیاریی شەفافانەو گفتوگۆی ئازادانەو راستەوخۆمان واڵا كردووە.
بۆیەش چاوەڕوانییەكی زیاترمان لەمیدیای ئەهلی و میدیای ئۆرگانیك و هەموو جۆرە میدیاكانی نێو هەرێمی كوردستان هەیە كەبەرپرسیارانەو پیشەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ پرس و دیاردەو داتاو زانیارییەكاندا بكەن و رەهەندە مرۆڤی و نیشتمانی و پێكەوەژیانییەكانی كۆمەڵگەی كوردی لەبەرچاو بگرن و بەدەر لەكاركردن لەسەر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، ببنە پردی پەیوەندیی نێوان خەڵك و دەسەڵات و جیهان.
بەبۆنەی دەرچوونی ٢٠٠٠ـەمین ژمارەی، دووبارە پیرۆزبایی لەڕۆژنامەی هاوڵاتی دەكەین و هیوای سەركەوتن بۆ بەڕێوەبەران و نووسەرانی دەخوازین.
* وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان