بڕیاری گواستنەوەی ڕاژەی موچەخۆرانی ناوچە دابڕێنراوەکان و قسەیەکی تر
2 ساڵ لەمەوپێش
•حامد محەمەد عەلی
ئایا گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرکوک و خانەقین بۆسەر حکومەتی فیدراڵ ، کارێکی باشەو لەبەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و دۆزی کوردە ،یان پێچەوانەکەیە ؟!
ئاشکرایە کە ئەو هەنگاوە لەڕووی داراییەوە خزمەتێکی باش بە بوجەو گەنجینەی حکومەتی هەرێم دەکات و پارەیەکی باش دەگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت ..
لەهەمانکاتدا مامۆستایان و موچەخۆرانی کوردی ئەو ناوچەنەش ، لەدڵەڕاوکێی هات و نەهاتی موچە ڕزگار دەکات و لەڕووی دارایی و گوزەرانەوە ، ژیانیان باشتر دەبێ ، بەڵام داخەکەم بۆ دوای (بەڵام).
- خوالێی خۆشبێ مامۆستا مەلا لەتیفی بامۆکی ئەیفەرموو:(بەڵا)م دا لە(بەڵام). بەڵام لەڕووی سیاسی و ئیداریەوە ، من وائەبینم ئێستا ئەو ناوچانە کە حکومەتی هەرێم موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردی تێدا دەدات و کورد بەشدارە لە ئیدارەدانیدا ، ئاماژەو بەڵگەیە لەسەر لانیکەم هاوبەشیمان لەوناوچانە ، ڕەنگە ئەو هەنگاوە زیان بە پرسی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان و ماددەی ١٤٠یش بگەیەنێت و بەکردەیی ئەو ناوچانە ببنە بەشێکی دانەبڕاو لە ئێراق .
چەن بەهێزو پێز دەبوو ،ئەگەر کارەکە بە پێچەوانەوە بوایەو حکومەتی هەرێم جگە لەموچەخۆرانی کورد، موچەی (تورکمان و عەرەب و ئاشوریەکان) یشی لەناوچە دابڕێنراوەکان دابین بکردایە؟! .. ئەوکات بەفیعلی ئەوناوچانە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدا ئەبوون.
ئێستا بەداخەوە بە پاساوی قەیران و شتی ترەوە ، هەرێم خواخوایەتی ڕۆژێک زووتر مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ی لەکۆڵ بێتەوەو ڕاژەکەیان بچێتەسەر(بەغدای داگیرکەر) .
ئیتر کێ زەرەر مەند دەبێ ،کەیفی خۆیەتی.
لایەنێکی دەسەڵاتی هەرێم، سنگ دەرەئەپەڕێنێ و وەک دەسکەوت بۆ ئەم کارە دەڕوانێ و کار بۆ ئەو پرۆژەیە دەکات و لایەنەکەی دیکەش خۆی بێدەنگ کردووە و زمانحاڵی دەڵێ ، (بەدەستم نەبێ بە دڵم بێ) .