دوای بایکۆت و نیگەرانی
2 ساڵ لەمەوپێش
رەحمان غەریب
لە ئاستی كۆمەڵایەتیدا، هاوڵاتییان بە ئازاراوە باسی گرانبوونی نەوتی سپی دەكەن، كە چۆن بەناچاری ئەم زستانە بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان پەنا بۆ دارستانەكان دەبەن، سەرەتای 1991 هەر وامان كرد. لە ئاستی زمانی سیاسییش، یەكێتی و پارتی بە كەیفەوە گەڕانەوە سەرەتای ئەدەبیاتی ململانێی " مەلایی و جەلالی"، هەوڵی بەخەبەركردنەوەی وەحشەكەی ناو هەناوی كوردایەتی.
تەماشا، لەناو ئەم جوگرافیا بچوكەی هەرێمی كوردستان، چۆن "مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، جارێك وەك تراژیدیا و دووهەمین جاریش وەك گاڵتەجاڕی"، بەو مانایە بێت ئێمە لە باری كۆمەڵایەتی و سیاسی، گاڵتەجاڕییەكە دووبارەدەكەینەوە، بەڵام نازانین بگرییەین یان پێبكەنیین؟
پرۆسەی سیاسی ئەوەی پارتی ناوی ناوە بایكۆت، یەكێتییش نیگەرانی، توندڕەوی هەر ڕۆژەو بەئارایشت و بەرگێكەوە خۆی نمایش دەكات، كادیری پارتی و یەكێتی چونكە لە "هونەری مومكیندا" سەعیی جوانیان نەكردوە، زۆر بە زوویی عەیبوعاری سیاسییان ئاشكرا دەبێت، لەم نمایشانەیاندا رەنگە ببنە مایەی دەستخۆشییەكی كاتی لە بڕیاربەدەستێكەوە، بەڵام بۆ مێژوو تەریقبوونەوەیەك قەرزار دەبن.
بڵاوكردنەوەی قینی سیاسی، ژەهرە كوشندەكەیە، شەربەتی مێوژی سەرگەڵو نییە بەبێ ترس بینۆشیت، رەنگە لەمەدای بینراودا ببێتە مایەی لایكباران و دڵبارانكردن لە فیسبوك، بەڵام لەمەدای دوورتر میژووی شەخسی خۆیان ژەهراوی دەكەن، ئەمە ئەگەر جیاوازی (مێوژ) و (مێژوو) بزانن.
گەڕانەوەی گوتارو دیالۆگ بۆ ئەدەبیاتی سیاسی قۆناغی سەرهەڵدانی باڵی (میم سین) و (بارزانی باوك)، وەك ئەوەی لە قسەو كرداری هەندێ سەركردەو كادیری پێشكەوتووی پارتی و یەكێتی بە روونی هەستی پێدەكرێت، بنەما نیین بۆ گفتوگۆ، دوورتریش بڕۆین: زەمینەخۆشكردنە بۆ سوتانی كارتی دەستی ئەوانەش كە دەیانەوێت پاپۆرەكە نوقم نەبێت.
كە سیاسی بوویت، مەبەست لە سیاسەت وەك چاكەی گشتی، پێویستە هەست بە گرنگی، یان گەورەیی زمانی سیاسی بكەیت، دیالۆگ و دەركەوتنەكان بۆ كردنەوەی پەنجەرەی گفتوگۆ بێت، چاوت لە دەرفەت بێت و دەرفەت بڕەخسێنی، نەك زمانەكەت نوقمی بوغزی سیاسی بكەیت.
لە بارودۆخی ئاڵۆزو توندبوونی ململانێی سیاسی ، یاریزانی سیاسی باش كەمتر لە دیمەنەكە دەردەكەون، رەنگە هۆكاری ئەمە نەبوونی دیدگایەكی هاوبەش یان دووری مەودای نێوان دوو حزبەكە، ئیدی گۆڕەپانەكەیان بۆ ئەو كەسانە جێهێشتوە كەجارێ فێری یارییەكە نەبوون بە زۆری گۆڵ لە تیپەكەی خۆی دەكات.
هەقە ئەوانەی جگە لە یاری پلەیستەیشنی " مەلایی و جەلالی"، وازییەكی تر نازانن، دەتوانن تەماشكاربن، ئەوەش ناكەن با وەك گوێگرێكی بەڕێز بچنە مەجلیس هاوڵاتیان، مەبەستم مەجلیسی ئەو بەدبەختانەیە كە نەزمی نوێ گەرمی نەكردنەوە و، یادەوەریان دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی رەوی 1991.