بەبۆنەی دەرچوونی (2000)ـەمین ژمارەی رۆژنامەی «»یەوە سڵاو لەڕۆژنامەوانیی ئازاد

زاگرۆس هیوا

2 ساڵ لەمەوپێش



زاگرۆس هیوا

كاروانی رۆژنامەوانی كوردی هەر لەدەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی «كوردستان»ەوە تا بەئەمڕۆ دەگات، بەچەندین قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە، گەلێك ئاستەنگ و هەورازو نشێویی بڕیوە، گەلێك گیانی رۆژنامەوانانی لەپێناو دۆزی ئازادیی گەلەكەمان و وڵاتەكەماندا بەخشیوە، ئەم كاروانە بەڕەنجێكی مەزن و هێژا بەردەوامی بەخۆی داوە. بەڵام لەكۆی ئەم كاروانە دوورو درێژەدا، مێژوویەكی پڕشنگداریشی بۆخۆی تۆماركردووە. دەرچوونی رۆژنامەی «هاوڵاتی» هەر لەیەكەم ژمارەیەوە تائەمڕۆ، كە (٢٠٠٠)ەمین ژمارەی دەردەچووێنێت، لاپەڕەیەكی پڕشنگداریی لەنێو كاروانە شكۆدارەكەی رۆژنامەوانی كوردستانی تۆمار كردووە.

رۆژنامەی «هاوڵاتی» لەدۆخێكدا دەرچوو كەكوردستان بەگشتی و باشووری كوردستان بەتایبەتی بەدۆخێكی زۆر سەخت و دژواردا تێدەپەڕی، لەلایەكەوە، لەئاستی كوردستاندا؛ پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دژ بەڕێبەرو بیرمەندی ئازادییمان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گەلی كوردو بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی بەڕێوەچووبوو، ئەم پیلانگێڕییە كوردستانی گەیاندبووە دۆخێكی دژواری پڕ لەتەحەدییاتەكان، لەئاستی باشووری كوردستانیشدا؛ ئاسەوارەكانی شەڕی ناوخۆیی و دووئیدارەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان تەنگی بەكۆمەڵگەی باشوور هەڵچنیبوو، لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەری دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی لەعێراق و چارەنووسی رژێمی بەعس و گەلانی عێراق بەكوردیشەوە لەدۆخی نادیارییدا بوو. لەماوەی ئەو بیست و دوو ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی هاوڵاتیدا، باشووری كوردستان و كۆی كوردستان بەگەلێك قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە، بەڵام «هاوڵاتی» هەمیشە لەبەرەی گەلەكەی خۆیدا بووەو بەرگری لە دۆزی رەوای گەلەكەمان و مافی هاووڵاتیبوون و بیروڕای ئازاد كردووە. پێویستە رەنج و هەوڵ و كۆششی هەموو رۆژنامەوانانی نێو ستافەكانی ئەم رۆژنامەیە لەبەرچاو بگیردرێت و رێزی لێبگیردرێت. چونكە ئەزموونی «هاوڵاتی» ئەزموونێكی دەوڵەمەندو بایەخدارە لەمێژووی رۆژنامەوانی كوردیدا.

بێگومان رۆژنامەی «هاوڵاتی» لەمێژووی خۆیدا، قورسایی خستۆتەسەر سێ پرسی بنچینەیی، كەپرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، پرسی ئازادیی و دیموكراتی، پرسی خزمەتگوزارییەكان بووە. ئەم سێ پرسەش لەباشووری كوردستان و كۆی كوردستانیشدا هێشتا پرسی بنچینەیین. لەكۆی لاپەڕەكانی خۆیدا گرنگییەكی زۆری بەپرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان داوە، لەبەرامبەر بەهێرش و شاڵاوە داگیركارییەكاندا بەهەواڵ و وتارو بابەتەكانی تریدا لەهەوڵی خستنەڕووی راستییەكاندا بووە. لەپرسەكانی ئازادیی و دیموكراتیدا، وەك دەنگێكی ئازاد بەرگری لەماف و ئازادیی و بیروڕای ئازاد كردووەو لەم رووەوە گەلێك جار رووبەڕووی هەڕەشەو فشاری جۆراوجۆر بووەتەوە. لەپرسە خزمەتگوزارییەكانیشدا هەوڵی داوە ببێتە دەنگی هاووڵاتیان و دژ بەگەندەڵی و نادادییەكاندا وەستاوەتەوە لەپرسە ئابووری، ئیداریی، كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكاندا بەدوای رێگە چارەسەرییەكاندا گەڕاوە.

رۆژنامەی «هاوڵاتی» خاوەنی هەڵوێستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی بووەو پشتیوانی لەدۆزی رەوای گەلەكەمان لەبەشەكانی تری كوردستاندا كردووەو بەڕێزدارییەوە لەتێكۆشان و بەرخۆدانی گەلەكەمان و بزووتنەوە ئازادیخوازەكەی روانیوە. ئەمەش جێی ستایش و رێزەو ئێمە ئەو هەڵوێستە بوێرانەیەی لەیاد ناكەین و بەڕێزەوە لێی دەڕوانین.

لەكۆتاییدا؛ بەبۆنەی دەرچوونی (٢٠٠٠)ەمین ژمارەی رۆژنامەی «هاوڵاتی»یەوە پیرۆزبایی لەستافی رۆژنامەكەو خوێنەرانی رۆژنامەكە دەكەین و هیواخوازین كە لەكاروانی رۆژنامەوانی كوردیدا بەردەوام بێت و هەمیشە لەخۆنوێكردنەوەو پێشكەوتندا بێت.

سڵاو لەڕۆژنامەوانیی ئازاد، سڵاو لەپەیڤی ئازادو هێڵی ئازادیخوازیی رۆژنامەوانیی كوردی. 

*وتەبێژی

كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە)

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار