وانەکانی چوار ڕۆژ خۆپیشاندان
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهمەن تاهیر نەریمان
پێنجوێنییەکان دوای چوارشەو و ڕۆژ مانەوە لەسەرمای "ملەکەوە"، بەیەک دەنگ و یەک ڕەنگ، بۆ بەرژەوەندیی گشتیی، خۆپیشاندانێکی ناتوندوتیژیانەیان ئەنجامدا، ئەم ماوە کورتە پڕپڕ بوو لە جوانی:
١)خۆپیشاندانەکە لە ملەکەوە، بە هاریکاری کۆی چین و توێژەکانی پێنجوێن، ئەنجامدرا، هەموویان خەمە گشتییەکەیان لەکۆڵناو هەمووشیان بەری ڕەنجی خۆیان دەدورنەوە. ئەوان نان و ئاو و سوتەمەنیی و خێوەت و کۆی پێویستییەکانیان هی خۆیان بوو، هەرەوەزیی و ڕۆحی میللی پەروەرەی کڕۆکی سەرکەوتینەکەیان بوو، سەرکەوتنەکە هەر ئەوە نەبوو داواکارییەکانیان بە دەسەڵات سەلماند، بەڵکو لەوەش گرنگتر ئەم خاڵانەی دواتر بوو:
٢) چوار ڕۆژی هەرەوەزیی و خزمەتکردنی یەکتری، جێی توندتیژی و بەردەفرکە و تەقوتۆقی گرتەوە، چوار ڕۆژی دوور لە توندتیژی و پڕ لە ناتوندوتیژیی دەبێتە دەروازەی مۆدێلیکی تر لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی جەماوەریی. ئەم کارە ناوازەیە ڕێی بەوە نەدا دەسەڵات بە ڕۆڵەی هەژارەکان(پۆیسی چالاکی مەدەنی و هەر هێزێکی تر)، فیشەک بە سنگی ڕۆڵەی هەژار(خۆپیشاندەران)ـەوە بنێت.
٣)ئەم کارە ناوازەیە فێری کردین هەڵبژاردنی "شوێنی خۆپیشاندان" بۆ خۆپیشاندەران گرنگ و ستراتیژییە، ئەوان ملەکەوەیان هەڵبژارد، شوێنێک قورقوڕاگەی هەردوو مەرزی باشماخ و سەیرانبەن بوو، دوور لە بازاڕو شوێنی گشتییەوە، بەڵام نزیک لە پێکانی ئامانجەوە بوو. گەورەیی ڕۆحە هەرەوەزییەکە ئەوەندە بوو خۆپیشاندەران نەچونە ناو کاسبکار و بازاڕەوە، بەڵکو بازاڕ و کاسباکرەکانی بازاڕ خۆیان هاتن بۆ ملکەوە و بازاڕیان داخست!
٤)ئەم خۆپیشاندانە، قایمقامەکەی پێنجوێن(کاک زانا ڕەحمان)ـی وەک نوێنەری لایەنێک لە کورسییەکەی لابرد و وەک نوێنەری جەماوەری پێنجوێن خستیانەوە سەر کورسییەکەی. ئێستا ئەو نوێنەری ڕاستەقینەی گەلە و دەسەڵاتە حەقیقیەکەی پێنجوێن، گەل داویەتی بە قیماقام و هەر بەڕاستی مەقامەکەی قایمبووە، مەقامی گەلە نەک مەقامی لایەنێک.
هێزی قایمقام هەڵقوڵاوی جەماوەرە، بۆیە کاک زاناش دەسەڵاتدارانی فێرکرد:
١-بەزەرورەت، مەرج نییە دەسەڵاتداربیت و ناشرینبیت، دەکرێت دەسەڵاتداربیت و شکۆ هەقیقییەکەی دەسەڵات لە ئەخلاقەوە بەدەستبهێنیتەوە نەک بە ملهوڕی و زەبروزەنگ و چاوسورکردنەوە و حیمایەی زۆر و فووکردنەخۆ. ئەگەر ئاکار و دەسەڵات یەکیان گرت مرۆڤ چێژ لە ئاکار و سودیی گشتی و تایبەتیش لە دەسەڵات وەردەگرێت، دەسەڵات دەبێتە ئاکار و ئاکاریش دەبێتە دەسەڵات. ب-لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کاربەدەستبیت، دوو ڕیگە یەکیان هەڵبژێریت، یان گەندەڵبە و گیرفان پربکە لە ئاڵتون، بەڵام دڵی گەل لەدەست بدە، یان پاک بە و زێڕی دزراو بەدەستمەهێنە، لەجێی ئەوە دڵی گەل بەدەستبهێنە. قایمقامەکەمان ڕێ ئاکارییەکەی هەڵبژارد و ڕێ نائاکارییەکی نەگرتەبەر.(چ وانەیەکی مەزنە، لەسەر خەزنە دابنیشیت و نەدزیت، لە کوێش لە شوێن و کاتێک پڕبێت لە هاندان!). ج- بۆ یەکەمجارمە، لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتیی یان سەروتروسفی دەسەڵاتدارێک دەکەم، وەسفی کەسێک ناکەم و بەس، وەسفی کولتورێک دەکەم هێشتا جوانییەکانی نەدۆڕاندوە و کلتوری کوردستان شایەنی ئەوەیە سەدان کاربەدەست و دەسەڵاتدار بەرهەمبێنێت ئاکار بەڕێوەی بەرێت، نەک ئاکار بە خەڵک ببخشێتەوە و خۆشی دەستی لە هەنبانەی ئاکارەوە دەرچووبێت.
٥)ئەمە وانەیەکی سادەیە بۆ دەسەڵاتداران، گەل "لەخۆشی خۆی" خۆپیشاندان ناکات، ئازارەکانی هاواری لێهەڵدەستێنێت، کە دەچنە سەر دەسەڵات، یەکێک لە نائاکاریی دەسەڵاتدار ئەوەیە دەستبەرداریی ئەو هەستە دەبێت کە درک بە ئازارەکانی گەل بکات، گەل وەک ماڵومڵک و شتومەک دەبینێت، گەل مێگەڵ نییە، مرۆڤێکە خزمەتی بکە، کورسییەکەت پێشکەشدەکاتەوە. پێنجوێنییەکان، لەم تاریکییەی کوردستان چرایەکیان داگیرساند، لەبێهیوایی هیوایان چاند، ئەوان ڕۆڵەی کوردستانن، مەزنیی بۆ کوردستانییەکان، مەزنیی بۆ گەل.