لەبارەى هەڵبژاردنەوە ، هەمویان یەک دەنگ بون
2 ساڵ لەمەوپێش
بێستون فایەق
راگەیەندراوە هاوبەشەکەى یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ، دواتریش راگەیەندراوى پارتى بەتەنیا ، پڕە لە خاڵى هاوبەش و نزیک لە بارەى ئەو ناکۆکى و جیاوازیانەى بۆ هەڵبژاردنى پارلەمانى کوردستان لە نێوان لایەنەکاندا هەبوو وە بە هۆیەوە هەڵبژاردن دواخراو تەمەنى پارلەمان درێژکرایەوە .
ئەوەتا یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە راگەیەندراوى کۆتایى کۆبونەوەکەياندا کە رو لە پارتیە ، بۆ هەڵبژاردنى دواخراوى خولى شەشەمى پارلەمانى کوردستان داواى هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان و تۆمارێکى پاکى دەنگدەران دەکەن ، بە دواى ئەوانیشدا لە راگەیەندراوێکدا وەک وەڵام مەکتەبى سیاسى پارتی بۆ هەڵبژاردن داواى هەموارى یاسایى هەڵبژاردن و کاراکردنەوەى کۆمسیۆن دەکات و بۆ شێوە بازنەى هەڵبژاردنیش (کە ساڵانێکە جیاوازى زۆرى لەسەرە ) پارتى بە تەواوى دەستبەردارى بیرۆکەى یەک بازنەى بوەو داواى چوار بازنەى هەڵبژاردن دەکات.
ئەگەر قسەى ئەو لایەنانە تەنها بەیاننامە نەبێ ، ئەوا جگە لە بابەتى کورسى کۆتاى پێکهاتەکان جیاوازیەکى ئەوتۆ لەنێوان لایەنەکاندا نابینرێ و ئێستا بەدوا پێویستە پارلەمان دەست بە ئامادەکارى هەموارى یاسایى هەڵبژاردنى پارلەمانى کوردستان و کاراکردنەوەى ئەنجومەنى کۆمسیارانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بکات کە چەند ساڵێکە وادەیى یاسایان بەسەرچوەو سەرۆکایەتى هەرێمیش رۆژى بەڕێوەچونى پرۆسەى هەڵبژاردن دەستنیشان بکات .