دابەزینی بەهای دینارو هەڵاوسانی بازاڕ

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ یونس *

دەرئەنجامی هەندێ كێشەو قەیرانی جیهانی، وەك شەڕی رووسیاو ئۆكرانیاو زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان و بەرزی نرخی وزەو كاریگەرییەكانی كۆرۆناڤایرۆس، واپێدەچێت شەپۆلێكی بەهێزتر لەئاستی گشتی نرخەكانی ئابوری وڵاتانی ناوچەكەو جیهان رەنگبداتەوەو قەبارەی هەڵاوسان دوو هێندەی ساڵی پار گەورەتر ببێت.

هەڵاوسانی نرخەكان لەئابوری عێراقدا رێژەیەكی پێوانەیی بەرزی تۆماركردووە، ئاستی گشتی نرخەكان بەچەند قۆناغێك لەعێراقدا بەرەو بەرزبوونەوە چووە، لەساڵی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانان تێكڕای ساڵانە بۆ هەڵاوسان 5.3% بووە، هەرچەندە بانكی نێودەوڵەتی ئاستی گەشەی ئابوری عێراقی لەباشترین وڵاتانی عەرەبی پۆلێن كردووە، بەكاریگەری بەرزی نرخی نەوت و دەستكەوتنی دۆلارەوە.

ئاشكرایە هەر گۆڕانكارییەك لەبەهای دراودا، بەبەرزبوونەوە یان دابەزین، راستەوخۆ  دەبێتەهۆی گۆڕانكاری لەنرخەكاندا بەهەمان ئاراستە.

لەمێژووی 20 ساڵی رابردوودا، دیناری عێراق  بەچەند قۆناغێكی سەختی بێ بەهایی تێپەڕبووە.

قۆناغی یەكەمی لەدەستدانی بەهای دیناری عێراقی بۆ دوای ساڵی 2003و گۆڕینی رژێمی سیاسی و حوكمڕانی حزبی بەعس بوو، كەهاوكات لەگەڵیدا بەهای دیناری عێراقی بەهەردوو جۆرەكەیەوە (سویسری و چاپ) گۆڕینی بۆ دراوی نوێ ی (پریمەر) بەهای راستەقینەی لەدەستدا، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان بارگرانییەكە دووجار قورستر بوو.

سەرەڕای هەندێ گۆڕانكاری بەڵام بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەماوەی زیاتر لەدە ساڵ بەجێگری و بەبەرزی مایەوە.

قۆناغی دووەم، لەكۆتاییەكانی ساڵی 2020دا، بانكی ناوەندی بەڕاسپاردەی دەزگا داراییەكانی جیهان و پاڵپشتی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار داشكاند بەڕێژەی نزیكەی 25% واتە گۆڕینەوەی دراوی نیشتمانی بەرامبەر دۆلار گۆڕانی بەسەرداهات، بەم شێوەیە بۆ هەر یەك دۆلار لەهەزارو 180وە بەرزبووەوە بۆ هەزارو 460 دینار، بەم هەنگاوە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی چارەسەری كورتهێنانی نەختینەیی خەزێنەی حكومەتیان كرد، هاوكات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، توانرا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین یەدەگی دراوی بیانی و ناوخۆیی و تەنانەت یەدەگی زێڕیش زیادبكرێت، بەپێی داتای بانكی ناوەندی لەئێستادا بانكی ناوەندی باس لەوەدەكات كەیەدەگی دراوی بیانیان بۆ نزیكەی 100 ملیار دۆلار بەرزكردووەتەوەو قەبارەی یەدەگی زێڕیش بۆ 132 تەن زیادكراوە.

بەم گۆڕانكاریانە لەدوو ساڵی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لەعێراقدا بۆ نزیكەی 25%-30% هەڵكشا، بەمەش هێزی شت كڕینی دینار دابەزی و بارگرانی زیاتر كەوتە سەرشانی مووچەخۆران و فەرمانبەران و چینی هەژارو مامناوەندی كۆمەڵگای عێراقی.

قۆناغی سێیەمی گۆڕانكارییەكان لەدوو مانگی كۆتایی 2022دا سەریهەڵدا، هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، ئەم گۆڕانكارییانە دەرئەنجامی فشارو راسپاردەی بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەو بانكی فیدراڵی ئەمەریكا سەریهەڵدا، بانكی ناوەندی بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكان هەندێ رێكاری كارگێڕی و بانكی گرتەبەر كەوایكرد قەبارەی خستنەڕووی دۆلار كەمببێتەوە تائاستی كەمتر 50%ی خستنەڕووی ساڵی رابردوو، وای لێهات قەبارەی خواست لەسەر دۆلار زیاد ببێت، سەرەڕای جێگیری سیاسەتی نرخی دراو گۆڕینەوەی بانكی ناوەندی لەخستنەڕوودا، خواست زیادبوو نرخی دۆلار بەرزبووەوە بۆ هەر 100 دۆلار 157  هەزارو 160 هەزار دینار. بەمەش جارێكی تر بەهای دینار دابەزی و هێزی شت پێكڕینی بەڕێژەی 15٪ لەدەستدا.

هەرچەندە لێپرسراوانی بانكی ناوەندی بانگەشەی ئەوە دەكەن كەدۆخەكە ئاسایی دەبێتەوەو كاتییە، بەڵام بەداخەوە وا دەردەكەوێت بارودۆخی بازاڕی دراو لەدەست بانكی ناوەندیشدا نەمابێتەوە!

دەرئەنجامی هەموو ئەم گۆڕانكارییانە لەبەهای دیناری عێراقی رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەكاتەوەو بارگرانی زیاتر بۆ دانیشتوان بەگشتی و چینی هەژاران و مووچەخۆران بەتایبەتی دروستدەكات.

ئەوەش بڵێین دۆخی دیناری عێراقی لەماوەی رابردوودا بەبەراوردی دراوی وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەت تمەنی ئێرانی و لیرەی توركی و لیرەی سووری لەئاستێكی بەرزی بەهادا بووە، سەرەڕای لاوازی جیهازی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و كەرتە ئابورییەكانی عێراق داتەپیون و بەرهەمهێنان تائاستی سفر نزیكبووەتەوە، بۆ وەڵامی خواستی هەمووەكی ناچار بەهاوردە پڕكراوەتەوەو ساڵانە عێراق بەبەهای دەیان ملیار دۆلار شمەك و كاڵا لەوڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە هاوردە دەكات.

لەم لایەنەوە هەر دابەزینێك لەبەهای دینار بەرامبەر دۆلار رووبدات، راستەوخۆ رەنگدەداتەوە لەنرخی شمەك و كاڵاو تەنانەت خزمەتگوزارییەكانیش، چونكە خواستی هەمووەكی نزیكەی 42 ملیۆن دانیشتوان بەڕێژەی 90% بەهاوردە پڕدەكرێتەوە!

هاوكات لەبازاڕەكاندا، بەشێكی زۆری كەلوپەل و كاڵا بەدۆلار كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار زەرەروزیان لەكەسی مامەڵەكار دەدات.

سەرئەنجام بەهای دینار دادەبەزێت و هێزی شت پێكڕینەكەی دێتەخوار، بەشێوەیەكی گشتی تێچوون و هەزینەی ژیان زیاتر دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا یەك لەسەر چواری دانیشتوانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

*ئابوریناس

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار