هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ پرسی رێككەوتنی نێوان پزیشك‌و دەرمانخانەكان دەكات

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكان: شتی واهەبووەو بانگی پزیشكەكەمان كردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



نایدە ئەحمەد

رۆژنامەی هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ لێدوانێكی  بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەكات كەئاماژەی بۆ ئەوەكرد، حەفتا لەسەدی پارەی پزیشك و پزیشكی دەرمانساز حەڵال نیە بەهۆی ناردنی نەخۆش بۆ لای دەرمانخانەیەكی دیاریكراو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: ئەو بابەتەی كە دكتۆر سەباح وروژاندویەتی نازانم مەبەستی كوێیە، ئەگەر هەر سەرپێچیەك لەنێوان پزیشك و پزیشكی دەرمانساز هەبێت لێپێچینەوەی خۆمان دەكەین، هاوكات سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان تەئكید دەكاتەوە: كە شتی واهەبووەو بانگی پزیشكەكەشمان كردووە.

رۆژی یەكشەممە پانزەی كانوونی دووەم  دكتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەونی رایگەیاند،  حەفتا لەسەدی پارەی پزیشك و پزیشكی دەرمانساز حەڵال نیە لەهەموو عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە ناردنی نەخۆش لەلایەن پزیشكێكەوە بۆ دەرمانخانەیەكی دیاریكراو بابەتێكی چارەسەرنەكراوەو دەڵێت: لەبەرئەوەی رێكەوتنەكە لەنێوان پزیشك و پزیشكانی دەرمانسازە ئەوە لەسەرشانی نەخۆش دەكەوێت، بەڵام ئەگەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەداتایەك نرخی دەرمان و پشكنینەكان یەكبخەن و لایەنێك چاودێری نرخەكان بكات، ئەوا رێكەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە هەڵدەوەشێتەوەو نرخەكان جێگیر دەكرێن.

لەبەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت: ئەو بابەتەی كە دكتۆر سەباح وروژاندویەتی نازانم مەبەستی كوێیە، بەڵام ئەگەر هەر بابەتێكی لەوشێوەیە هەبێت بەڕەوای نازانین و لەلایەن لیژنەكانەكانی سەر بەوەزارەت  چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكەین، ئەگەر هەر سەرپێچیەك لەنێوان پزیشك و پزیشكی دەرمانساز هەبێت لێپێچینەوەی خۆمان دەكەین.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەهاوڵاتی راگەیاند:» هەرچەندە ئێمە قسەی زۆرمان لەسەر ئەم بابەتە كردووە  كەمامەڵەی نێوان پزیشك و پزیشكی دەرمانساز یا هەر بابەتێكی ناتەندروست هەبێ دەبێت بنبڕبكرێت بەڕێكەوتن لەگەڵ سەندیكاكان»، وتیشی:»ئەو بابەتەی كەدكتۆر سەباح وروژاندویەتی نازانم مەبەستی كوێیە، بەڵام ئەگەر هەر بابەتێكی لەوشێوەیە هەبێت بەڕەوای نازانین و لەلایەن لیژنەكانی سەر بەوەزارەت چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكەین، ئەگەر هەر سەرپێچیەك لەنێوان پزیشك و پزیشكی دەرمانساز هەبێت لێپێچینەوەی خۆمان دەكەین».

دكتور ئاسۆ دەڵێت: «دەبوو دكتۆر سەباح كەقسەی لەسەر بابەتێكی لەم شێوەیە كردووە دیاری بكردایە مەبەستی چ شوێنێكە، بۆیە ئەگەر كارێكی لەم شێوەیەش هەبێت ناتوانین بەشێوەی رێژەیی بڵێین 70 لەسەدی كاری پزیشك و پزیشكی دەرمانساز دروست نییە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك كاری لەو شێوەیە قبووڵ ناكەین، چونكە ئەمە لەكۆتاییدا بارگرانی  لەسەرشانی خەڵك دروستدەكات، بۆیە ئەگەر سكاڵایەك سەد لەسەد  هەبێت لەسەر ئەم بابەتە دەبێت بكرێت بەكتابی رەسمی و لەوەزارەت بەشی یاسامان هەیە، بەنموونە ئەگەر سكاڵاكە لەبەڕێوەبەرایەتی سلێمانی بێت و بدرێت بەوەزارەتی تەندروستی  ئێمەش لەو شوێنەی كەمامەڵە لەنێوان ئەو لایەنە یا ئەو كۆمپانیایەی دەرمان دەهێنێت و بەڵگەی تەواومان هەبێت بەدڵنیاییەوە لێپێچینەوەی خۆمان دەكەین».

هاوكات سەرۆكی سەندیكای پزیشكانی سلێمانی دەڵێت: ئێمە وەك سەندیكای پزیشكان هەر پزیشكێك رێكەوتن لەگەڵ  پزیشكێكی دەرمانساز بكات وەك سەندیكا بانگی پزیشكەكە دەكەین و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكەین.

دكتۆر تەها عوسمان مەحوی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: ئێمە وەك سەندیكای پزیشكان هەر پزیشكێك رێكەوتن لەگەڵ پزیشكێكی دەرمانساز بكات وەك سەندیكا بانگی پزیشكەكە دەكەین و لێپێچینەوەی لەگەڵدەكەین، ئاگاداری سەندیكای دەرمانسازانیش دەكەین ئەوانیش لێپێچینەوە لەگەڵ دەرمانسازەكە بكەن»، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكان وتیشی: «شتی واهەبووەو گومان هەبووە و بانگی پزیشكەكەمان كردووە، بەڵام بەڵگەی تەواومان دەستنەكەوتوە كەبتوانین بەبەڵگە بیسەلمێنین».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار