کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران 131 رۆژە بەردەوامە
ئەمریکا سورە لەسەر پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و رەتکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی

2 ساڵ لەمەوپێش
کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە بەردەوامە و ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە پشتیوانیی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە کردەوە و رایگەیاند؛ دۆسیەی رێککەوتنی ئەتۆمی ناگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستانەکان و لە شاری سەقز دەیان چالاکوان و گەنج بانگهێشتی دادگا کران و هەواڵگریی ئێرانیش دەڵێت 12 تیمی سەر بە ئیسرائیل دەستگیر کراون.
رۆژنامەی (جەوان) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند تەنها زیانەکانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سنە یەک ملیارد و 380 هەزار دۆلار بوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەوانان داوی ئازدکردنی 33 رۆژنامەوانی دەستگیرکراو لە ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت رۆژنامەنوسێکی بواری تەنز 18 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە تەنها لە شاری سەقز دەیان ئاگادارکردنەوە لە لایەن دادگایەکی ئێران ئەو شارەوە بۆ چالاکوانان و گەنجان رەوانەکراوە و بانگهێشتی بەردەم دادگا کراون.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە نەمانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکان بوەتە دەرفەرتێک بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە گەنجان و لاوان دەستگیر بکات و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوام بن لە هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک.
وەزیری هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیادند؛12 تیم-یان لە ناوخۆی وڵاتەکە دەستگیر کردوە کە سەرجەمیان گرێدراوی ئیسرائیل بون و پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگریی و بەرگریی ئەو وڵاتەوە هەبوە.
لەسێدارەدانی هەشت تۆمەتباری کورد
لە ماوەی سێ هەفتەدا هەشت کەسی کورد بە تۆمەتی جیاواز لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوە کردوە؛ ئەگەرچی هەڕەشەی لەسێدارەدانی زیاتر لە 110 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان هەیە بەڵام دەسەڵاتی ئێران بەهۆی فشارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی راگرتوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و لە بەرامبەردا دەستی بە لەسێدراەدانی تۆمەتباری کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان کردوە.
17ساڵ زیندانیی بۆ مامۆستایەکی رۆژهەڵات
مامۆستایەکی رۆژهەڵات سزای 17 ساڵ زیندانیی و 74 قامچیی بەسەردا دەسەپێنرێت..
مامۆستایەکی ئایینی شاری جوانڕۆ سزای زیندان و قامچی و دورخستنەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانی بەسەردا سەپێنرا.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە: مامۆستا سەیفوڵڵا حسێنی، پێشنوێژی مزگەوتی "خاتمولئەنبیاء" لە شاری جوانڕۆ کە ماوەیەک پێش ئێستا لە ناڕازایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا لە لایەن دادگاوە سزای زیندانیی و قامچی و دورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپێنراوە.
دادگای تایبەت بە زانایانی ئایینیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمەدان بە تۆمەتی ئەندامبون لە (مەکتەب قورئانی کوردستان) شەش ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە رێبەری ئەو کۆمارە 11 ساڵ زیندانیی بەسەر مامۆستا سەیفوڵڵا حسێنیدا سەپێنادوە و بەگشتی ئەو مامۆستایە 17 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو مامۆستایە لە لایەن دادگاوە جگە لە زیندانییکردن، سزای 74 قامچی و لێسەندنەوەی مۆڵەتی مامۆستایەتی و دوساڵ گواستنەوەی بۆ شاری ئەردەبیل بەسەردا سەپێنراوە.
بمرێت ئەو دڵەی دەترسێت!
ئەو پاڵەوانە کوردەی کرماشان کە چاوێکی لە ناڕەزایەتییەکان لەدەستدا رایدەگەیەنێت نیگەران نیم و نابم لەوەی بینایی چاوێکم لە پێناو ئامانجێکدا لەدەستداوە و دەڵێت "بمرێت ئەو دڵەی دەترسێت".
ئەگەرچی مەهبانو لە دەڕبڕینەکەیدا دەیەوێت ئازار و خەمی قوڵی ئامانجەکەی بشارێتەوە بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو لە کاتی نیشان شکاندن و کێبركێ هەستیارەکاندا توشی دڵەڕاوكێ و ترس دەبوەوە ئەو دێڕەی لەگەڵ خۆی وتوتەوەتەوە "بمرێت ئەو دڵەی دەترسێت".
مەهبانو و باوکی لە ناڕەزایەتییەکانی (9/12/2022) لە ناوچەی تاقەوسان لە کرماشان بریندراببو.
بە پێی ئامارەکان تا ئێستا نزیکەی 600 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکانەوە چاوێک یان هەردوچاویان لەدەستداوە.
سوید رەتی دەکاتەوە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە
سوید رایگەیاند ناتوانن سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە بەڵام بە توندنی سزای ئەو دامەزراوەیە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن.
بیڵسترۆم وتویەتی: ناتوانرێت سوپای پاسدارن تەنها بە هۆی پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا چونکە پێویستە تۆمەتەکانی کاری تیرۆریستیی ئەو سوپای ئاشکرابن و دەرکەوێت ئەو دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەیە.
ئەمریکا رێککەوتنی ئەتۆمیی رەت دەکاتەوە
ئەمریکا دوای لێدوانی بەڕێوبەری ئاژانسی ئەتۆمیی بۆ دەستپێکردنەوە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران رایگەیاند واشنتۆن نایەوێت ئەو رێککەوتنە بێتەوە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆکان.
ئێران دەڵێت سزای ئەوروپا و بەریتانیا دەدات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ ناوی 34 بەرپرس و چوار ناوەند و دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا-ی بڵاو کردوەتەوە کە لە لایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەیەوە سزای بەسەریاندا سەپاندوە.
لە ناو ئەو بەرپرس و دامەزراوانەدا کە ئێران دەڵێت سزایان دەدات ناوی سەرۆکی شارەوانیی پاریس و سەرنوسەری بڵاوکراوەی شارلی ئیبدۆ لە فەڕەنسا هێنراوە.

