ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا بەرلە هەڵبژاردنەکانی تورکیا کارێکی سەختە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 لە کاتێکدا کە پرۆسەی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا دەستیپێکردبوو، بەڵام دوایین پێشهاتەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە داناوە، بە دوور دەزانرێت کە بەرلە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، هەردوو وڵات لە ناتۆدا قبوڵ بکرێن.

دوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا، سوید و فینلەندا لە ترسی ئەگەری هێرشی روسیا بۆسەریان، داوای ئەندامێتی ناتۆیان کرد. بەڵام رەزامەندی هەنگاریا و تورکیای پێویستە. لە کاتێکدا کە بڕیارە هەنگاریا لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی پەسەندکردنەکە تەواو بکات، بەڵام تورکیا مەرجی ئەوەی داناوە کە لە رووی "شەڕ دژی تیرۆر" کە مەبەست لێی دژایەتیکردنی پەکەکە و فەتحوڵلاچیەکان و چەند پارتی چەپی دیکەیە، پێویستە ئەو دوو وڵاتە هاوکاری بکەن.

لە کاتێکدا میکانیزمێکی سێ قۆڵی لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند دامەزرا و سوید هەندێک هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەنقەرە ناوە، بەڵام تورکیا بەوە رازی نییە. لە کۆتاییدا سووتاندنی 'قورئانی پیرۆز' لەلایەن ڕاسموس پالودان سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوە کە دژی ئیسلام و کۆچبەرانە، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە سوید و خۆپیشاندانی کوردان لە ستۆکهۆڵم کە بوکەڵەیەکی هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرا، کاردانەوەی توندی ئەنقەرەی لێکەوتەوە و دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "سوید نابێت چاوەڕێی پشتیوانی ناتۆ لە ئێمە بکات".

لە ئەنجامدا کۆبوونەوەی میکانیزمی هاوبەشی نێوان سێ وڵات دوای پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی رابردوو بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە. دواتر پێکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا رایگەیاند کە وڵاتەکەی پێویستە بژاردەی پەیوەستبوون بە ناتۆ بەبێ سوید لەبەرچاو بگرێت. لەم قۆناغەدا پرسیاری زۆر لە ئارادایە کە گفتوگۆکان چۆن و کەی بەردەوام دەبن، ئایا هەردوو وڵات پێکەوە دەبنە ئەندام یان بەجیا و ئایا تورکیا بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە ١٤ی ئایاردا ئەنجام بدرێن، رەزامەندی لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا دەردەبڕێت یان نا؟ پۆڵ لیڤین، سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی تورکیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی، مالپەڕی دویچە ڤێلای ئەڵمانی، رایگەیاند کە پێی وایە بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە رێکخراوی ناتۆدا کارێکی زەحمەت بێت.

لیڤین وتیشی: "ئەگەر دوایین هەواڵ سەبارەت بە بڕیاری میکانیزمی سێ قۆڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەیان راست بێت، ئمانای ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆسەکە لە ئێستادا بە تەواوی راگیراوە. پێدەچێت ئەردۆغان بڕیاریدابێت کە زیاتر لە شەڕ سوودمەند دەبێت نەک رێککەوتن. لانیکەم دۆخەکە تاوەکو دوای هەڵبژاردن ناگۆڕێت و رەنگە ئێستا سوید و فینلەندا سەرنجیان لەسەر رێگریکردن لە کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە بێت، نەک بەخێراکردنی پرۆسەکە."

سەلیم کونەرئاڵپ، باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە سوید بۆ هەمان ماڵپەڕ لەم بارەیەوە قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو، ئەستەمە بەر لە هەڵبژاردنی مانگی ئایار تورکیا گلۆپی سەوز بۆ فینلەندا و سوید هەڵبکات و وتی، "ئەندامێتی ناتۆ لەم قۆناغەدا بۆ ئەو دوو وڵاتە کارێکی بەپەلە نییە."

کونەرئاڵپ دەڵێت، "کاتێک سوید و فینلەندا داوایان کرد ببنە ئەندامی ناتۆ، دۆخی روسیا لە ئوکراینا زۆر بەهێزتر بوو لەوەی ئێستا هەیە، نیگەرانی جددی لە هەموو ئەوروپا هەبوو کە شەڕەکە تەنها لە ئۆکرانیادا سنووردار نابێت. بەڵام ئێستا وا نییە. روسیا نەیتوانی بە تەواوی دەست بەسەر ئۆکراینادا بگرێت و بۆیەش روسیا لاواز دەردەکەوێت و ئەوەش بەشێک لە نیگەرانیەکانی سوید و فینلەندای رەواندووەتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار