ململانێی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی

2 ساڵ لەمەوپێش



هێرش عەبدولرەحمان

‏دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە ماوەکانی رابردوودا عێراقی دووچاری کێشەی سیاسی و ئابووریی کردووەتەوە. واشنتۆن بە پلەی یەکەم رێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی گرێداوەتەوە بە فشارخستنەسەر ئێران چونکە هەردوولا بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە ململانێیەکی قووڵی سیاسیی و ستراتیژیدان. پاشان دەیەوێت لەم رێگەیەوە سنوورێک دابنێت بۆ بەقاچاغ بردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ هەر یەک لە وڵاتانی تری وەک سوریا و یەمەن.

چەند بانکێکی عێراق لەم گوشارە ئابووریەدا بوونەتە ئامانجی ئەمریکا چونکە لە رێی سیاسەتی بردنە دەرەوەی دۆلار لە بەرژەوەندی ئێران بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران رەفتاریان کردووە و ئەمەش لای واشنتۆن مایەی قبووڵ کردن نییە. ‏ئەو فشارە ئابوورییەی ئێستا لە بازاڕەکانی عێراقدا دەبینرێت دەرەنجامی دابەزینی بەهای دراوەکەیەتی. هەرچەند بانکی ناوەندی دەیەوێت لە رێگەی خستەبازاڕی دۆلاری زۆرەوە رێگە چارەیەک بۆ ئەم بابەتە بدۆزێتەوە باڵام تا ئێستا دەرەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و دیناری عێراقی سەقامگیرییەکەی جارانی نەماوە. ئەم نەبوونی سەقامگیرییەی دراو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تا ئێستا بابەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و بردنی بڕێکی زۆر بۆ وڵاتانی دەوروبەر گومانەکانی واشنتۆنی نەرەواندووەتەوەو عێراق بە ناراستەوخۆ بەشدارە لە دژ وەستانەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران و سوریا.

‏دوای ئەوەی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەت و نەبوونی نەختینەی پێویست بەهای دراوەکی دابەزاند لە کانوونی دووەمی 2020 ئێستا بەهۆی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکاوە خەڵکی لەژێر گوشار و سیاسەتی سک هەڵگوشیندان. ئەو فشارانەی واشنتۆنیش لە بەغدای دەکات بۆ ئەوەی رێ بگرێت لە بە قاچاغ بردنی دۆلار بۆ تاران هێشتا وەک پیًویست نین چونکە لە ئێستادا پەیوەندی بەغدا و تاران زۆر نزیکترە لە پەیوەندی بەغدا و واشنتۆن و ئەو سیاسەتمەدارانەی لە پشتەوە ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکەن پەیوەندیی ژێر بە ژێر و زیاتریان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە. هەر ئەمەشە وایکردووە یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە مامەڵە دەرەکیەکان زیاتر بکات و رەوانەکردنی دۆلاری زیاتر بۆ عێراق دوابخات.

‏بانکی فیدراڵی نیویۆرک لەسەر داوای حکومەتی عێراق دراوی ڕەق، یان بە شێوەی کاش یان لە ڕێگەی مامەڵەی دەرەکییەوە دابین دەکات. لە کاتێکدا بەشێک لەو پارانە بۆ دابینکردنی هاوردەکردنی حکومەت و پێداویستییەکانی دیکە بەکاردەهێنرێن، بەشێکی بەرچاو دەگوازرێتەوە بۆ بانکە بازرگانییەکان، کە بڕیارە بۆ هاوردەکردنی کەرتی تایبەت بەکاربهێنرێن بەڵام لەلایەن کارتێلەکانی سپیکردنەوەی پارە لە عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە.

باقی پارەکەش دەخرێتە سەر یەدەگی نێودەوڵەتی. عێراق بەهۆی گەشەسەندنی داهاتی نەوتی، بڕێکی بەرچاو لە یەدەگی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هەیە. هێشتا ئەمریکا لەم دواییانەدا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی وردبینی لە مامەڵە دەرەکییەکان و بەهۆیەوە دواکەوتن و هەندێک داواکاری ڕەتکراونەتەوە بەهۆی گومانی پەیوەندی بە ئێرانەوە. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار بۆ داپۆشینی هاوردەکردن، ئەمەش وایکردووە حکومەت ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ هەوڵدان و کۆنترۆڵکردنی ڕێژەکە لە بازاڕی ڕەشدا بەڵام سەرکەوتنی سنوورداری بەدەستهێناوە ‏لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەستیان بە یەدەگی بیانی خۆیان بگات کە لە یەدەگی فیدراڵی ئەمریکادا هەڵگیراون، بانکە عێراقییەکان ناچاربوون پابەندبن بە هەندێک پێوەرەکانی سیستەمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی سویفت.

ئەم پێوەرانە بریتین لە پابەندبوون بە بڕگەکانی جیهانی دژە سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی دارایی تیرۆر، هەروەها بڕگەکانی سزا وەک ئەوانەی کە ئێران یان ڕووسیا دەگرێتەوە. ڕێسا نوێیەکان پێویستی بە ئاستی بەرزی شەفافیەت و ئاشکراکردن هەیە، ئەمەش وەک شۆکێک بۆ زۆرێک لە بانکە عێراقییەکان هاتووە کە خوویان بەم ئاستە لە وردبینییەوە نەبووە.

بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، ئێستا بانکە عێراقییەکان دەبێت حەواڵەی دۆلارەکانیان لەسەر پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین تۆمار بکەن کە پێداچوونەوە بە داواکاری گواستنەوە دەکات و یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ داواکارییەکان دەکات، ئەگەر هەر گومانێک هەبوو ئەوا گواستنەوەکە ڕادەگرێت. بەپێی پەسەندکردنی میکانیزمە نوێیەکە لە مانگی تشرینی دووەمدا، بانکی فیدراڵی ئەمریکا نزیکەی لەسەدا ٨٠ی داواکارییەکانی گواستنەوەی بۆ بانکەکانی عێراقی بلۆک کردووە بەهۆی گومان لەسەر مەبەستی کۆتایی ئەو گواستنەوەیانە.

‏ بۆیە هەڵاوسانی ئێستای بەهای دراو "دۆخێکی کاتییە" کە بەهۆی ڕێسا نوێیەکانی پابەندبوونی بانکەکانی عێراق بە سیستمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی سویفتەوە دروست بووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمی دۆلار لە بازاڕدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار