حوکمڕانی دادپەروەرانە
2 ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
لە مێژوودا چەندین جۆری حوکمرانی پەیڕەوکراوە. هەمووئیمبراتۆریەت وپاشانشینەکان تا سەرەتای سەدەی ٢٠حوکمی پادشایەتی رەها بوە . زۆری نەتەوە وناوچەکانی جیهانیش یان بەش بوون لە ئیمراتۆریەتی ستەمکار ، یان کۆلۆنی بوون، جگە لە چەند شوێنی وەک ئینگلتەرا کە دەسەڵاتی پادشا تا رادەیەک سنوردارکرابوو ، فەرەنسا کە لە ١٧٩٣ بۆ ماوەیەک شۆڕشکرا و بوو بە حوکمی کۆماری تا کاتی ناپلیۆن ، ولایەتە یەکگرتوەکان کە سەرەتای سەدی ١٩ کە سەربەخویی بە دەستهێنا.
پاش جەنگی جیهانی یەکەم ٢ جۆری سەرەکی حوکمڕانی وەدەرکەوتن . یەکەمیان ستەمکاری دیکتاتۆری کە لە لایەن کەسێک ، حوکمی سەربازی راستەوخۆ یاخود گروپێک ، ئیتر بە ناوی حیزب یان هەرچی بێت، دەسەڵاتی خۆیان سەپاندوە،.لە ژێر پەردە و روپۆش وجۆری جیاوازدا: پادشایەتی رەها ، کۆماری دیکتاتۆری بە ناوی نەتەوەپەرستی ، وەک نازیەکان، فاشیستەکانی ئیتالیا، فرانکۆ ، پاتیستا ، دەسەڵاتی بەعس و سەدام، قەزافی و دەیانی تر تا ئێستا. بە ناوی ئاینەوە وەک ئێران ، ئەفغانستان و شوێنی تر. دیکتاتۆریەت بە ناوی چینی کۆمەڵایەتی و پارتی کۆمەنیستی و پێشڕەوی سەرکردە، کە لە راستیدا کۆمەڵێکی لوتکەی حیزب و یەک کەس حوکمڕانی کردوە، وەک وڵاتانی سیستەمی سۆڤێتی، کوباو چین و چەند دەوڵەتی تر ، بە تایبەت لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و چەند دەوڵەتی ئەفریقیا ، هەر وەها ئێستای کۆریای باکورو چین. کە خەڵک تەنها مافی هەڵبژاردنی ئەو پارەتەی هەیە ، گەر هەلبژاردنیش ئەنجام درابایە، لایەنەکانی تر دەبوایە پاشکۆی ئەوان بن.
جۆری دووم دیموکراسیە کە پشتی بەستوە بە سیستەمی پەرلەمانی و فرە حیزبی ، ئیتر سەرۆکایەتی بێت ( وڵاتە یەکگرتوەکان، فەرەنسا) یان دەسەڵاتی پەرلەمانی راستەوخۆ و دانانی سەرۆک وەزیران و رۆڵی سەرۆکی کۆمار یان پادشا تەنها پرۆتۆکۆلی و سینبۆلی بێت ( ئینگلتەرا ، ئەڵمانیا ، ئیتالیا، نەمسا ، سوید ، دانیمارک). لەم وڵاتانە دەبێت ئازادی تاک و بیروباوەر، مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ ، ئاسیشی هاوڵاتیان ، یەکسانی ، خزمەتگوزاری گشتی و دابینکردنی کەمترین ئاستی ژیان پەیرەو ومسوەگەر بکرێت و حکومەت لە ژێر چاودێری و کۆنترۆلی گەلە بە هۆی پەرلەمان و یاسا بنەڕەتیەکان و توانای گۆڕانیان هەیە، سوپا و دەزگا ئەمنیەکان رۆڵی سیاسیان نیە .
جۆرێکی تر پەیدا بوە، کە زۆر خەسلەتی دیکتاتۆری تێدایەو جۆری حوکمڕانیش تێکەڵەیەکی ناجۆرە . ئیدعای دیموکراتیەت و فرە حزبی و سیستەمی پەرلەمانی دەکات و چەندین حزبیش بە رەواڵەتی هەن . هەم لە چەندین بواری لاوەکی بەڕەڵلایی بەدی دەکرێت ، هەم دیکتاتۆری سەرکردەی حزب و کۆمەڵێک لایەن پێکەوەیە ، کە هەموو میلیشیایان هەیە ، لە گەڵ یەک رێکدەکەون بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و هەموو مەرکەزەکان و سەروەت و سامانی وڵات و کۆنترۆلکردنی هەموو جومکەکانی ژیان . لە کاتی ناکۆکیش یان نارەزایی خەڵک ، پەنا دەبەن بۆ هێزی چەکداری و دەزگای داپلۆسین بە رامبەرنارەزایی خەڵک و یەکتریش. بە رەواڵەت هەڵبژاردن ئەنجام دەدریت، هەمووش یەک تومەتباترت دەکەن بە ساختە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، بەڵام پاشان پێکەوە پێک دێن و دەسەڵات و هەموو شت دابش دەکەن و دەبن بە شەریک . لەم جۆرە حوکمڕانیە : گەندەڵی ،تاڵانکاری سامانی وڵات، پێشێل کردنی مافی خەڵک ویاسا ومافی گشتی، نا شەفافیەت لە هەموو کار و کردارێکدا ، دروستوبوونی دەوڵمەندی نامەشروع و سەرمایەداری هەڵتۆقیوی دز، نەبوونی (کار، ئاسایش و سەقامگیری، خزمەتگوزاری بنەرەتی)، زیادوونی هەژاری، بپێشێلکردنی سەروەری وڵات و هاتنە کایەی حوکمێکی نەعەشایەری و نە دیموکراتی دروست و نە دادپەروەری بێسەروبەرخەسلەتی سەرەکیە ، کە کەس سەری لێ دەرناکات و تۆێژیکی مشەخۆر ولات تاڵان دەکەن. نمونەی زەقیش بۆ ئەوە عیراقی ئەمرۆیە بە کوردستانەوە ، کە پەرلەمان ودەزگا دەوڵەتیەکان نەوەک هەر بێ دەسەڵات و ئیرادەن بۆ پاراستنی دەستور و یاساکان، بەڵکو ئامرازن بە دەستی لایەنەکانەوە و بە وویست و ئاروزوی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
تا ئێستا هیچ لە حیزبەکان تەنانەت نەیانتوانیەوە پایەبەند بن بەو پرۆگرامەی خۆیان دایانڕشتوەو دروشمیان هەڵگرتوە وبڕواشیان پێ نیە و هەر ڕەواڵەتیە.زۆری لایەنە نوێکانیش زیاتر لە دوکانی سیاسی نزمتر لەوانی تر دەچن کە بۆ قازانج و ئیمتیاز دروست دەکرێن، بە شێوەیەک کە جەماوەر بڕوای بە هیچ نەماوە و زۆربە نائومید بوون لە داهاتوو. گەر لایەنێک لەوانە لای کەمی هەوڵی ئەوە بدات ، جەماوریش هوشیارانە هەڵسوکەوت بکات ، رەنگە رۆژێک لە عێراق و کوردستانیش دەسەڵاتی دادپەروەرانە بێتە کایەوە و ئەو لایەنە متمانەی زۆرینە بەدەست بهێنێت، ئەو کاتە بڕوای نێودەوڵەتیش بۆ خۆی رادەکێشێت، کە ئێستا عیراق بە یەکێک لە گەندەڵترین و خرابترین حوکمڕانی جیهانی پۆلین کراوە. بەڵام بەم شێوەی ئێستا دەرئەنجام لە سەر حیسەو دەسەڵات ئەگەری زۆری شەڕی ناوخۆو وێرانبوونی تەواو هەیە، بە تایبەت چەند لایەن وەلائیان بۆ دەرەوەی سنورەکان هەیە . جگە لەوەی جەماوەرو خەڵک وشەقامیشیان کرت کردوە ، بە ووتەو دروشمی بی ناوەرۆک وهێندێک ئیمتیاز و سەرکوتکردنیش ، سودیان لە بێ ئاگایی و سادەیی وساویلکەیی خەڵک وەرگرتوە و بەکاری دەهێنن بۆ سودی خۆیان.