ئەمریكا هەوڵی رازییكردنی چین دەدات نەوت لەئێران نەكڕێت
ناڕەزاییەكان و جەنگی ئۆكرانیا گەورەترین گورز لەڕێككەوتنی ئەتۆمی دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریكا هەوڵی رازییكردنی چین دەدات نەوت لەئێران نەكڕێت
ناڕەزاییەكان و جەنگی ئۆكرانیا
گەورەترین گورز لەڕێككەوتنی ئەتۆمی دەدات
ئێران نزیكەی دوو ساڵە هیوای لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی هەڵچنیوە بۆ دەربازبوون لەزۆربەی ئەو قەیرانانەی كە وڵاتەكەی بەرەو هەڵدێر بردووەك بەڵام بەدەستپێكردنی جەنگی ئۆكرانیاو سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا هەموو ریسەكانی لێبووەتەوە بەخوری بەتایبەت كەئەمریكا وەك لایەنی سەرەكیی ئەو رێككەوتنە تەنها مەرگەكەی رانەگەیاندووە و لەنوێترین هەڵوێستیشدا هێندەی دیكە تارانی بێهیوا كردو رایگەیاند بژاردەی سەربازیی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی لەسەر مێزە.
بەكورتی بچووكترین قازانجی ماددیی ئێران لەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی فرۆشتنی 50 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبوو لەشەش مانگدا كە وڵاتی قەتەر نێوەندگیریی سەرەكیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران بوو بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بەڵام تاران بەكەمتر لە 100 ملیۆن بەرمیل رازیی نەدەبوو ئەمریكا لەهەفتەی رابردوودا رایگەیاند هەوڵدەدەن چین رازیی بكەن بەوەی چیتر نەوت لەو وڵاتە نەكرێت و كۆتایی بەهەناردەی 850 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ئێران بێت بۆ چین.
ئێران بەزۆر رازی نەبوو ئێستا كەمەكەشی دەستناكەوێت، چونكە رۆبەرت مەڵی، نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاندووە؛ وڵاتی چین ئاگاداركراوەتەوە كە لەچوارچێوەی سزاكاندا نابێت نەوت لەئێران بكڕێت، هاوكات جۆن كیربی، رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی ئاسایشی نیشتیمانی كۆشكی سپی وتی: واشنتۆن بەهیچ جۆرێك ئامانجی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نەماوەو لەنوێترین پێشهاتێشدا ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەقاهیرە، پایتەختی میسر وتی: بژاردەی سەربازیی بۆ رێگریی لەبەرنامەی ئەتۆمیی تاران لەسەر مێزە.
تەنها مانگێك دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بەرپرسانی باڵای ئەمریكا رایانگەیاند سەرنجی وڵاتەكەیان تەنها لەسەر پشتیوانیی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی ئێران دەبێت و چیتر رێككەوتنی ئەتۆمی پرسی سەرەكیی واشنتۆن نابێت و دواتر تۆمارێكی ڤیدیۆیی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بڵاو كرایەوە كە بەوتەی ئەو تەنها مەرگی ئەو رێككەوتنە كۆتایی هەتاوە تەنها بەڕەسمی مەرگی راناگەیەنرێت.
سوپای پاسداران سەری رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخوات
روسیا لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەڕێككەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند؛ ئەمریكا هەوڵدەدات بەزەقكردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی ئێران سەرنجی جیهان لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی بەلاڕیدا ببات.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبەیاننامەكەیدا رایگەیاندووە كەئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا هەوڵدەدات بەپشتیوانیی لەناڕەزایەییەكانی ئێران سەرنجەكان لەسەر زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی 5+1 بە فێڵ و هەوڵی ناڕاست بەلاڕێدا ببات و ئامانجی دیكە بگرێتەبەر بەمەبەستی كەمكردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر واشنتۆن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
رۆژنامەی (فایننشال تایمز)ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە؛ یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت لەڕێگەی بژاردەیەكی یاساییەوە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆر بەئامانجی كۆتاییهێنان بەخەون و هیواكانی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكرای كردووە كەئەڵمانیا و فەڕەنسا دەوری سەرەكیی دەبینن بۆ ئەوەی ئەو بژاردە یاساییە دژی سوپای پاسداران جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی بەتیرێك دوو نیشان بپێكن و ئێران بكەوێتە بەر لێشاوی سزاكانی 27 وڵاتی ئەوروپا لەپێناو ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی روسیای كردووە لەجەنگی ئۆكرانیاو هاوكات ئەوەش وەك پشتیوانییەك و كاردانەوەیەك دژی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی ئێران پیشان بدەن.
هەڵوێستی فەڕەنساو ئەڵمانیا بەراورد بەوڵاتانی دیكەی ئەوروپا دژی كۆماری ئیسلامی گرنگترە بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە بەشێكن لە رێككەوتنی ئەتۆمیی.
رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (ئەمریكا، روسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا) لەگەڵ ئەڵمانیا كە بە 5+1 ناودەهێنرێت دوای 20 مانگ دانوستان لەساڵی 2015 واژۆكرا كەئەو رێككەوتنە بەشێك لەبەرنامە موشەكییەكانی سوپای پاسدارانی دەگرتەوە و تاران بۆی نەبوو پیتاندنی یۆرانیۆم لە 5% زیاتر بەرز بكاتەوەو كشانەوەی ئەمریكا لەساڵی 2018 بووە بیانویەك بۆ ئەوەی ئێران پیتاندن بۆ 60% بەرز بكاتەوەو ئەگەر ئەو پیتاندنەش تا 95% بگات ئەوا ئەو وڵاتە دەتوانێت چەكی ئەتۆمیی دروستبكات، بەڵام پێناچێت نە ئەمریكا و تەنانت روسیا و چین بیانەوێت وڵاتێكی دیكەی خاوەن چەكی ئەتۆمیی بۆ جیهان زیادبێت، بۆیە ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمیی لەڕابردوودا كارتێكی فشاری تاران بووە، ئەمڕۆ بووەتە گرێكوێرەیەك كەچارەسەرەكەی لەدەستی خۆیدا نییە.