ئەمریكاو دۆلارەكانی

2 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ئەمریكاو دۆلارەكانی


ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن كێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لەڕاستیدا دەستنیشانكردنێكی هەڵەیە بۆ كێشەكە. كرۆكی پرسەكە دراوو نرخەكەی نیە، بەڵكو سیستەمێكە كەجوڵەی دۆلار لەدونیادا رێكدەخات و عێراق هێشتا بەشێك نیە لەو سیستەمە. بەم پێیە، هۆكاری سەرەكی هەڵبەزو دابەزی نرخی دراو، ئابوری نیە، بەڵكو پرۆسەی كۆنترۆڵ و بەدەستهێنانی زانیاری و سەفەری دراوێكی وەك دۆلارە. ئەم سیستەمە بەكۆدی سویفت ناسراوە.
SWIFT “Society for World Interbank Financial Telecommunication”. 
سویفت كورتكراوەی كۆمەڵەی ئەو بانكانەیە كە لەبواری داراییدا پێكەوە گرێدراون لەڕێگای تێلی-كۆمیونیكەشنەوە. ئەم كۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لەمەوپێش لەبرۆكسل دامەزرا، بەمەبەستی ئاسانكاریی گواستەوەی دراو لەدونیادا. 
 بەگشتی ئەم كۆدە ١١ ژمارەیە. چوار ژمارەی یەكەم، بانكەكە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەكە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانكەكەیە. سێ ژمارەی كۆتایی لقی بانکەكەیە. بەم شێوەیە هەر پارەیەك كە لەڕێگای بانکەوە دەگوێزرێتەوە وڵات و بانک و كەس و شوێنەكەی دەناسرێتەوە. 
عێراق هەتا ئێستا لەدەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە كاتێك دۆلار لەعێراقدا هاتوچۆی پێدەكرێت،  نە كەس، نە بانک، نە وڵات، ناناسرێتەوە.
ئەم نەبوونی زانیارییە عێراقی كردووەتە ئەو جێگایەی كەوڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بەدۆلار بگات، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لەكوێوە هاتووە، پەنا بۆ عێراق بەرن. وڵاتانی وەك ئێران و سوریا كە لەژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ عێراق دەبەن بۆ بەدەستهێنانی دۆلار، كە ناتوانن لەڕێگای سیستەمی سویفتەوە بەدەستیبهێنن. بەڵام فاكتەری  سەرەكی قەیرانەكە دزینی دۆلارە. وەك دەبیستن لەڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت و دەبرێتە دەرەوەو جارێكی تر وڵات نابینێتەوە. 
دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لەڕێگای بانکەوە نیە بەڵكو وەك هەر كاڵایەكی تر دەكرێتە كۆڵە پشتەوەو حیمایەی بۆ دابیندەكرێت و ئاودیو دەكرێت. یەكێك لەزیانە  گەورەكانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە كەوڵاتێكی وەك عێراق بۆ هاوردەكردنی كاڵا، تەنها پێویستی بە سی، چل ملیون دۆلارە لەڕۆژێكدا، بەڵام لەبەر بردنە دەرەوە زیاتر لە ٢٠٠ ملیون دەخاتە بازاڕەوە. لەكاتێكدا ئەو دۆلارانە پێداویستی راستەقینە نین، بەڵام كەمكردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبوونی خواست و گرانبوونی بەهای دۆلار. 
لەوڵاتێكدا كەدۆلار دراوی سیقە پێكراوە، دینار كەدراوی فەرمییە وەك دراوی دووەمی رۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری دەبێت، نەك تەنها لەسەر نرخ بەڵكو لەسەر باری دەروونی و دۆخی بازاڕو دروستبوونی ترس. باری دەروونی كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵبەزو دابەزی نرخ. 
دیارە رەهەندی تر بوونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نموونە، بوونی دۆلار بەدراوی خەزێنەیی لەدونیادا، وەها دەكات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەكەیان و كڕینی شمەكی هاوردە، پێویستی بەدراوی قورسی وەك دۆلار بێت. بەڵام كاتێك ناتوانن راستەوخۆ بەدەستیبهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێكی وەك عێراق دەبەن، كەهێشتا كونێكی رەشە لەسیستەمی نێودەوڵەتیدا. 
ئەمریكاییەكان دەمێكە دەیانەوێت ئەم كونە رەشە دابخەن. داوایان لە حكومەتەكەی كازمی كرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێك لەو بارەوە بنێت. دیارە رەنگە ئەمریكاییەكان نەیانویستبێت فشاری زیاتر بخەنەسەر كازمی بەوە وەها دەردەكەوت یان دەبینرا، كەزیاتر مەیلی رۆژئاوایی هەیە. بەڵام حكومەتەكەی سودانی، حكومەتی چوارچێوە خۆیەتی و خودی سودانی بەڕێوبەرێكی گشتییە لای برادەرانی ئیتار. 
ئەم رەهەندە هەرێمییە قەیرانەكە وەهایكردووە كەعێراق نە بیەوێت و نە لەتوانایدا هەبێت بەهەنگاوێكی وەها هەستێت كە بەخێرایی بەبێ هیچ گیزو گازێك ببێت بەئەندامی سیستەمی سویفت. بەڵكو زۆر لایەن و كەسایەتی و هێز هەن كەسودیان لەمانەوەی عێراقە لەدەرەوەی سیستەمەكە.
لێرەوە دێینە سەر كەرتی بانكی عێراق. لەعێراقدا سیستەمی بانكی بەمۆدێلی كۆنە. ئەم كەرتە یەكێكە لەو كەرتانەی كەبەردەوام داوادەكرێت كەدەبێت چاكسازی تیادا بكرێت بۆ ئەوەی ئابوری عێراق ببوژێتەوە. بەڵام وەك چۆن بوون بەئەندامی سویف رێگری هەیە، هەروەها چاكسازی بانكیش.
كەرتی بانكی لەعێراقدا كەرتێكی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانكەكان لەلایەن كەسێكی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەكرێن. كاری هەرە سەرەكی ئەم بانكانە، كاری بانكی نیە كە لەدونیادا هەیە، وەك ئاسانكاری گواستنەوە، یان دابینكردنی قەرز یان بوون بەبەشێك لەسیستەمی بازاڕو ئەم جۆرە كارانە، بەڵكو زیاتر مەزادی دراوو پارە حەواڵەكردن و پارە سپیكردنەوەیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەعێراقدا زۆرترین بانكی ئیسلامی بوونی هەیە، كەهەمووی وەك رووپۆشێك بەكاردێت بۆ سپیكردنەوەی پارە. تەنانەت كەسێكی وەك نور زوهێر، كەدزێكی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانكێكی ئیسلامییە.

لەعێراقدا ئەم پرسە كەمتر وەك پرۆسەیەكی دراویی یان ئابوری دەبینرێت، بەڵكو زیاتر وەها دەبینرێت كە كارێكی سیاسی و جیوپۆلەتیكییە. پرسی دۆلار وەك چەكێك دەبینرێت لەدەستی ئەمریكادا بۆ فشار خستنەسەر حكومەتەكان. بەشی زۆری تێگەیشتن لەعێراقدا تیورەی پیلانگێڕییە. بۆ نموونە زۆرینەی خەڵك وەها بیردەكەنەوە كەئەمریكا سزای عادل عەبدولمەهدی دا لەبەر پەیوەندی لەگەڵ چیندا. تەنانەت رەنگە عادل خۆشی وەها بیربكاتەوە كەئەمریكاییەكان لایانبرد، بۆیە ئێستا وەها دەنووسێت. لەكاتێكدا جگە لەكازمی هەموو سەرۆك وەزیرانێكی عێراقی سەردانی چینی كردووەو گرێبەستی لەیەكگەیشتنی لەگەڵ چیندا واژۆكردووە. 
بێگومان ئەمریكا، كاتێك دەیەوێت ئێران لەژێر ئابلۆقەدابێت، ئەوا ئەگەر رێگەبدات وڵاتێك بەهەموو شێوەیەك ئەو ئابلۆقەیە بشكێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەكەی پووچ دەبێتەوە. بەڵام لەهەمانكاتدا ئامانجی ئەمریكا هەرچییەك بێت، دۆلار چەكێكی بەهێزە، لەسەردەمێكدا كەچەكی سەربازی راستەوخۆ رۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێكی تری ئەمریكاییەكان ئەوەیە كەئەو پارە گەندەڵییەی كەدەدزرێت لەناو عێراقدا ساغبكرێتەوە، هەركاتێك حكومەتێكی بەهێز دروستبوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێكی لەو شانۆگەرییە بێتامەدا دەبینین كە لەگەڵ دزی سەدەدا دەكرێت.
پارەی گەندەڵی و دزراوی زۆری عێراق یەكێك بووە لەسەرچاوەكانی دروستبوونی سیستەمێكی ئابوری تایبەت لەناوچەكەدا. ئەمە تەنها تایبەت نیە بەعێراقەوە، وڵاتانی وەك ئەفغانستان، ئێران، پاكستان و وڵاتانی تری ناوچەكە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن. وڵاتانی تری ناوچەكە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا كۆمەڵێك كارئاسانییان سازاندوە. بۆ نموونە، كڕینی خانوو لەتوركیا و ئوردون و ئیمارات، یەكێك لەڕێگا باوەكان. هەرچەندە خانوو رەنگە بڕەكەی كەم بێت بەڵام رێژەكەی زۆرە، بۆیە لەئەنجامدا كەڵەكە دەبێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە كەوڵاتانێك كەسەقامگیرترن لەعێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بكەن لەسەر داهاتی زۆری عێراق، لەبەر نەبوونی سەقامگیری و بنەماكانی تری ژیانی ئاسایی. ئەم دۆخە لەعێراقدا خراپتر دەبێت بەخراپتربوونی ژینگەی سروشتی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی كۆمەڵایەتی. 
هەموو ئەمەی روودەدات لەكاتێكدایە كەتووێژێكی كەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام تووێژێكی ئێجگار بەرفراوان  زەرەرمەندە. 
لەهەمانكاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات كەوەهمی ئەوەی كە لەدەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێكە خۆشە. ئێستا عێراق لەبەردەم كۆمەڵێك بژاردەدایە، یەكەم، درێژكردنەوەی دۆخی ئێستا. دووەم، دەستپێكردنی پرۆسەی هەنگاو بەهەنگاو، سێیەم، سوربوون لەسەر ناچاركردنی عێراق بەبوونی بەئەندامی سویفت. لەئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی كەدەتوانێت دەستی هەبێت لەسەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریكاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراوو درۆن ناوچەكە بەرەو كوێ دەبەن؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار