کۆتایی قۆناغی رۆشنبیری
2 ساڵ لەمەوپێش
خالیدی حاجی ئەحمەد
ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان و زۆر شوێنی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو گروپ دەستیان بەسەر زۆرینەی کایەکانی کۆمەڵگادا گرتووە. ئەو دوو گروپەش بریتین لە:
1-هێزە چەکدارەکان
2-کۆمپانیا گەورە و حزبییەکان
گروپەکانی تری وەک رۆژنامەنووس، سیاسەتوان، پاریزەران، لێکۆڵەرەوان و مامۆستایان و نووسەران و ئەدیبان، یا لەخزمەتی ئەو دوو گروپەدان یا لەپەراوێزدا ژیان بەسەردەبەن. زۆرینەی هاووڵاتیانیش راکەڕاکیانە بەدوای بژێویی ژیان و کەمێک خۆشگوزەرانیدا. لەم نێوەندەشدا هەرچی (بیرو ئەندێشە) و (رۆشنبیری) و تەنانەت (ئازادی)شە، لەبیرکراون.
سەدەی رابردوو، بەدەگمەن خوێندەوارێک هەبوو دەقی فەلسەفی نەخوێندبێتەوە. لەتۆکیۆوە بۆ هیندستان و میسرو بەڕازیل و لەسودانەوە بۆ سلێمانی و هەولێرو پاریس و ستۆکهۆلم، رۆمان و شیعر خوێندنەوەو بەسەرکردنەوەی قوتابخانە فیکری و سیاسی و ئەدەبییەکان، شانۆو فیلم و بەشێوەیەکی گشتی؛ رۆشنبیری سیمای زاڵی کۆمەڵگابوو. لەدوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە رۆشنبیران و نووسەران ئاڵاهەڵگری ئەو خەون و ئاڵوگۆڕانەبوون کەبانگەشەی ژیانێکی باشتریان بۆ مرۆڤایەتی دەکرد.
لەم سەدەیەداو بەتایبەت لەدەیەی رابردووەوە، رەنگە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پرسی ژینگە تەنها ئەندێشەیەک بن بەزیندویەتی مابێتنەوە. هەرچی بەها بەرزەکانی ترە، وەک (ئازادی سیاسی)، (دیموکراسی) و (پرسەکانی کۆمەڵگای مەدەنی) بەخامۆشی سپێردراون.
لێرەدا بەچەند خاڵێکی درشت، ئاماژە بەچەند هۆکارێکی کەم دەکەین، لەوانە:
1–لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، نزیکەی (5) ملیارد کەس بەدانیشتوانی گۆی زەوی زیادبووە. ئەم حەشاماتە بێشومارە، گوشارێکی گەورەی لەسەر حکومەت و حزب و رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵیەکان دروستکردووە کەداواکاریەکانیان رەگی لەدابینکردنی ئاسایش و کارو خانووبەرە و تەندروستیدا داکوتاوە.
2–بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی ژیان و دابینکردنی لانی کەمی خۆشگوزەرانی، گوشارێکی ترە لەسەر خێزان و تاکەکان. ئەمڕۆ ئاسان نیە تەنها کەسێک لەخێزاندا کاربکات و بتوانێت بەختەوەرانە خێزانەکە ئیدارە بدات. گوشاری رۆژانەی پەیداکردنی نان، ئاڕاستەی بیرکردنەوەی تاکەکانی لەبەها گشتییەکانی کۆمەڵگاوە گۆڕیوە بۆ بیرکردنەوەیەکی ئابورییانە کەخۆی لەگییرفاندا دەبینێتەوە. لێرەوە ئیتر خوێندنەوەی کافکاو دەستایۆفسکی و مارکیزو شامیلۆو هابرمازو پۆپەرو سارتەر، چ سوودێکیان دەبێت گەر کات بەفیرۆدان نەبێت!
3–لەسەدەی پێشووتردا، تەرزو شێوازی گوزەران وەک ئەمرۆ نەبوو. دەوترێت نزیکەی (4) ملیار تەلەفۆنی زیرەک لەجیهاندا هەیە. ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان ( 18 بۆ 30 ) ساڵدایە رۆژانە ( 5 بۆ 7 ) کاژمێر بەدیار مۆبایلەکانیانەوە بەسەردەبەن. ئەم هەموو سەرگەرمیەی مۆبایل و تابلێت و کۆمپیوتەر دەیبەخشن، لەبەرانبەریشدا گوشاری ئابوری، خوێندنەوەی تۆلۆستۆی و شکسپیرو بەختیار عەلی چ کەلێنێکی ژیان و گوزەران پڕدەکەنەوە؟ لەکاتێکدا هەر پرسیارێکیشت بێتە بەردەم دەتوانی پەرەگرافێکی لەسەر بخوێنیتەوە و پێویستیت بەخوێندنەوەی کتێبێک نیە تاوەڵامێکی لێ هەڵهێنجی. بژێویی و لەزەت بردنێکی بەرفراوان لەژیان، (داهاتی ساڵانەی تاکی) خستووەتە پلەی یەکەم و (پرسیاری فەلسەفی) و (ئایندەی کۆمەڵگا)و (چاکەی گشتی) لەبازنەیەکی تەسکدا قەتیس کردووە.
4–لەدەیەکانی کۆتایی سەدەی رابردووە، رووخانی سۆڤیەت و بەوتەی (رۆبیتانی کاکە زاڵ): ئیزافەبوونی (چین) بۆ جیهان، کەپێشتر لەدورگەیەکی داخراو دەچوو، هەلێکێدا بەسەرمایەداری و بەربەستێکی لەبەردەمدا نەما. کۆمپانیا فرەنەتەوە زەبەلاحەکان پەلیان کێشا بۆ هەموو کون و قوژبنێکی جیهان و لەزۆر شوێندا کەوتنە بەزاندنی سنوورەکان و لاوازکردنی پێکهاتە دەوڵەتییەکان کەبەرهەمی (ئاشتی ڤیستڤالیا) و هەرەسی ئیمپراتۆرییەکان بوون. سۆڤیەت هەمیشە هەڕەشە بوو بۆ سەرمایەداری، نە لەبەر باشی و دادپەروەریەکەی، بەڵکو بەوەی بەدیلێک بوو بۆ سەرمایەداری و بەردەوام لەجیهاندا دەکرا لاسایی بکرێتەوە. نەمانی جێنشینێک بۆ دنیای سەرمایەداری و نادادپەروەریەکەی، بەشێکی نەمانی ئەو خەیاڵدان و فەزایەش بوو کەدەکرا بیرکردنەوەی رەخنەییانە تێیدا ئازادانە خەونێکی جیاواز لەواقیع بخوڵقێنێ. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو خەونەش بەپلەی یەکەم رۆشنبیران بوون. براوەی ئەم گەمەیەش چوار گروپی بەهێز کرد کە لەڕیشەوە دژ بەڕۆشنبیرین بەمانا مەدەنییە جیهانییەکەی. ئەوانیش بریتین لە:
1–ئاین و ئاینزا و تاییفە ئاینییەکان.
2–پۆپۆلیستەکان.
3–لۆردەکانی جەنگ، کە ریشەیەکی کۆمەڵایەتی بەر لەسەرمایەدارییەکی گەشەسەندویان هەیە وەک شێخ و سەیدو ئاغاو بەگ و عەشیرەت و هۆز.
4-جەنەراڵەکان.
ئاشکرایە لای زۆرێک لەم گروپانە، خوێندنەوەی تاگورو هایکۆی ژاپۆنی و هێگل و بۆرخس و ئۆرهان پامۆک نەک هەر لەزەت بەخش و بەسوود نین، بەڵکو زۆرجاریش مایەی ژانەسەرن. بۆیە ئاساییە لە پانتاییەکدا ئەم گروپانە لەڕەوتدا بن، ئەهلی قەڵەم لەپاشەکشەدا بن. ئەمرۆ پرسیارە جیدیەکانی ۆشنبیر بەرانبەر دەسەڵات و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش بەچەند پەیج و تۆمەت و زیندان و نانبڕین و تەنانەت سپاردنیان بەمەرگ، وەڵامدەدرێنەوە. سەردەمێکی تری زێڕین بۆ رۆشنبیری لەداهاتوودا دەکەوێتە قۆناغێکەوە کەئەو گروپانە بەمێژوو بسپێردرێن.