با کەس بەدیمەنی شەڕەبەفری گەشتیاران نەخەڵەتێ،ئێرە وڵاتی نەهامەتییەکانە

2 ساڵ لەمەوپێش



حامید محەمەد عەلی
ئەو دیمەنانەی كەناڵە تەلەفزێونیەكان لەكۆڕەك و سەفین و هەورامان و ناوچەكانی ترەوە پیشانیدەدەن، كەخەڵكانێك بۆ گەشت و سەیران و بەسەربردنی چەن كاتێكی خۆش روودەكەنە ئەو شوێنانەو شەڕەبەفرو خلیسكانێ دەكەن، هەرگیز گوزارشت نیە لەواقیع و حاڵی كۆی خەڵكی كوردستان و نابێت بكرێتە ئاماژەیەك بۆ خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و ئاسودەیی خەڵك..
ئەو دیمەنانە لەچاو كۆی ژیانی خەڵكی هەرێم زۆر كەمن، چونكە چەندین ئەوەندەی ئەو ژمارەیە خەڵكی دیكە هەن كەڕەوشی ژیانیان خراپە، لەم هەرێمەی ئێمەدا  دەیان هەزار خێزان كرێنشینن، هەزاران هاووڵاتی و موچەخۆر لەژێر باری قەرزو قەرزاریدا دەناڵێنن ،سەدان و بگرە هەزارانیش، بەم چلەی زستانە نەوتیان نیەو ناتوانن زۆپاكانیان بەردەوام ئیش پێبكەن..
سەدان بیمارو نەخۆش هەن كەهەندێكیان لەشاشەی تەلەفزێونەكانەوە دەیانبینین، بەئازارەوە دەتلێنەوەو  گیرۆدەی نەخۆشی جۆراوجۆرن و توانای خۆعیلاج كردنیان نیەو دوای ئەوەی نائومێدبوون لەحكومەت، چاوەڕێی دەستی خێرخوازانن هاوكارییان بكەن .
خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ئاوو كارەبا، بەردەوام لەپاشەكشەدان و رێگەوبانەكانیش زۆریان ماوە چاكبكرێن و هێشتا خوێنیان لێدەچۆڕێ.
ئەمە لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی هەندێ پەرلەمانتارو زانیاری دزەپێكراو، رۆژانە دەیان ملێون دۆلاری ئەم وڵاتە دەبرێتە دەرەوەو بەكڕینی ڤێلاو كۆشكی گەورە لەوڵاتانی دەوروبەرو دووریش، سپی دەكرێتەوە.
موچەخۆران هەر مانگێک چەندڕۆژێك موچەكەیان دوادەخرێ، بازاڕو نرخی خۆراك و كاڵاكان رۆژبەڕۆژ لەبەرزبوونەوەدان، بێكارییەكی زۆر رووی لەهەرێمەكە كردووەو ساڵانە هەزاران كەس زانكۆو پەیمانگاكان تەواودەكەن، كەچی هەلی كارو دامەزراندنیان بۆ فەراهەمنەكراوەو پەشیمانن لەخوێندنەكەیان.
لەم هەرێمەی ئێمەدا، نە یاسا وەكو پێویست سەروەرەو نە دەزگای دادوەریی تەواو سەربەخۆیە، نە ئازادیەكان گەشەیان كردووەو نە مافی مرۆڤیش بەرقەرارە .
سەرباری ئەم هەموو كێشەو كەموكورتیانە، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانیش هەر لەزیادبووندایەو خەریكە لەبەكارهێنانی كەسییەوە، دەبێتە مەیدانی بازرگانی .


بەكورتی، بەشی هەرەزۆری خەڵكی ئەم وڵاتە لەنەهامەتیدا دەژی و ساڵ بەساڵیش قەیران و گرفتەكان لەزیادبووندان.
هەر بەهۆی ئەو كێشە ئابورییانەوە، كێشە كۆمەڵایەتیەكانیش هەر لەهەڵكشان و فراوانبوندایەو رێژەی جیابوونەوەو تەڵاق، خەریكە بەرامبەر دەبێت لەگەڵ رێژەی هاوسەرگیری و زەواج.
گەنجەكان لەبەر بێكاری و نائومێدی، مل بەدەریاكانەوە دەنێن و روو لەچارەنووسی نادیار دەكەن .
ئەمە بەشێكە، یان مشتێكە لەخەرواری كێشەو نەهامەتییەكان و پیشاندانی چەند روویەكی وێنەی راستەقینەی ئەم هەرێمە. هیوادارم دەسەڵات ئەم دەردەدڵانەو زۆری تریش ببینێ و خەمێكی رەوشەكە بخوات، ئەگینا ئاستەمە خەڵكی تاسەر بەرگەی گەندەڵییە زۆرەكان و ئەم رەوشە ناهەموارە بگرێت .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار