خوێندنەوە هەڵەكان
زستانە ساردەكە كەوتە ئێرانەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
خالید حاجی ئەحمەد
خوێندنەوە هەڵەكان
زستانە ساردەكە كەوتە ئێرانەوە
تادەستپێكردنی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا، چاوەروانیەكی زۆر هەبوو ئێران و وڵاتانی ( 5 ) كۆ ( 1 ) لەسەر وردەكاریەكانی رێكەوتنامەكەی ڤییەنای 2015 بگەنە رێكەوتنی كۆتایی. هاتنە سەركاری (رەئیسی) كە كەسایەتییەكی بەهێزی كۆنسێرڤاتیەكان و زیاتریش وەك جێگرەوەی رابەر ( خامنەیی ) چاوی لێدەكرا، ئەو گومانەی زیاتر كرد كەئێران لەكاریگەریی گوشارە نێودەوڵەتییەكان تێگەیشتوەو بەڕێكەوتنێكی ئابڕوو پارێزانە خۆی دەرباز دەكات.
لەگەرمەی گفتوگۆگاندا (پۆتین) جەنگی دژ بەئۆكرانیا هەڵگیرساند. جیهان و بەتایبەت ئەوروپا پڕبوو لەدەنگۆی مەترسیی قەیرانی وزەو خۆراك، .....
بەتایبەت كە روسیا لەگەورەترین بەرهەم هێنەرەكانی نەوت و غازە لەجیهانداو بڕێكی زۆریش لەغازەكە لەڕێگەی ئۆكرانیاوە دەگاتە ئەوروپا. هەندێكی تریش پێیان وابوو لەزووترین كاتدا ( چین ) پەلاماری تایوان ئەدات و قەیرانەكان قوڵتر دەبنەوە. لێرەوە دەوڵەتی ( رەئیسی ) و كۆنەپارێزەكانی ئێران كەوتنە تەڵەكەوەو ئەو هەڵە گەورەیەیان ئەنجامدا كەئێستا راستكردنەوەی زەحمەتە.
لەكۆتایی فەرمانرەوایەكەی ( حەسەن رۆحانی )دا گفتوگۆكان گەیشتبوونە ئەو خاڵەی : لیژنەی باڵای ئەتۆمیی نێودەوڵەتی بۆ دواجار سەردانی ئێران بكەن و كۆی بنكە ئەتۆمییەكان بەسەربكەنەوەو دڵنیابن لەڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و وێستگەكانی ( ئاوی قورس ) دابخرێت و دواتر بڕی زیادەی یۆرانیۆمی پیتێندراو تاكاتی بەكارهێنانی لەلایەن ئێرانەوە بۆ كاروباری ناسەربازییانە، بدرێت بەوڵاتێكی ئەتۆمی، لەكۆتاییدا رێكکەوتننامەكە مۆرو ئیمزا بكرێت.
هێشتا مانگێك بەسەر جەنگی ئۆكرانیادا تێنەپەڕیبوو، توندرەوەكانی ئێران لەچاوەڕوانی زستانێكی ساردو كەمەرشكێندا بۆ ئەوروپاو دیسانەوە بەمەبەستی جارێكی تر بەرزكردنەوەی ئاستی داواكاریەكانی ئێران تا بەخەڵك و ناوخۆی خۆیان بڵێن ئێمە وەك میانڕەوەكانی هاوشێوەی ( رۆحانی ) مل بەداواكانی رۆژئاوا نادەین و رایانگەیاند كەئێران پلەی پیتاندنی یۆرانێوم بەرزتر دەكاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ( سەنترۆڤیوژی ) نوێ دەخەنە كار....
لەبەرانبەردا چی روویدا؟
شەڕ درێژەی كێشاو ئەوروپا چووە بن باڵی ئەمریكاو خۆی گەرم كردەوەو كەس لەسەرمادا رەقنەبووەوە.... چین پەلاماری تایوانی نەداو پشتیشی كردە ئێران. تەنانەت سەرۆكی چین لەسەردانەكەیدا بۆ سعودیە رایگەیاند كێشەی ئەو سێ دورگەیە دەبێت بەئاشتییانە چارەسەر بكرێت كەئیماراتی عەرەبی ئیدیعای خاوەندارێتی دەكات و ئێران بەبەشێكی دانەبڕاوی خاكەكەی خۆی دەزانێت. لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانە گەورەكەی ئێران كە روسیایە لە هەوڵی ئاشتەوایی توركیا و سوریادایە، بەچارەسەركردنی كێشەكانیان لەدەرەوەی دانیشتنەكانی (ئەستانە) كەئێران تێیدا ئەندام بوو. دەرەنجام رۆژئاوا وەڵامی ئێران نادەنەوەو جگە لەمەسەلە ئەتۆمییەكە، پێدانی فڕۆكەی بێفرۆكەوان بەڕوسیا و دوای خۆپیشاندانە ناوخۆییەكانی ئێرانیش بابەتی مافی مرۆڤیان هێناوەتە بەرباس.
ئێستا نرخی غاز دابەزیوەتەوە بۆ رۆژانی بەر لەجەنگەكەو گەمارۆكانی سەر ئێران زیاتربووە، ناتوانێ بڕی پێویست بۆ قەرەبوكردنەوەی (توركمانستان) هەناردەی دەرەوە بكات، كە لەبەرانبەریدا توركمانستان غاز بۆ باكوری ئێران دابین دەكات، بۆیە ئەو وڵاتەش كەم تا زۆر غازەكەی لەئێران گرتووەتەوە. نوێنەری (زابول) لەپەرلەمانی ئێراندا وەك گاڵتەجاڕییەك بەسیاسەتی (زستانی ساردی ئەوروپا) كە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پەیڕەوكرا وتی: لەئەوروپا كەس لەسەرمادا رەق نەبووەوەو ئەوە هاووڵاتیانی شارەكەی منن (زابول) بۆ خۆگەرمكردنەوە پەنایان بردووەتە بەر تەپاڵە سوتاندن.