ئێران حەشاردانی رێبەری ئەلقاعیدە رەت دەکاتەوە
ئێران: ئەوانەی داعش و ئەلقاعیدەیان دروستکردوە هۆکاری تیرۆرن لە جیهان
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
ئێران رایگەیاند؛ بونی رێبەری ئەلقاعیدە لە وڵاتەکەی مایەی پێکەنینە و وەزیری دەرەوەش دەڵێت: ئەوانەی بونەتە هۆی دروستبونی داعش و ئەلقاعیدە هۆکاری کردەوەی تیرۆریستین لە جیهان.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا وەک یەکەم کاردانەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەرامبەر راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا، رەتی کردەوە کۆماری ئیسلامی هیچ رێبەر و سەرکردەیەکی رێکخراوی ئەلقاعیدەی داڵدە دابێت.
عەبدوڵڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە: تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە داڵدەدان و حەشاردانی رێبەر و سەرکردەکانی ئەڵقاعیدە مایەی پێکەنینە.
ئەو نوسیویەتی: ئەوانەی دەستیان لە دروستکردن و پشتیوانیی لە داعش و ئەلقاعیدە هەبوە بەرپرسیار و هۆکاری گەشەی تیرۆرن لە جیهاندا.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا نوسیویەتی: ئەدەرەسی هەڵە نەدرێت و کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار نەکرێت بە داڵدەدان و حەشاردانی رێبەرەکانی ئەڵقاعیدە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بوەتە شوێنی داڵدەدانی رێبەری نوێ ئەلقاعیدە و هاوکات وتوشیەتی: دەسەڵاتی ئەو وڵاتە سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم و هۆکاری تێکدانی سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.